كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 10/05/2022

کوشتنی گەنجێکێش لەسەر کۆمێنتێک، نەیهێنانە قسە!

لە ھەولێر، ڕەشەبایەک پەنجەرەی ماڵێک بەربداتەوە بە خەتای پارتیی دەزانن و لێی دەكەنە هەرا، کەچی گەنجێکی حەڤدە ساڵی لە چەمچەماڵ لەسەر تەنیا کۆمێنتێک، لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی یەكێتییەوە وەك باوكی دەڵێ بەبێ دادگایی رفێنراوە و زیندانی كراوە و دواتریش كوژراوە، هیچ كەس هەڵوێستێكی نیە لەو دەڤەرەی سەوزستان، وەك ئەوەی گەنجانی ئەو دەڤەرە خوێنیان حەڵاڵ بێت!

نووسەرە چالاكوانەكان، میدیاكارەكانی پەكەكە، کەمپینچیەكان، بارەگا و گرد و مەڵبەند و چاڤیلاندەكان، کەناڵ و میدیا و تۆپخانەکان! دەرکراوەکان و پەرلەمانتارە شکستخواردووەکان، ئیسلامی سیاسی، قەڵەمفرۆشەكان، مێشی ھەولێر دەکەنە گامێش و دەکەونە دەھۆڵكوتین، ئیتر بە مانگ و ساڵ ناوەستن و ساڵانەش یادی دەكەنەوە، لەو سلێمانییەش ئافاتی تاوان و گەندەڵی و قاچاخچێتی وەختە ئەو شارە غەرق بكات، كەچی جەماعەتی دەهۆڵكوت، مێش میوانیان نیە، سەرنج بدەن ئەمانە جورئەتیان نیە لێو لەیەك بدەن هەمبەر كوشتنی گەنجێكی كرێكاری تەمەن ١٧ ساڵ لەسەر کۆمێنتێک.

لە ھەولێر، كەسێك لەسەر جێگای خۆشی بمرێت قیژە قیژ و هاتوھاوار و موزایەدەی کەناڵ و میدیاكان و بەناو نووسەر و پەرلەمانتار و كەمپینچییەكانی سلێمانی دەگاتە حەوت تەبەقەی ئاسمان، دوو دراوسێ لەسەر كۆترێك بەشەڕ بێن، پارتی خەتابار دەكەن، باران نەبارێت دەڵێن خودا دەرگای ڕەحمەتی لە ئێمە گرتووە بەھۆی ستەمکاریی حکوومەتی ھەرێمەوەیە، دوو ئۆتۆمبێل لە یەك بدەن دیسان دەڵێن پارتی تاوانبارە، کەچی گەنجێک لە بەھاری تەمەنیدا لەسەر تەنیا کۆمێنتێک وەك باوكی دەڵێ، لای ئاسایشی یەکێتی کوژراوە، دەمدرێژەكانی كەسكستان فززەیان لێوە نایەت.

لە سەنتەری شاری سلێمانی، ھێزەکانی باڵە ناكۆكەكانی حزبی دەسەڵاتدار دەکەونە سەنگەرگرتن بەرامبەر یەکتر، کوڕی خەڵک بەکوشت دەدەن کەچی ئەمانە هەر نایەنە دەنگ، ڕۆژنامەنووس بە ژن و منداڵەوە تیرۆر دەکرێن لەناو جەرگەی سلێمانی، ئەمانە ھەر نایەنە دەنگ، لە ڕکابەری لەسەر پۆست و دەسەڵات، ھێز و چەکی خۆیان نماییش دەکەن یەکێكیان لە گرد ئەوی تر لە ھوتێل، کەچی قارەمانانی پشت مایكەكان ھەر نایەنە دەنگ و جارێك ناڵێن: لەل!

سلێمانی پڕ بووە لە هێزی دەمامكداری جیاواز و ناكۆك، گەلێ جار لە نیوەشەودا خەڵک بە دەنگی گوللەی دۆشکە و بیکەیسی رادەچڵەكن و بۆ سبەی كەس ناڵێ چی رووی داوە، ئەفسەری پۆلیس دەكوژرێ، ئەندامی سیكویرتی گوندی نیشتەجێبوون دەكوژرێ، خێزانێك لە بەیانی جەژندا كۆمەڵكوژ دەكرێن، سەردەستەی پاسەوانانی سەركۆمار و سكرتێری گشتیی كۆچكردوو لەنێو ماڵەكەی خۆیدا تیرۆر دەكرێت، مامۆستای ئایینی بەرشەق دەدرێت، دیسان چالاكوانان و كەمپینچییان و پەرلەمانتارە دەم بەكەفەكانی سلێمانی بە ئیسلامی و چاڤیلاندی و یەكێتی و عەلمانیەوە، دەنگیان لێوە نایەت، كەس كەمپین ناكات و كەس بەیاننامە دەرناكات و كەس لەئاست ئەو رووداوانە ناڕەزایی دەرنابڕێت، هەموویان دەمیان بووەتە تەڵەی تەقیو.

ئەو گەنجە حەڤدە ساڵیەی چەمچەماڵ ئەگەر لە ھەولێر بەو شێوەیە بکوژرایە، رێكخراوەكان، سەنتەرەكان، میدیا سەربەخۆكان! كەمپینچییان، چالاكوانان، پەرلەمانتارە قارەمانەكان! حەڤدە ساڵی تر باسیان دەکرد و یادیان دەكردەوە، بەڵام یەك پیاوی مەردیان تیا نەبوو حەڤدە چركە وەك هاوسۆزی لەگەڵ باوكی ئەو كوڕە گەنجە كوژراوەدا بوەستێت، دەبێ هەموو خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین ئەو راستیە بزانن، كە ئەوانەی بۆ هەموو رووداوێكی هەولێر هاواریان لێ هەڵدەستێ و لەئاست هیچ رووداو و تاوانێكی نێو سلێمانی و دەسەڵاتدارانی سلێمانیدا، نققەیان نایەت، ئەوانە كۆیلەی راستەقینەن دەبێ لە هەڵبژاردنەكاندا ریسوایان بكەن و ئەم رووداوانەیان وەبیر بهێننەوە.