من لە ژیان زیادەم
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەبار جەمال غەریب 08/05/2022

من لە ژیان زیادەم

مرۆڤ تاكە زیندەوەرە كە مانا بە ژیان دەدات. لەدەرەوەی مرۆڤ، هیچ شتێك مانای نییە!
ئاو، هەوا، خۆراك چ مانایەكیان هەیە؟ بۆچی و بۆ كێ گرنگن، ئەگەر مرۆڤ لەسەر زەوی نەبێ؟
ئەوە دیوێكی شانۆكەیە.

دیوەكەی دیكەی
- گیاندارەكان، ئەسپ، مامز، شێر، حووت و ماسی، بولبول و فند هەموویان ژیانی تایبەتی خۆیان هەیە. هەوا، ئاو، خاك و خۆر، بەوانیشەوە مانایان هەیە.
- درەخت و گوڵ و گیا بێ مرۆڤ گەشە دەكەن و دەشنێنەوە، چ پێویستیان بەوەیە مرۆڤ دانیان پێدا بنێ یان نا؟ ژیانی بوونەوەرەكان بەردەوامە، مرۆڤیش نەبێ ئەوان هەن.

لۆژیك
- مرۆڤ تەنیا لەو گۆشەنیگایەوە باوەڕ بە بوونی دەوروبەرەكەی دەكات كە پێویستن بۆی. لەو ڕوانگەیەوە هەموو بوونەوەرەكان و هەموو شتەكانی دیكە دەبینێ، كە لە كوێدا بەسوودن بۆی.
- بە دیوێكی دیكەدا، مرۆڤ چی لە ژیانی گەردوون زیاد كردووە؟
- خوێندنەوەی وەها بابەتێك كە بەشی زۆری زانستەكانی تێكەڵ دەبێ، قورسە. ئەوەی من مەبەستمە، مرۆڤ بۆچی ئەوەندە عاشقی كوشتنی جوانییە؟ من دەمەوێ لەو دیوە ناشیرینەی مرۆڤەوە بدوێم، بابەتەكە بە دیوێكی قورسدا كەوتەوە.

جیهان هی بەهێزەكانە
- دەكرێ لیستێكی دوورودرێژ لەسەر وێرانكارییەكانی مرۆڤ لەسەر زەوی بنووسین، نەك زەوی، گەردوونیش، هەر شوێنێك مرۆڤ دەستی گەیشتووەتێ. ئەوە لۆژیكی هێزە تا ئەمڕۆ دنیا بەڕێوە دەبات و مێژوو هەمیشە ئەوانە نووسیویانەتەوە، كە بەناو خوێندا گەیشتوونەتە سەر تەخت.
ئەوەش بابەتی ئەو وتارەم نییە.

- ئەو گیاندارە دوو پێیە ئەوەندەی بۆی كرا بوونەوەرەكانی دیكەی قەلاچۆ كردن، هەر گیاندار و ڕووەك و هەتا خاكێكیش كە سادەترین بەرژەوەندیی خۆی تێدا دیبێت، لەناوی بردووە. تەنیا ئەوانە ماون، كە دەستەمۆی كردوون و بۆ خۆی و لە كاتی پێویستدا بەكاریان دێنێ.

- لە كوێدا پێویست بێ، جوانترین و بەسوودترین دارستان و تاڤگە و دەریا لەناو دەبات.
- لە كوێدا پێویست بێ، گیاندارەكان قەلاچۆ دەكات، بە گیاندارە هەرە بچووكەكانیشەوە.
- كە مەڕ و مانگا و مریشك و قازی هێشتووەتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەیە بەو شێوەیەی دەیەوێ سەریان ببڕێت، تا بیەوێ بەخێویان دەكات و خزمەتیان دەكات، نەك لەبەرئەوەی ئەوانیش مافیان لە ژیاندا هەیە، بەڵكوو لەبەرئەوەی بۆ ژیانی ئەوان پێویستن. ئەوەتا (بەرخ دەبێ ئەو كاتە لە هەموو كاتێك زیاتر لە خۆی بترسێ كە خزمەتی دەكەن و جێگای گەرمە و دایدەبەستن).
- بابەتەكە ئەوەیە، ئایا مرۆڤ بەبێ كوشتنی ئەوانی دیكە، ژیانی لەسەر زەوی مەیسەر نابێ؟

