مۆسکۆتایمز: ڕووسیا هێزەکانی لە سووریا دەکێشێتەوە و بنکەکانی بە سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مۆسکۆتایمز: ڕووسیا هێزەکانی لە سووریا دەکێشێتەوە و بنکەکانی بە سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان دەدات

ئیسرائیل ''توێژینەوەی ورد'' لەم ڕاپۆرتە دەکات

ڕۆژنامەی ''مۆسکۆتایمز'' کە ڕۆژنامەیەکی ئینگلیزیزمانی ڕووسیایە، لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاندووە، ڕووسیا خەریکی کێشانەوەی هێزەکانییەتی لە سووریا و بنکە سەربازییەکانیشی بە سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان دەدات. ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکەن کە حکوومەتی وڵاتەکەیان سەرقاڵی تاوتوێی ئەم ڕاپۆرتەیە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ''مۆسکۆتایمز''، ڕووسیا بە مەبەستی بەهێزکردنی هێزە سەربازییەکانی لە ئۆکراینا دەستی کردووە بە کێشانەوە هێزەکانی لە سووریا.

ڕۆژنامەی ''تایمزی ئیسرائیل''یش بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکەی ''مۆسکۆتایمز'' ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە یەکینە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا، پێش ئەوەی ڕاستەوخۆ بگوازرێنەوە بۆ ئۆکراینا، گوازراونەتەوە بۆ سێ فڕۆکەخانە لە دەریای ناوەڕاست کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو شوێنانەوە نییە.

حکوومەتی سووریا هاوپەیمانی سەرەکیی ڕووسیایە و لە ساڵی 2015ـوە کە ئەو وڵاتە لە گەرمەی شەڕی ناوخۆییدا بوو، چەندان بنکەی ئاسمانیی لە بەردەستی ڕووسیا داناوە و فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا لەو بنکانەوە هێرشیان دەکردە سەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە چەندین شاری سووریا کە لەو هێرشانەدا سەدان کەس کوژراون.

ڕۆژنامەی ''مۆسکۆتایمز'' جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی ڕووسیا پاش کشانەوەیان، بنکەکانی خۆیان لە سووریا بۆ باڵی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی حزبوڵای لوبنان بەجێ دێڵن.

ئیسرائیل ''توێژینەوەی ورد'' لەم ڕاپۆرتە دەکات

لەم بارەیەوە، ''میدڵ‌ئیست‌نیوز'' ڕایگەیاندووە کە ڕۆژی دووشەممە 9/5/2022 ''ڕادیۆ ئیسرائیل'' باسی لەوە کردووە کە حکوومەتی وڵاتەکەی دەستی کردووە بە ''توێژینەوەی ورد'' دەربارەی ئەم ڕاپۆرتە و ''تایمزی ئیسرائیل''یش نووسیویەتی: ''ئەم پڕۆسەیە دەتوانێت کێشە و گرفت بۆ ئیسرائیل بنێتەوە''.

ڕادیۆ ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاربەدەستانی وڵاتەکەی زۆر نیگەرانن لەوەی کە بە دەرچوونی هێزەکانی ڕووسیا لە سووریا، هێزە سەربازییەکانی ئێران، یان گرووپە میلیشیاییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران جێگایان بگرنەوە.

بەپێی زانیارییەکان، ڕووسیا 12 بنکەی سەربازیی لە سووریا هەیە و کۆشکی کرملین پێشتر ڕایگەیاندووە کە 63 هەزار هیزی سەربازییان بۆ سووریا ناردووە.

تایمزی ئیسرائیل نووسیویەتی، ئیهوود یەعری، پسپۆڕی کاروباری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم بارەیەوە بە کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، ئێران بەبێ کاریگەریی و نفووزی ڕووسیا لەسەر دیمەشق، بە ئاسانی دەتوانێت هێزەکانی بەرێتە ناو سووریا و نفووزی خۆی لەسەر حکوومەتی دیمەشق زیاتر بکات.

ئەو پسپۆڕە گوتوویەتی، ڕووسیا تا ئێستا سەرباری ئەوەی کە لە سووریا لەگەڵ ئێران هاوکاریی هەبووە، بەڵام بەردەوام هەوڵی داوە نفووز و کاریگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر سوپای سووریا و دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە کەم بکاتەوە، بۆیە دەرچوونی ڕووسیا لە سووریا دەبێتە هۆی نیگەرانیی ئیسرائیل.

ڕادیۆ ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەفەری لەناکاوی بەشار ئەسەد، سەرکۆماری سووریا بۆ تاران و دیداری لەگەڵ کاربەدەستانی ئێران نیگەرانییەکانی ئیسرائیلی زیاتر کردووە. 

بەشار ئەسەد ڕۆژی یەکشەممە 8/5/2022 بە سەفەرێکی لەناکاو و ڕانەگەیەندراو گەیشتە تاران و لەگەڵ عەلی خامنەیی و ئیبراهیم ڕەئیسی کۆ بووەوە. لە ساڵی 2011ـوە کە جەنگی ناوخۆیی لە سووریا سەری هەڵداوە، ئەمە دووەمین سەفەری بەشار ئەسەدە بۆ تاران و دیداری لەگەڵ خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەکوو گرنگترین هاوپەیمانی سووریا لە ناوچەکەدا.