نەك هەر مووچەیان نیە، هیچیان نیە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 09/05/2022

نەك هەر مووچەیان نیە، هیچیان نیە!

لە ھەولێر دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی 4 كراوە، بەڵام ھێشتا لە سلێمانی مووچەی مانگی 3 ھەر ئەمڕۆ بە سبەینێیەتی، ھەر بەم ھۆیەوە ئەمڕۆش لە سلێمانی و ھەڵەبجە خۆپێشاندانی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانكۆ بۆ وەرگرتنی مووچەی مانگی 3 بەردەوامە، بەشێكیش لەو مامۆستایانە دەڵێن: ”ئەوەی لەگەڵ ئێمە دەیكەن، شكاندنی كەرامەتی مرۆڤی كوردە.“

ئەوپەری ڕێزم بۆ ئەو مامۆستا ئازیزانە، چونكە لانی كەم خۆم لە سەرەتاییەوە ھەتا تەواوكردنی زانكۆ 16 ساڵ پەروەردەی دەستی مامۆستام، بەڵام شكاندنی كەرامەتی مرۆڤی كورد لە مووچەپێنەدان و مووچەدواخستنی مووچەخۆران لەلایەن دەستڕۆییشتووانی یەكێتی لە سلێمانیەوە دەستی پێنەكردووە، بەڵكوو لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و ئەو كاتەی گرووپە خائینەكەی ناو یەكێتی نیوەی باشووری كوردستانیان تەسلیم بە میلیشیا داگیركەرەكانی كوردستان كرد، ھەر ئەو كاتە ئەو گرووپە كەرامەتی خۆیان و بەشێك لە پێشمەرگەی كوردستان و بەشێك لە خەڵكی كوردستانیان شكاند.

ئاخر ئەگەر یەكێك خاك تەسلیم بكات، ئیتر مووچەنەدان چیە لەچاو خاك تەسلیمكردندا؟ كە لە ئۆكراینا سەیری زیلینیسكی دەكەم و لەملاشەوە و لای خۆمان سەیری گرووپە خیانەتكارە دز و قاچاخچیەكەی ناو یەكێتی دەكەم، دەزانم چی بەو گرووپە بڵێم، بەڵام نازانم چی بە خۆم بڵێم؟ ئەگەر ئۆكراینیەكم بینی، ڕووم دێت بڵێم لە ھەولێرم، بەڵام لەبەر دەسەڵاتداریی ئەو گرووپە خیانەتكارە دز و قاچاخچییەی یەكێتی لەو شارەدا، چۆن ڕووم بێت بڵێم لە سلێمانیم؟

عەیبی یەكێتی ھەر ئەوە نیە كە بەشێك لە داھاتی گشتیی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕین دەدزێت و مووچەی مووچەخۆرانی بەو دەردە بردووە كە ھەموان دەیبینین، خۆزگە ھەر ئەمە عەیبی یەكێتی بوایە. ھەرچەندە زۆر ناخۆش و كاریگەرە بەڵام ئێستا ئەو شوێنانەی كە یەكێتی ئیدارەیان دەدات مووچە نادات بۆ مووچەخۆران و دەڵێن مووچەمان نیە بتاندەینێ! بەڵام ئێوە واز لە مووچەش بێنن و وەرن پێم بڵێن ئایا یەكێتی چیی ھەیە؟

1- ئایا یەكێتی قەزییەی سیاسیی ھەیە؟ ئەگەر یەكێتی قەزییەی سیاسیی ھەیە، كوا ئەو قەزییە سیاسییەی یەكێتی؟ حەز دەكەم بزانم!

2- ئایا یەكێتی فكری سیاسیی ھەیە؟ ئەگەر یەكێتی فكری سیاسیی ھەیە، كوا ئەو فكرە سیاسییەی یەكێتی؟ حەز دەكەم بزانم!

3- ئایا یەكێتی بەرنامەی سیاسیی ھەیە؟ ئەگەر یەكێتی بەرنامەی سیاسیی ھەیە، كوا ئەو بەرنامە سیاسییە؟ حەز دەكەم بزانم!

4- ئایا یەكێتی سەركردەی سیاسیی ھەیە؟ ئەگەر یەكێتی سەركردەی سیاسیی ھەیە، كوان ئەو سەركردانە؟ حەز دەكەم بیانناسم، بەڵام سەركردەی سیاسی دەڵێم ھا!

5- ئایا یەكێتی سەركردایەتیی ھەیە؟ ئەگەر یەكێتی سەركردایەتیی ھەیە، كوا ئەو سەركردایەتیە؟ حەز دەكەم بیانناسم، سەركردایەتی دەڵێم ھا نەك ئەوانەی پەلاماری مەلا عومەری دارەتوویان دا!

6- ئایا یەكێتی كەسانی ئیداریی باڵا و شارەزایان ھەیە و لە كاری بەڕێوەبردنی داوودەزگا حكوومیەكاندا بوونەتە نموونە لە جیھاندا؟ ئەگەر یەكێتی ئەم جۆرە كەسانەشی ھەیە، حەز دەكەم بیانناسم! كەسانی ئیداریی نموونەیی دەڵێم ھا نەك ئەوانەی جگەر و دووگ و سەروپێی خراپ بوو لە مەرزەكانەوە دەھێنن و دەرخواردی خەڵكی دەدەن، واتە من مەبەستم ئیدارەی شارە نەك ئیدارەی جگەر و سەروپێی خراپبوو!

لەو بڕوایەدام ئەگەر یەكێتی ئەوانەی ھەبوایە كە لەو 6 خاڵەی پێشەوە ئاماژەم پێ دان، ئەو كاتە ئەسڵەن ھەر دزیی نەدەكرد و ئاسانترین كاریش دابەشكردنی مووچە بوو لە كاتی خۆیدا.