كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 08/05/2022

عێراقچیەکان لەنێوان جاشبوون و ھیچبووندا!

لایەكی هەرێمی كوردستان بەتەواوی؛ دوو پارێزگا بە هەموو قەزا و ناحیە و گوندەكانیەوە، دوو یەكەی ئیداریی سەربەخۆ، زۆنێكی كەسك بە مەڵبەند و کۆمیتە و بارەگایەوە، بە ئاڵا و ناسنامەیەوە، بە سروود و نیشتمانەوە، بە ژێرزەوی و سەرزەویەوە، بە پۆلیس و ئاسایشەوە، بە نەوت و غاز و تەواوی پیترۆڵەوە، بە دەروازە سنوورییەكان و بە بازگەكانی لێدەرچوونیەوە، بە خەڵک و خانوویەوە، بە بانك و كۆمپانیایەوە، بە ئەملا و ئەولایەوە، بە ھەموو شتێكیەوە سی ساڵ زیاترە لەبەردەستی ئێوەدایە و بە كەیفی دڵی خۆتان دەیدۆشن و دەیخۆن و دەیدزن، بەڵام نەک ھەر هیچ بۆ دانیشتوان و شەقام و جادە و بانەكانی ناكەن، بەڵكوو تەنانەت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و پێشمەرگە دێرینەكاشیان لە بانكەكاندا حەپەلووش دەكەن.

ئێوە رێگە نادەن، پیاوە جوانەكانی ئەو شارانە تەنانەت ئێوارەیەك لە چایخانەیەكدا دۆمینەیەكیش بە كەیفی دڵی خۆیان بكەن، ئاخر هەر رۆژە و بە جۆرێك ئەزییەت و ئەشكەنجەی ئەو خەڵكە دەدەن، جا ئێستا موژدەی ئەوە بە گوێی خەڵکدا دەدەن گەر حکوومەتی ناوەند ئیدارەی نەوتی ھەرێمی كوردستان بدات مووچەتان دەداتێ و بەنزینتان ھەرزان دەکات و خزمەتتان دەکات، تازە بە تازە بە دانیشتوانی ناوچەكانتان دەڵێن، گەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەیسی نەوت و غاز بەتەواوی رادەستی بەغدا بكات، ژیانی ئێوە وەکوو ژیانی خەڵکی بەسرای لێ دێ! و شارەكانتان دەکەنە بەھەشتێكی هاوشێوەی بەسرا و عەممارە!

کەسێک بە کۆیلایەتی گۆش بكرێت، تا ماوە ئاڵوودەی کۆیلایەتی دەبێ، گەر ڕۆژێک خاوەنەکەی ئازادی بکات، وا دەزانێت خاوەنەکەی غەدری لێ کردووە، بۆیە پەرێشان دەبێ و بۆ حاڵی خۆی دەگریێت، گەر نەکرێتەوە کۆیلە ئارەزووی مردن دەکات نەک ئەوەی بە ئازادی بژی!
ئەوانەی بانگەشەی تەسلیمكردنی هەموو شتێكی كوردستان بە حكوومەتی عێراق دەكەن، خۆیشیان دەزانن بەڵێن و قسەکانی حکوومەتی ناوەند بۆ ھەرێمی كوردستان ھیچ و بێئەنجام و درۆیە، بەڵام كەسی هیچ و كۆیلە، ھەر باوەڕی بە ھیچە و بە ھیچ ڕازیە، گەر حسابی شتێكی بۆ بكەن، خۆی بە دۆڕاو و شەرمەزار دەزانێ! بۆیە لەپێناو ئەوەدا شەڕ دەكات تا بکرێتەوە بە ھیچ و ھیچی پێ نەدەن و حسابی ھیچی بۆ نەكەن.

لە مێژوودا داگیرکەران هەمیشە خۆیان وڵاتی گەورە و فراوان و ئیمپراتۆریەتیان بۆ خۆیان دروست کردووە، کەچی عێراقی داگیرکەری كوردستان خۆی بە دەستی داگیرکەر دروست بووە! داگیرکەر ئاسانترین شت بۆیان دابینکردنی مووچەیە، مووچە بەبێ مەرج بۆ خەڵکی وڵات و خاکی داگیرکراو دابین دەکەن، کەچی عێراق ئەوەش بە ڕەوا نابینێت کە وەکوو داگیرکراوێک مامەڵە لەگەڵ خەڵكی ھەرێمی کوردستان بکات، هەموومان لەبیرمانە كاتێ هەموو كوردستان و هەموو سامانی كوردستان بەدەست حكوومەتەكانی عێراقەوە بووە، چییان لە خەڵكی كوردستان كرد.

