وەزیری نەوتی عێراق، بۆ خۆدەربازكردن لە تۆمەتی گەندەڵی باسی نەوتی كوردستان دەكا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەزیری نەوتی عێراق، بۆ خۆدەربازكردن لە تۆمەتی گەندەڵی باسی نەوتی كوردستان دەكا

هاوكات لەگەڵ لێدوانەكانی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لە دژی دۆسیەی نەوتی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە چالاكانی بەسڕە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە هەڵمەتێكیان دەست پێكردووە و تێیدا باسی دەیان دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە لایەن وەزیری نەوتی عێراق دەكەن، هەندێكیشیان گەندەڵییەكانی ئیحسان عەبدولجەبار بۆ ئەو كاتە دەگەڕێننەوە كە بەڕێوەبەری كۆمپانیای نەوتی بەسڕە بووە، بۆیە گومان دەكرێت كە هەر بەم هۆكارەشەوە بێت كە ئەو وەزیرە باسی دۆسیەی نەوت و غازی كوردستان دەكات بەپێی حەزی تاقمێكی شۆڤێنیی عێراقی.

ماوەیەكە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق، لە باسكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەمان ئەو زمانە بەكار دێنێت كە دەستە و تاقمە شۆڤێنییەكان، بە تایبەتیش ئەوانەی لە سەروبەندی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا دژی هەولێر پێی دەدوان.

چالاكانی بەسرە، ماوەیەكە لە ژێر تانكییەكی گەورەی ئاو، تابلۆیەكی گەورەیان هەڵواسیوە و تێیدا نووسیویانە: (بە ناوی گەلی بەسڕە و كارمەندانی كۆمپانیای نەوتی بەسڕە، داوای دادگاییكردنی گەندەڵ ئیحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل و دەست بەسەرداگرتنی موڵك و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەكەی دەكەین و داواش دەكەین گەشتكردنی بۆ دەرەوەی عێراق لێ قەدەغە بكرێت)
هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە به‌ڵگه‌ی گەندەڵییەكانی وەزیری نەوتی عێراق، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی نه‌زاهه و پەرلەمانی عێراقەوە بەدواداچوونی بۆ كراوە، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی لێپرسینەوە لە تۆمەتەكانی گەندەڵیی سەر وەزیری نەوتی عێراق نەكراوە.

لەمبارەیەوە مەشخەڵ كەوڵۆسی، چالاكوان لە سلێمانی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە: ”خەڵکی بەسرە، داوای لەكار لادان و سزادانی ئیحسان عەبدولجەبار دەکەن، ئەو وەزیری نەوتەی کە لێرە کراوەتە فریشتە.“

كەوڵۆسی نووسیویشیەتی: ”عەرەبەکانی بەسرە داوا دەکەن دەست بەسەر ماڵ و موڵکی ئەو وەزیرەدا بگیرێت، کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی بەسرە داوا دەکەن ڕێگەی هەڵاتن لەم گەورە دزە بگیرێت، ئەها ئەوەی دەڵێن دەنگی دەهۆڵ لە دوور خۆشە.“

چاودێران پێیانوایە قسەكانی ئیحسان عەبدولجەبار لە دژی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەشێكی زۆری پەیوەندیی بە لابردنی سەرنجی شەقامی عێراقی هەیە لەسەر ئەو تۆمەتانەی گەندەڵی كە ماوەیەكە بە بەردەوامی ڕووبەڕووی دەكرێنەوە.