ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خووزستانی ئێران دژی گرانبوونی نرخی پێداویستییەکان بەردەوامە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خووزستانی ئێران دژی گرانبوونی نرخی پێداویستییەکان بەردەوامە

''دەیان هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازی دەستگیر کراون''

بەکاربەرانی عەرەبی ئەهوازی ئێوارەی یەکشەممە 8/5/2022 ڤیدیۆیەکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە کە نیشان دەدات هێزە تایبەتە ئەمنییەتییەکان لە قەزای خەفاجیە (سووسەنگرد) بە چڕی بڵاو بوونەتەوە و باسیان لەوەش کردووە کە گردبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی پارێزگای خووزستان بەردەوامە.

دوای ئەوەی لە بازاڕەکانی ئێراندا نرخی کاڵا بنەڕەتییەکانی وەکوو ئارد و نان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە چەندان بەرانبەر زیاد کرا، بانگەوازی گردبوونەوە بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی لە شارەکانی خووزستان بڵاو بووە.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بانگەوازەی خەڵکی خووزستان کاربەدەستانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان کرد بە بڕینی ئینتەرنێت و دەستگیرکردنی چالاکانی مەدەنیی عەرەب و بڵاوکردنەوەی هێزە ئەمنییەتییە تایبەتەکان لە شارەکانی خەفاجیە (سووسنگرد)، فەلاحیە (شادەگان)، ئیزە و بێهبەهان.

حیشمەتوڵا تەبەرزەدی، سکرتێری بەرەی دیموکراتیکی ئێران و ئەندامی ''گرووپی نیشتمانیی بانگەواز'' لە لێدوانێکیدا بۆ کەنالی ''ئەلعەربیە'' سەبارەت بەو ناڕەزایەتییەی خەڵکی شارەکانی پارێزگای خووزستانی ئێران کە دژی گرانبوونی پێنج بەرانبەری نرخی ئارد و نان لە ڕۆژی هەینیی ڕابردووەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، دەڵێت: ''بەهۆی جیاکاریی سیستماتیک لەلایەن پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێرانەوە دژی خەڵکی عەرەب و بڵاوبوونەوەی هەژاری لە کاتێکدا کە پارێزگاری خووزستان دەوڵەمەندە بە هەموو جۆرە سامانێک، ئەم پارێزگایە بووەتە ناوەندی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران''.

تەبەرزەدی تەئکیدی لەوە کردووەتەوە کە ''کیشەکانی گرانی بژێو و سەرکوتی گشتیی خەڵک بوونەتە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتییەکان سەرانسەری ئێران بگرێتەوە و ئەگەر کۆماری ئیسلامی درێژە بە سیاسەتەکانی بدات، بۆ نموونە، پێدانی نان بکاتە کۆبۆن، کە سەرەکیترین مادەی خۆراکیی خەڵکە، ئەوە پێشبینی دەکرێت کە هاووڵاتییانی سەرانسەری ئێران و هەموو پیشەکان ناڕەزایەتیی گشتی و سەرانسەری دەست پێ بکەن.

هەر پەیوەست بەم کێشانە، چالاکانی مەدەنیی ئەهواز باسیان لەوە کردووە کە دەیان هاووڵاتی و چالاکی مەدەنیی عەرەبی ئەهواز دەستگیر و دەستبەسەر کراون و ناڕەزایەتییەکانیش هەر بەردەوامن.