كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەم هەینییە شەپۆلێكی دیكەی تۆزوخۆڵ عێراق دەگرێتەوە

دەستەی كەشناسیی عێراق ئاشكرای كرد، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی هەینیی داهاتوو شەپۆڵێكی دیكەی تۆزوخۆڵ عێراق بگرێتەوە.

كەشناسی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی ڕوون كردەوە، رۆژی پێنجشەممە كەشوهەوای ناوەراست و باشووری عێراق گۆڕانی بەسەردا دێت، بە جۆرێك بەیانییەكەی ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام ئێوارەی هەمان ڕۆژ دەبێتە تۆزوخۆڵبارین.

بەپێی راگەیاندراوەكە، ئەو شەپۆلەی خۆڵبارین شار و ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، بەڵام بەدوور نازاندرێت لە هەندێك شوێندا هەور و نمەباران بێت.

بە گوێرەی هەمان راگەیاندراوی دەستەی كەشناسیی عێراقی، ڕۆژی هەینی كەشوهەوای ناوەڕاست و باشووری عێراق خۆڵبارین دەبێت، هاوكات هەورەتریشقە و گەردەلوولیشی لەگەڵدا دەبێ و پلەكانی گەرماش بە چەند پلەیەك دادەبەزن.

ماوەیەكە شارەزایانی بواری ژینگە بەردەوام هۆشداری لە زۆربوونی ژمارەی ئەو ڕۆژانە دەدەن كە خۆڵبارین تێیدا لە عێراق ڕوودەدات. هەندێكیش لە دامەزراوە فەرمییەكانی عێراق پێشبینییان كردووە لە داهاتوودا بەهۆی چارەسەرنەكردنی هۆكارەكانی خۆڵبارینەوە، ساڵانە لە كۆی 365 ڕۆژ، زیاتر لە 300 رۆژ لە عێراقدا خۆڵبارین بێت.