كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وادەیەک بۆ لێخۆشبوون لە قەرزێکی سەر هاووڵاتییان ڕاگەیاندرا

دواوادە بۆ سوودمەندبوون لە داشكاندنی كرێی بەستنی پێوەری ئاو دیاری كرا و بەرپرسێکیش ئاشکرای کرد، ئەگەر تا کۆتایی ساڵ هەر هاوبەشێک پێوەر ببەستێت، لێخشبوونی قەرز دەیگرێتەوە.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڵاوی کردەوە: "بە گوێرەی دوایین ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ئێستاوە تاوەکوو ڕێكەوتی 21ی 12ی 2022 هەر هاووڵاتییەک ئەگەر پێوەری ئاوی نەبەستاوە و ئێستا بیبەستێت، سوودمەند دەبێت لە داشکانی کرێی ئەو مانگانەی لە سەریەتی، کە پێشتر بڕی 80 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا كراوە به‌ 20 هەزار دینار بۆ ناوەوەی شارەكان و هەروەها بڕی 10 هەزار دیناریش بۆ دەرەوەی شارەکان دیاری كراوە، بە پێچەوانەوە ئەگینا بڕی هەشتا هەزار دینار مانگانە ئەژمار دەکرێت".

ئەوەش خراوەتە ڕوو بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە هاووڵاتییان دەكات كە بە زووترین کات سەردانی یەکێک لە بنکەکان بکەن و مامەڵەی پێویست بۆ بەستنی پێوەری ئاو بکەن، بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند بن.

لە ماوەی پێشوودا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا چارەسەركردنی گرفتی نەبەستنی پێوەری ئاوی خواردنەوەی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە ڕاگەیاند و جەختی كردەوە كە ئەوانەی لە دەرەوەی شارەكانن نرخی بەستنی پێوەر لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار و بۆ سەنتەری شارەكانیش لە 80 هەزارەوە بۆ 20 هەزار دینار كەم دەكەینەوە و ئەم بڕیارەش لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دراوە.

ئاری ئەحمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "مەرجی جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی كرێی ئاوی ماڵان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە و پارەیەكی زۆر قەرزارن، ئەوەیە كە دەبێت هاوبەشەكە پێوەری ئاو ببەستێت، ئەگەر تا کۆتایی ساڵ لەو ماوەیەدا هەر هاوبەشێک پێوەر ببەستێ لێخشبوونەکە دەیگرێتەوە ".

سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گوتی: "هەریەكێك پێوەری نەبێت، سەردانی فەرمانگەكانی ئاو دەكات ئەوكات پێوەری بۆ دەبەسترێت و دەخرێتە نێو سیستەم، كاتێك خرایە نێو سیستەم ئەوە پسوولەیەكی بۆ دەكرێت، هەموو ئەوەی پێشووی كە بە 80 هەزار دیناری مانگانە بۆ ئەژمار كراوە ئەگەر لەنێو شار بێت دەكرێتە 20 هەزار دینار و ئەگەر لە دەرەوەی شار بێت ئەوە دەبێتە 10 هەزار دینار".

ئەگەر كەسێك لەنێو شار ساڵێك پێوەری نەبەستبێت و 960 هەزار دینار قەرزار بێت ئەوە دەبێـە 240 هەزار دینار، كەسێكیش لە دەرەوەی شار پێوەری نەبووبێت ئەوە پارەی ساڵەكەی لە 960 هەزار دینارەوە دەبێتە 120 هەزار دینار.

ئاری ئەحمەد ئەوەی خستە ڕوو: "هەركەسێك پێوەر نەبەستێت ئەوە قەرزەكەی هەر لەسەر دەمێنێت و مانگانەش 80 هەزار دینارەكە بەردەوام دەبێت''.

بەرپرسەكەی ئاو باسی لەوەش كرد، شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكان و پیشەوەر و كاسبكار و نۆڕینگەكان و چەند شوێنێكی تر، لە بڕی 200 هەزار دیناری مانگانە دەبێتە 120 هەزار دینار و گوتیشی: "زیاتر لە 300 هەزار هاوبەش پێوەریان نییە، ئامانجمان لەو بڕیارە هەم بارسوككردن و هاوكاریكردنی هاووڵاتییانە و هەم هەموو لایەك پێوەری هەبێت".

ملیۆنێك هاوبەشی ئاو لە هەرێمی كوردستان هەیە و لە كۆی ئەو ملیۆنە 70% یان پێوەری ئاویان بەستووە.