یهكێك لهو دیاردانهی لە پانتایی گشتیی هەرێمی کوردستان مایەی تێڕامان و سەرنجە، بوونی پرسی (خۆ-جاڕدانی زاتییانهی پیشهییه.) مهبهست لە خۆجاڕدانی زاتیانهی پیشهیی: بریتییه له پرۆسهیهك تێیدا كهسانێك بهبێ هیچ دانپێدانانێكی دهستگایی و هیچ شهرعیهتێكی زانستی، خۆیان وهكوو؛ پیشهمهند، یان پسپۆڕی فڵان و فڵان بوار بەیان دەکەن.
پرۆسهی خۆبهیانكردن، یان خۆ-جاڕدان، وهك پسپۆر به شێوهیهكی زاتی و بهدهر له دهستگا و ڕێكاره یاسایی و ئسووڵی و حکوومییەکان، بووەته دیاردهیهكی بهرچاو و زهق لە هەرێمی كوردستان.
ئەم دیاردە مەترسیدارە، بەشێک لە جووڵە و ئاکتی کولتووری و ڕۆشنبیری لە پانتایی گشتی هەرێمی کوردستان داگیر کردووە کە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ناوەندی ئەکادیمی و پڕۆسەی بەرهەمهێنانی زانین، ئەمەش فاکتەرێکە کە ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا بەرەو داڕزان و داڕمانی گەورە دەبات.
ڕۆژانە لە "پانتایی گشتی" و "فەزای ڤێرتوێل- مەجازی"یدا. خۆنماییشکردنی کەسانێک دەبینین لەژێر ناونیشانی زانستی و ئەکادیمیدا، بەبێ ئەوەی هیچ شەرعییەتێکی زانستی و دەزگاییەکی ئەکادیمی خۆیان وەکوو؛ ڕۆژنامەنووس، چاودێری سیاسی، توێژەی کۆمەڵایەتی بەیان کردووە و قسە دەكەن و دەنووسن و ئاکت و کرده دەنوێنن.
ئەمە دیاردەیەکی مەترسیدارە، کە ئاسەواری نێگەتیڤ لەسەر سیۆسیۆلۆجیای جەماوەر و "بەهای زاتیانەی پیشەیی" بەجێ دەهێڵێت.
کەسانێک بەبێ ئەوەی خاوەنی پاشخانی زانستی و سەرمایەی کولتووری بن، لە پانتایی گشتیدا دەرکەوتوون. مەبەست لە سەرمایەی کولتووری لە ڕوانگەی (پیەر بۆردیۆ)وە بریتییە لە کۆی ئەو پاشخانە کولتوورییەی مرۆڤ هەیەتی، وەکوو (پاشخانی زانستی، کتێبخانە و کەرەستەی کولتووری، شەرعیەتی دەزگایی زانستی و بڕوانامە و خەڵات... هتد)
ڕۆژانە کەسانی ناپسپۆڕ و کەسانی نائەکادیمی و كەسانی بێئەزموون و ناقاڵبوو دەبینین لەژێر ناونیشانی (ڕۆژنامەنووس!) خۆیان بەیان دەکەن، لە کاتێکدا هیچ شەرعییەتێکی زانستی و ئەکادیمی و دەزگاییان نیە و بەهای زاتییانەی پیشەی ڕۆژنامەوانیان بەرەو داڕمان و داڕزان بردووە.
بۆ نموونە؛ لە سۆشیاڵ میدیای کوردی کەسێک بە ناوی (قاف نوون) \ناوی تەواو نانووسم، تا كەیفی پێنەیەت و خۆیی پێ بەناوبانگ نەكات\ سەرقاڵی خۆجاڕدانی پیشەییە و لەژێر ناونیشانی (ڕۆژنامەنووس!)دا، سەرقاڵی بێبەهاکردنی پیشەی ڕۆژنامەوانییە.
ئەو هیچ شەرعییەتێکی دەزگایی و زانستیی نیە و خۆی وەکوو (ڕۆژنامەنووس!) بەیان کردووە، تەنانەت چوار دێڕی رێكوپێی قسەكردن نازانێ، لە کاتێکدا ڕۆژنامەنووس پێویستە لە ڕێگەی دەزگای زانستی و ئەکادیمی و هەروەها ئەزموون و قاڵبوون لە دەزگا میدیاییەكاندا، شەرعیەتی وەربگرێت تا ببێتە خاوەنی سەرمایەی کولتووری، نەك خۆی جاڕی بۆ بدات!