داگیرکەر بڕیار لە کەس وەرناگرێت، خۆی خاوەنی بڕیار و ئەجێندای خۆیەتی و لەسەر گەل و خاكی داگیركراو دەیسەپێنێت، کەچی عێراقی دوای ٢٠٠٣ نە خاوەنی بڕیاری خۆیەتی نە ئەجێندای ھەیە، بەڵکوو بڕیار و ئەجێندای خەڵکی تر لەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەسەپێنێت! كەچی پەرلەمانتاری كوردی وەهامان هەیە لە بەغدا، ملكەچ و غوڵامئاسا بە حەماسێكی زۆرەوە، دەیەوێ ئەوەی كە هەیشە تەسلیمی حكوومەتی عێراقی بكەین و ئنجا هەموومان وەك زەڕنەقووتەی نێو هێلانە دەم بكەینەوە تا حكوومەتی عێراقی مەعالیمان شتێك دەكا بە دەمماندا، دەسەڵاتدارانی عێراق خۆیان غوڵام و ملكەچی خەڵكی ترن، ئەو جۆرە سیاسی و پەرلەمانتارانەی خۆشمان غوڵام و ملكەچی غوڵامەكانی عێراقن، كارەسات ئەوەیە گەلێ جار بەرپرسەكانی عێراق بە غوڵامیش قبووڵیان ناكەن!

ئەوانەی خۆمان، ئەو سیاسەتوان و سەرۆك حزب و پەرلەمانتارانەی كە رێكلام بۆ تەسلیمبوونی هەرێمی كوردستان بە بەغدا دەكەن، تەنانەت جاشیش نین، ئاخر جاش ھەرچەند جاشیشە بەڵام بوونی خۆیی ھەیە لە ھاوکێشەکاندا، بەڵام ئەوانەی خۆمان لە ھاوکێشەدا بوونیان نیە و ھیچن، بۆیە ھەمیشە ئومێدیان لەسەر ھیچ ھەڵدەچەنن، ئەزموونی چەند ساڵیان ھەر بە ھیچ حساب کراون، ئەرێ تێر نەبوون لە ھیچبوون؟ بێئومێد نەبوون لە ھیچبوون؟ یان ھەر دەتانەوێت ھیچ بن؟ ئەرێ ئەگەر ھیچ نەبن ناحەسێنەوە!

گەر دەتەوێت مەلەفی نەوت باشتر بکرێت، بۆچی هەمیشە شەڕ و هەرای ئێوە بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی ترە، بۆ جارێك بۆ بەرژەوەندیی خۆتان یان بۆ شتبوونی خۆتان نایكەنە هەرا؟ خۆ ئێوە دەتوانن خۆتان بن نەک ھیچ بن، دەتوانن ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێ باشی بكەن، باسی کەموکورتی و گەندەڵییش بکەن و بەرنامەتان پێشكەش بكەن بۆ چاكسازی، ئەوکات حسابتان بۆ دەکرێت قسەتان زیاتر دەڕوات، ھیچی ئەوان مەبە، شتی خۆت بە حسابی زیاترت بۆ دەکرێت، لێرە دەتوانن باشتری بکەن، نەک لەوێ کە ھیچ حسابێکتان بۆ ناکەن.

مەلەفی نەوت چەند کەموکورتییشی تێدا ھەبێت، لە کۆتاییدا موڵکی خەڵکی کوردستانە، خەڵکی کوردستان دەبێ بەڕێوەی ببات و باشتری بکات و کەموکورتی و گەندەڵیی تیا نەھێڵێت، نەک خەڵکی تر بەڕێوەی ببات کە ئەوکات نەک کەموکورتی و گەندەڵیی زیاتری تێدا دەکرێت، بەڵکوو بە تەواوی بۆ خۆیان دەیبەن و ھیچشت نادەنێ. ئەوانەی بە هیواوە چاوەڕێی زەبری ھێزن، گەر عێراق جورئەتی ھەبوایە چاوەڕێی بڕیاری دادگای نەدەکرد و بە زەبری ھێز دەستی بەسەر ھەموو کێڵگەکانی نەوتی كوردستاندا دەگرت، بەڵام ئەزموونی لووت شكاندنی عەبادییان ھەیە و جورئەت ناکەنەوە ئەو ئەزموونە تاقی بکەنەوە، بۆ ئەوەی چارەنووسیان وەکوو عەبادی نەبێت لە لوتکەی دەسەڵاتەوە بکرێتە دەرەوەی ھاوکێشە.