كاتێك یەكێتی لە كەمالەوە گلۆر دەبێتەوە بۆ زیاد!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 10/05/2022

كاتێك یەكێتی لە كەمالەوە گلۆر دەبێتەوە بۆ زیاد!

زیاد جەبار كە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە پەرلەمانی كوردستان، لەناو دزی و مڵومووشی دەستڕۆییشتوانی حزبەكەی خۆی لە سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە و دەڤەری ڕاپەڕین و بۆ ئەوەی خەڵك چاویان لەسەر چڵپە و لێسەی ناو دزییەكانی داھاتی گشتی لە سلێمانی و ئیھانەكردنی مووچەخۆرانی ئەو دەڤەرە لابچێت كە خۆیان پێی دەڵێن (زۆنی سەوز،) ئەم فەرماییشتەی فڕێ داوەتە بازاڕ و دەڵێت: ”بەشێک لەو کێشانەی لە سلێمانی دروست کراوە دەگه‌ڕێتەوە بۆ ئەو فشارە سیاسی‌ و ئابووری و میدیاییەى لەسەر پارێزگاکە هەیە و یه‌ك وه‌زیریش ئاگادارى پرسى نه‌وت نیه‌ و هه‌موو بڕیاره‌كان ته‌نیا سه‌رۆكى حكوومه‌ت ده‌یدات!“

ئەم زیادە هەروەها دەشڵێت: ”ئێستا حکوومەت لەڕووی ئابووریەوە زۆر باشە و داهات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت زیادی کردووە، بەڵام داهاتی نەوت شەفاف نییە و حكوومەت جیاوازی دەكات لەنێوان پارێزگاكانی ھەرێمدا!“... هەر بەڕاستی خەریكە لەئاست ئەم قسانەی زیاددا نەزانم چی بڵێم! بەڵام با وا دەست پێبكەم:

ھەرچەندە یەكێتی دە پازدە ڕۆژ ھەندێك خەڵكی بە شتێكەوە مەشغووڵ كرد و ناویان نابوو (دیداری یەكێتی) و بێجگە لەوەی لەو دیدارەدا یەكتریان بینی و ھەندێك چاكوچۆنیی یەكتریان كرد، ئیتر كەس نەیزانی بە چیەوە لەو دیدارە دەرچوون! بەڵام خۆ قەت یەكێتی ناچێتە سەر ئەسڵی كێشەكانی خۆی و دیاریكردنی ھۆكارەكان و چارەسەری ڕیشەیی ئەو كێشانە، ئەوە بۆیە كۆنگرە لەدوای كۆنگرە و دیدار لەدوای دیدار ھەر پاشەكشە دەكات.

یەكێتی ئەگەر بیزانیایە، ئەوەی بەس بوو كە یەكێك لە ھۆكارە سەرەكییەكانی كێشەكانیان ئەوەیە كە تەنیا لەناو پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی لە كەسێكی وەك دكتۆر كەمال فوادەوە گلۆر بووەتەوە بۆ زیاد جەبار! لە حسێن عارفەوە گلۆر بووەتەوە بۆ عەباس فەتاح! لە مەلا بەختیارەوە گلۆر بووەتەوە بۆ كاروان گەزنەیی! لە شێخ سەلاحی حەفیدەوە گلۆر بووەتەوە بۆ باڵانبۆ محەمەد! لە عەدنان موفتیەوە گلۆر بووەتەوە بۆ عێزەت سابیر!