خۆ ڕەنگە ئەم (قاف نوون)ە ناسنامەیەكی رۆژنامەنووسیشی لەباخەڵدا بێت، بەڵام ئەو سەرقاڵی بێبەهاکردنی پیشەی ڕۆژنامەوانییە. بۆ نموونە؛ ئەو سەرقاڵی سیخووڕیکردن و تۆماکردنی پەیوەندیی تەلەفۆنی و بڵاوکردنەوەی دەنگی خەڵکێكە، بەبێ ڕەزامەندی وەرگرتنی ئەو کەسەی دەنگی بڵاو دەکاتەوە.
ئەو بەبێ ئەوەی شارەزایی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و پراکتیکی تیۆرییەکانی ڕۆژانەوانی بێت، خۆی وەکوو؛ ڕۆژنامەنووس بەیان کردووە، بە مەبەستی بێبەهاکردنی زاتیانەی پیشەیی، كەچی لە راستیدا تۆمارکردنی دەنگی خەڵک و چاودێرکردنی جووڵەی خەڵک، پیشەی دەستگای هەواڵگری و سیخووڕییە نەک ڕۆژنامەوان.
بە کەسێک دەگوترێت ڕۆژنامەنووس کە ئەزموونی قووڵی كار و شەرعییەتی دەزگایی هەبێت، یان بە فلتەرەکانی ئەکادیمیادا تێپەڕیبێت و بەراستی كاری رۆژنامەوانی بكات، وەکوو؛ کارکردن لە میدیایەک، یان هەبوونی پسپۆڕی و بڕوانامە لە بواری ڕاگەیاندندا.
گرفتی تاکی کورد، ئەوەیە هەر کەسێک هەڵدەسێت بەیانی ناونیشان دەکات و ناونیشان بۆ خۆی دادەتاشێ.
ئەو (قاف نوون)ەی باسی دەكەم، نموونەیەکی زیندووە لەو كەسانە، هیچ ئەزموون و هیچ پسپۆڕییەکی نیە، هیچ لە ئەتەکیەت و ئاكاری رۆژنامەوانی و میدیاكاری نازانێ و بەیانی ناونیشان دەکات.
لە چوارچێوەی هیچ یاسایەکدا، ڕۆژنامەنووس مافی بڵاوکردنەوە و تۆمارکردنی دەنگی کەسی نیە، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی كەسی قسەكەر یان خاوەن دەنگەكە، تەنانەت دامەزراوە دەوڵەتییەکانیش مافی لەکەدارکردنی هیچ کەسێکیان نیە.
ئەوەی (قاف نوون) دەیکات، پیشەی دەزگای هەواڵگری و دەزگا سیخووڕییەکانە، نەک كاری ڕۆژنامەوان. پرسەکە ئەوە نیە دەنگی کێ بڵاو دەکاتەوە و لەسەر چی دەدوێت، ستەمکار یان تاوانبار یان هەر کەسێکی تر. پرسەکە لەکەدارکردنی ناونیشانی ڕۆژنامەنووسە، لە لایەن کەسێکی ناپسپۆڕەوە کە جاڕی ناونیشان دەکات بە مەبەستی بزنس لە پانتایی سیاسییدا.
بە بڕوای "بوردیۆ" سیۆسیۆلۆگی فەڕەنسی، یهكێك له دهسهڵاته ههره بهرچاوهكانی دهوڵهت جڵهوكردنی كایهكانی ئیداری، قوتابخانه، دین، سیاسی...هتد. دهوڵهت ههم كۆنترۆڵی چوونهژوورهوهی نێو ئهم كایانه دهكات، ههم پرۆسهی گواستنهوه و هاموشۆكردنی نێو كایهكان و هاوكات نرخ و بههای سهرمایهكانی نێو ئهم كایانه دەپارێزێت. لێ له ههرێمی كوردستان كایهی پیشهكان له دۆخێكی شلدا دهژین و ڕێسا و قانووكانیان دووچاری تا ڕادهیهك تووشی ههڵوهشاندنهوه بوونه.
