نووسەر و ڕۆماننوس، شاخەوان برایم عەبدوڵڵا لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ڕایگەیاندووە کە دوایین کتێبی خۆی بە ناوی ''خوێن و ئیرۆتیك" چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
شاخەوان برایم دەربارەی نێوەرۆکی کتێبەکەی نووسیویەتی، ''خوێن و ئیرۆتیك'' 200 لاپەڕەیە و پێک هاتووە لە پێشەكییەك و 50 ناونیشانی سەرەکی و لاوەکیی ئەدەبی كە خوێندنەوەن بۆ چەند ڕۆمانێكی كوردی و بیانی و دوو كۆمەڵەچیرۆك، ئەم بەرهەمە لە گۆشەنیگای تایبەتی نووسەرەوە، قسەی لەبارەی ئەو ڕۆمانانە كردووە.
باسی لەوەش کردووە: ''قسەكردن لەبارەی ڕۆمانێك، یان كۆمەڵەچیرۆك، كارێكی ئەستەمە بەوەی ڕۆمان هەڵگری كۆمەڵێك ڕەهەندی قسەكردنە، ئەوەی منیش ئیشم لەسەر كردووە، زیاتر لایەنی بابەتی و پەیامی ڕۆمانەكان بووە نەك تەكنیک''.
دەشڵێت: ژانری ڕۆمان مادام زادەی خەیاڵ و بیركردنەوەی نووسەرە، دەشێت خوێندنەوەی جیاوازیشی بۆ بكرێت.
ڕوونیشی کردووەتەوە کە ''خاڵی هاوبەش لەنێوان ڕۆمانەكاندا زۆرن، لەوانە، خوێن، كوشتن، تاوانکاری، سێكس، خۆشەویستی، ماچ، چەوساندنەوە و كۆیلایەتی و داگیرکاریی خاک و بابەتی دیكەش، لە كوێ پێویستی كردبێت، پەرەگرافی ناو ڕۆمانەكانم بەكارهێناوەتەوە بۆ ئەوەی خوێنەر ئەگەر ڕۆمانەكەیشی نەخوێندبێتەوە، چیرۆك و دۆخی گشتی ڕۆمانەكەی لەبەرچاو بێت''.