لە شاری كەركووك بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كەركووك چەكی كرێی خوێندن و هاتوچۆ و نیشتەجێبون دەداتە كچ و كوڕ و خێزانی شەهیدان.
لەم بارەیەوە لە ئاگادارینامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە و بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كەركووك ڕایگەیاندووە: ئەمڕۆ سێشەممە 10ی 5ی 2022 ئەو كچ و كوڕ و خێزانانەی شەهیدان و ئەنفالكراوانەی كە قوتابی بوونە و ناویان لە لیستەكاندا هاتووە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كەركووك بكەن لە گەڕەكی شۆراو.
ئەوەش خراوەتە ڕوو: كەسەکە دەبێت تەنیا خۆی بێت و پەنجەمۆر بكات بۆ وەرگرتنی چەكی كرێی خوێندن و هاتوچۆ و نیشتەجێبون.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگای وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ساڵانە كرێی خوێندنی قوتابییانی كچ و كوڕی شەهیدان و ئەنفالكراوان دابین دەكات.