لەناو ئیدارەی سلێمانییشدا، لە جەمال عەبدوولەوە گلۆر بووەتەوە بۆ ڕێكەوت زەكی! لەناو سەركردەكانیشدا، لە مام جەلالەوە گلۆر بووەتەوە بۆ بافڵ تاڵەبانی و لە سەركردایەتیەكەشیدا لە فەرەیدوون عەبدولقادر و سالار عەزیزەوە گلۆر بووەتەوە بۆ شادمانی مەلاحەسەن و شێخ داود! ئەمە ئەمەیان... ئنجا:

1- ئەگەر یەكێتی لە كەمال فوادەوە گلۆر نەبووبێتەوە بۆ زیاد جەبار، باشە چۆن زیاد جەبار نازانێت كە ڕاپۆرتی لیژنەی ھاوبەشی فراكسیۆنە جیاجیاكانی پەرلەمان ھەیە كە سەردانی گشت مەرزەكانی ھەرێمی كوردستانیان كرد و لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە كراوە كە لە چ مەرزێك چی دەكرێت و چی ناكرێت؟

2- ئەگەر یەكێتی لە كەمال فوادەوە گلۆر نەبووبێتەوە بۆ زیاد جەبار، باشە چۆن زیاد جەبار نازانێت كە لە 16-3–2022 وەزارەتی دارایی زۆر بە ڕوونی و بە ئاشكرا و لە ڕاگەیەندراوێكیدا پێوەند بە كۆكردنەوە و خەرجكردنی داھاتی گشتی گوتی: ”بانكی ھەرێم لە سلێمانی، سەربەخۆیانە و بە ئارەزووی خۆی و بێ گوێدانە ڕێنماییەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی ڕەفتار دەكات و تەنانەت ئەو بانكە دەستی بردووە بۆ پارەی نەك داھاتی گشتی بەڵكوو دەستیشی بردووە بۆ پارەی تایبەتی ئەو ھاووڵاتیانەی كە لە ژمارە حسابیی شەخسیی خۆیاندا لە بانك دایانناوە؟“

3- ئەگەر یەكێتی لە كەمال فوادەوە گلۆر نەبووبێتەوە بۆ زیاد جەبار، باشە چۆن زیاد جەبار نازانێت كە چاوپێكەوتنێكی جێگری سەرۆكی حكوومەت قوباد تاڵەبانی لەگەڵ كەناڵێكی حزبیی خۆیان ھەیە كە دەڵێت: ”بەڵێ ئاگاداری دۆسیەی نەوتم؟“ خۆ ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە تیك تۆك كڵاشە دەكات.

4- ئەگەر یەكێتی لە كەمال فوادەوە گلۆر نەبووبێتەوە بۆ زیاد جەبار، باشە چۆن زیاد جەبار دەڵێت داھاتی نەوت شەفاف نیە لە كاتێكدا كاتژمێر 11ی 3–3-2022 سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەبارەت بە داھاتی نەوت لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ”لە سەدا 43ی بۆ كۆمپانیاكانی دەرھێنانی نەوت دەڕوات، لە سەدا 41ی بۆ مووچە دەڕوات، لە سەدا 7ی بۆ دانەوەی قەرزەكانە، لە سەدا 9یشی بۆ حەقی گواستنەوەیە“ ئەی باشە بۆچی دوای ئەوە جێگری سەرۆكی حكوومەت نەیگوت ئەو ژمارانەی كە سەرۆكی حكوومەت خستنیە ڕوو ڕاست نین؟ پێم بڵێن ئەم دووڕوویی و ساختەچێتیە چیە كە خووتان پێوە گرتووە؟

5- ئەگەر یەكێتی لە كەمال فوادەوە گلۆر نەبووبێتەوە بۆ زیاد جەبار، باشە كە زیاد جەبار دەڵێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جیاوازی لەنێوان پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستاندا دەكات، بۆچی زیاد جەبار نایەت ئەم جیاوازی و ناعەدالەتیەی حكوومەت بە ژمارە و بەڵگەی حاشاھەڵنەگری یاسایی بخاتە ڕوو؟ ئەی بۆچی جێگری سەرۆكی حكوومەت كە لە حزبەكەی زیاد جەبارە، ئەم ناعەدالەتی و جیاوازیكردنەی حكوومەت لەنێوان پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان كە لێرەدا مەبەستتان سلێمانیە، قبووڵ دەكات؟ دیسان پێم بڵێن ئەم دووڕوویی و ساختەچێتیە چیە كە خووتان پێوە گرتووە؟