كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هۆشیار عەزیز 10/05/2022

ئەوەی لە سلێمانی روو دەدا، خەتای كێیە؟

ئەوەی لە سلێمانی ڕوو دەدات، بەرئەنجامی هەوڵەكانی کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەگەر و شارچیی نێو یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو بوو کە پێداگرییان دەکرد و دونیایان هێنابووە سەر هاتوهاواری گیرفان جیاکردنەوە و لامەرکەزییەتی ئیداری و دارایی، ئەوان بوون خەڵک و بڕیاربەدەستانی یەکێتییشیان (بەتایبەتی تیمی یەكێتی لە حکوومەت)یان هێنایە سەر ئەو قەناعەتە کە ئەگەر یەکێتی و موشتەقاتە حزبیەکانی (گۆڕان - یەکگرتو - کۆمەڵ - نەوەی نوێ) پارتی ناچاری رێکەوتن بکەن بۆ لامەرکەزییەتی دارایی و ئیداری، ئەوە زۆنی ئەملا رزگاری دەبێت و دەکەوێتە خۆشگوزەرانیەوە و رۆژ دوای رۆژ سەوزتر و گەشتر دەبێت! زۆنی ئەولاش رۆژ دوای رۆژ زەردتر دەبێت تا دەگاتە وشکبوون!

ئەوان وایان لە بڕیاربەدەستانی خۆیان گەیاندبوو کە ئەوە زۆنی ئەملایە پارە پەیدا دەکات و زۆنی ئەولایە خەرجی دەکات، تا دواجار بڕیارە هەڵەکەیان بە کاک قوباد تاڵەبانی دا و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووریی هەرێم، رێکكەوتننامەی لامەرکەزییەتی ئیداری و ئابوورییان ئیمزا کرد، کە بەپێی ئەو ڕێكکەوتنە، هەر پارێزگایەک لە داهاتی ناوخۆیی خۆی و سنوورەکانی، تەکمیلەی ئەو باقیە بکات کە پێویستە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و مەسرووفاتی دیکەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکەیدا.

ئێستاش کە رێكکەوتنەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە، دەرئەنجامەکەی دەبینین کە هەولێر و دهۆک کێشەی تەکمیلەکردنی پارەی مووچەیان نیە و سلێمانی و دەوروبەریشی، تووشی خراپتریین دۆخی بێمووچەیی بوون، بۆیە ئەم دۆخە تەنیا و تەنیا بڕیاربەدەستانی یەکێتی و ئەو کەسانە لێی بەرپرسن کە بە هاتوهاواری هەرێمگەرایی و ناوچەگەرێتی و شارچێتیەوە مێشکیان بردبووین.

تێبینی:
- جا ئەوە داماوێکی نەگبەت هەیە ناوی (بەیارە)١٠ ساڵە ئیش و کاری ئەم نەگبەتە ئیمزا کۆکردنەوەیە بۆ بەهەرێمکردنی سلێمانی و دەوروبەری، هیوادارم ئێستا کە ئەم دۆخەی مووچەخۆرانی سلێمانی دەبینێت، بیرێک لە خۆی بکاتەوە!

- ئەو سەردەمە بەسەر چوو خەڵک بەوە چەواشە بکرێت کە ئەگەر لەسەر جادە چاڵێک هەبوو بڵێن خەتای پارتیە! نەخۆشێک لە نەخۆشخانە جارەسەر نەکرا خەتای پارتیە! بەشەناوخۆییەک ئاوی گەرمیان نەبێت خەتای پارتیە! دوو ئوتومبێل بەیەکدا دەکێشن خەتای پارتیە! ئیتر خەڵک هۆشیار و بەرچاوڕوونن، راستەوخۆ پەنجە دەكەن بە چاوی خەتاباری راستەقینەدا، ئەمە ئەو ئاستەیە لە هۆشیاریی خەڵک کە پێویستە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەم وڵاتەدا، بێگومان لەولاش خەڵک لەسەر کەموکوڕییەکان و خراپ حوکمڕانیکردن دەبێ پەنجە بكەن بە چاوی خەتاباری راستەقینەدا.