ئا لەم حاڵەتانەدا، بەهای بیرکردنەوەی زانستییانە هەرەس دەهێنێت و لە پانتایی گشتیدا، زمانی بازاڕ و سووکایەتیکردن و تەخوین، دەبێتە زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ. بۆ نموونە: لەم ڕۆژانەدا، لە یەکێک لە میدیا حزببیەکانی باشووری کوردستان، کەسێک بە ناوی (ها میم) كە سەرە واوی لە دەما نیە و ئەوەی لێی نەزانێت كاری رۆژنامەوانیە، كەچی خۆی وەکو (ڕۆژنامەوان!) جاڕ داوە و سەرقاڵی بێبەهاکردنی پیشەی ڕۆژنامەوانیە و لە ڕێگەی توندوتیژیی سیمبولی و خاڵیکردنەوەی مۆتیڤە دەروونیەکانییەوە، بە زمانی بازاڕ و دوور لە ئەتەکیەتی میدیا و پیشەی زاتیانەی ڕۆژنامەنووس گفتوگۆ دەکات و بە میوانەکەی دەڵێت: ”لە ڕقی ئێوە شانازی بە فڵانە گرووپەوە دەكەم“... پەححح لەم رۆژنامەنووسە.
ئەم (ها میم)ە، مۆتیڤێکی دەروونییە و ئەم گوتارەشی دەچێتە چوارچێوەی کۆنسێپتە دەروونییەکانەوە و لە چوارچێوەی کار و کاردانەوەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، نەک لێڕامان و بیرکردنەوەی لۆژیکی و پێشکەشکردنی ئارگۆمێنتی کامڵ.
جەریدەباز و جەریدەنووسی کورد، بەبێ شەرعیەت وەرگرتنی دەزگایی و ناوەندی ئەکادیمی بەیانی ناونیشانی خۆی وەك (رۆژنامەنووس!) دەکات، كەچی ناتوانێت لە چوارچێوەی زمانی ئەکادیمیا و زمانی لۆژێک و زمانی زانستیدا ڕابمێنێت.
کاتێک ئەو (ها مبیم)ەش كە دەزانم كەیفی پێدێ بۆیە ناوی ناهێنم، لە ڕقی بەرانبەرەکەی کردە دەنوێنێت، پێمان دەڵێت: ”ئەوە بۆ من گرنگ نیە، فڵانە گرووپی چەكدار چیە و چۆنە! بەڵکوو لە ڕقی ئێوە خۆشمدەوێت، خۆ ڕەنگە لە داهاتوودا گرووپێکی تیرۆریستی و لایەنێکی فاشیستی دژ بە نەتەوە و شوناس و ناسنامەی کوردبوونمان خۆشبوێت، ئەویش هەر لە ڕقی لایەنێکی تر.“
لە شوێنێکی تردا، (ها میم) بە بەرانبەرەکەی دەڵێت: ”ڕووی ئەو قوتابیانەش ڕەش بێت کە تۆ وانەیان پێ دەڵێیت!“
ئاخر کاتێک بە فلتەری ناوەندەکانی ئەکادیمیا و دەزگاییدا تێناپەڕیت و بەیانی ناونیشان دەکەیت و بێئاگاش بیت لە ئیتیکی ڕۆژنامەوانی و پڕاکتیکی میدیای، ئاساییە بە زمانی چایخانە و حەی سناعە و بازاڕ گفتوگۆ بکەیت.
ئەمەش دیاردەیەکی ترسانەکە و بەهای زاتیانەی پیشەیی و بەهای زانستی لە کۆمەڵگادا بەرەو داڕزان دەبات، ئەگەر حکوومەت لەڕێگەی جومگەکانی دەسەڵاتەوە جڵەوی ئەم دیاردەیە نەکات، مەترسی گەورە لەسەر کۆمەڵگا دروست دەبێت.
بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان، کۆمەڵێک کەسی ناپسپۆڕ و نائەکادیمی و بێئەزموون، جڵەوی پانتایی گشتییان کردووە و تەنانەت لە سۆشیاڵ میدیا و پەیج و ئەکاونتی ساختە و سێبەرەوە، نەزانی بەرهەم دەهێنن، لە ڕێگەی ناونیشانی گەورە گەورەوە سنووری هەموو کۆدە مۆڕاڵی و کولتووری و نەتەوەییەکان دەبەزێنن و بە ئاراستەیەکی نێگەتیڤ کار لەسەر بەرهەمهێنانی نەزانی و هەواڵی نادروست و تێکدانی ئاسایشی هاووڵاتیان و ئارامیی دەروونیی خەڵك دەکەن.