كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کەرکووک.. بەرپرسێكی باج بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن دەستگیر كرا

دەستەی نەزاهەی عێراق ڕایگەیاند، لە کەرکووک بەرپرسێكی دەستەی گشتیی باج بە تۆمەتی بەرتیلوەرگرتن دەستگیر كراوە.

دەستەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، تیمێكی نووسینگەی لێكۆڵینەوە لە دەستەی نەزاهە، لقی کەرکووک، بەپێی یادداشتێكی دادگا، بەرپرسی هۆبەی خەمڵاندنی خانووبەرەیان لە دەستەی گشتیی باجی کەرکووک دەستگیر كردووە، دوای ئەوەی  سازشی لەگەڵ هاووڵاتییەك كردووە لەسەر بەڕێكردنی مامەڵەی هاووڵاتییەكە و داوای بەرتیلی لێ كردووە.

هەر لە بەیاننامەکەی دەستەی نەزاهەی عێراقدا هاتووە: لە لێكۆڵینەوە بەراییەكاندا دەركەوتووە، تۆمەتبارەكە سازشی لەگەڵ هاووڵاتییەك كردووە کە بڕی 20 هەزار دۆڵاری پێ بدات و ئەگەر هاووڵاتییەكە ئەو بڕە پارەیەی پێ نەدات، بڕی باجی ئەو دوو موڵكەی لە كەرتی شاترلوو هەیەتی، دووهێندە لەسەری زیاد دەكات. دواتر هاووڵاتییەکە سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە.

لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە: كرداری دەسگیركردنەكە بەپێی مادەی 307 لە یاسای سزاكان و بە دەلالەتی بڕیاری 160ی ساڵی 1983یە كە دەستبەسەرداگرتنی مامەڵەی هەردوو موڵكی ناوبراویش لەخۆ دەگرێت. دواتریش كۆنووسێك سەبارەت بە دۆسیەكە ئامادە كراوە و خراوەتە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی کەرکووک و ئەویش بەكەفالەت تۆمەتبارەكەی ئازاد كردووە.