كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگ ده‌درێ

 ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پڕۆژەیەك و دابینكردنی پارە بۆ کڕینی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، روونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات "پرۆژەكە گەرەنتیی خۆراك بۆ ساڵێك دەكات و رەچاوی سێ مانگیش بۆ یەدەگی خۆراك دەكات".

خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "پرۆژەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان لەلایه‌ن پەرلەمان پەسند دەکرێت، پڕۆژەیەكی گرنگە بۆ کڕینی بەشەخۆراکی مانگانە و پاڵپشتیكردن لە بەرهەمی جووتیاران".

زیاتر گوتیشی: "بەپێی ئەو پڕۆژەیە، حكوومەت پێنج ملیۆن تەن گەنم دەكڕێت، لەگەڵ كڕینی برنج لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، هەروەها پاڵپشتیی جووتیاران دەكرێت بە پێدانی پەینی كمیایی و كەرستەی كشتوكاڵی و پاڵپشتیی گەنمەشامی و چەند بوارێكی تر".

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بابەتە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، گوتیشی: "ئەو بابەتە خەرجیی حاكیمەیە و بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە، بەتایبەت بۆ بواری پسوولەی خۆراك و پاڵپشتیی كشتوكاڵ و جووتیاران".

پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان لە 10 ماددە پێکهاتووە و بودجەکەی 254 ترلیۆن دینارە، ئامانج لێی پڕکردنەوەی پێداویستیی دارایی خۆراک و کڕینەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و پارەدارکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانە، لەکاتێکدا پڕۆژەیاسای بودجەی 2022 پەسەند نەکراوە.

خەلیل دۆسكی روونی كردەوە، ئەو پڕۆژەیە نابێتە جێگرەوەی بودجە، بەڵام بە سێ مەرج پڕۆژەكە بەتاڵ دەبێتەوە، گوتیشی: "ئەگەر ساڵی 2022 تەواو بێ، ئەوە كاری پێناكرێت، هەروەها پڕۆژەی بودجە پێشكەش بە پەرلەمان بكرێت، ئەوا ئەو پرۆژەیە بكرێتە یاساش بەتاڵ دەكرێتەوە، هەروەها ئەگەر نرخی نەوت بۆ خوار 85 دۆلار دابەزێت، ئەوا كار بەو یاسایە ناكرێت".

ئاشكراشی كرد، ئەگەر كێشەیەك نەیەتە پێشەوە، دەبێت لەو ماوەیە پڕۆژەكە پەسند بكرێت،

دووپاتی كردەوە: "پرۆژەكە گەرەنتیی خۆراك بۆ ساڵێك دەكات و رەچاوی سێ مانگیش بۆ  یەدەگی خۆراك دەكات".

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوەش كرد، وەزارەتی بازرگانی بۆ کڕینی بەشەخۆراکی یەک مانگ، پێویستی بە 267 ملیار دینارە، گوتیشی: "بۆیە دەبێت پڕۆژەكە پەسند بكرێت، تاوەكوو كێشە لە بودجەی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دروست نەبێت".