سەردەمی تەقینەوەی مرۆڤ
ئەوەی گومانی تێدا نییە، مرۆ كائینێكی سروشتییە، وەك هەر بوونەوەرێكی دیكە، وەك گورگ و ئەسپ و ماسی و نەهەنگ، هەتا وەك مێروو و كرم و تیمساحیش، ئەوە داتا و ڕاستییە. وردكردنەوەی ئەو ڕستەیەش ئەوەیە كە دەبێ مرۆڤ ئەوەندەی بوونی خۆی لە سروشتدا، مافی هەبێت. جیهان قۆرغ نەكات و ژیان و بوونی ئەوانی دیكە نەخاتە مەترسییەوە.

بوونی ناسروشتیی مرۆڤ
مرۆڤ ڕۆژ بەڕۆژ لە (سروشتی)بوونی خۆی دوور دەكەوێتەوە، خۆی لەدەرەوەی سروشت دەبینێ و پێی وایە دەبێ هەموو جووڵە و بوونێكی ناو سروشت لە بەرژەوەندیی ئەودا بێ. بۆ ئەو مەبەستەش، لە هەموو كتێبە پیرۆز و گرنگەكاندا ئەو مافەی بۆ مەیسەر كراوە.

- بۆ مەیسەركردنی ئەوەش، بە هەزاران هەزار گیاندار و بوونەوەری بە یەگجاری لەناو بردووە، بە ڕادەیەك، ژمارەی ئەو گیاندارانەی ڕۆژانە هەر كەسێك لە ئێمە دەیانبینێ، لە ژمارەی پەنجەكانی دەست تێناپەڕن. هێشتا ئەوانەی ماون لە مەترسیدان.

- ملیۆنان هێكتار دارستانی لە ڕەگەوە هەڵكەندووە، یان بڕیویەتییەوە، بە سەدان هێكتار ڕووبەری ئاوی بەتەواوی وشك كردووە. بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە، لەگەڵ بڕینەوەی هەر درەختێك نەك دارستانێك، چەندان باڵندە بێ ماڵ دەبن و سەریان لێ دەشێوێ، یان لەناو دەچن، بەتایبەتی ئەو دارستانانەی بە سووتاندن و ئاگر وێران دەبن.

ئامانجی ئەم وتارە
- دوای ئەوەی مرۆڤ دەستی چووە سڕینەوەی هەموو جوانییەكانی سەر زەوی، زیانی بە گەردوون گەیاند، سەرزەویی بۆ خۆی یەكلایی كردەوە، ڕووحی شەڕانگیزیی مرۆڤ تووڕەتر و خوێنڕێژتر بوو، كە چاوی هەڵبڕی و هیچ غەنیمێك و هاوبەشێكی لەسەر زەوی نەدی، ئەوجار كەوتنە گیانی یەكتر و هێرشكردنە سەر هاوڕەگەز و هاوخوێنەكانی خۆیان.

- هەر لەبەر ئەوەیە، هەموو ڕۆژێ سەر زەوی بە خوێن سوور دەكات، هەموو ڕۆژێ مرۆڤ بەشێك لە هاوخوێنەكانی دەكاتە قوربانیی ئەو عەقلیەتە قۆرغكارییە.
- هەر گرووپێك، هەتا دەگاتە هەر تاكێك، بە مافی خۆی دەزانێ، كە هەموو شتەكانی دەوروپشتی بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، ئەوەندەی توانای بەسەریدا دەشكێ.
- خوێنی مرۆڤەكانی نەتەوەكانی دیكە، ئایینەكانی دیكە، وڵاتەكانی دیكە دەڕێژێ، بە سەركەوتنی دەزانێ و زەماوەندی بۆ دەگێڕێ.
- خوێنی خەڵكی شارەكانی دیكە، گوندەكانی دیكە، حزبەكانی دیكە دەڕێژێ و كەیفی ساز دەبێت.

كڕۆكی بابەتەكە
- ئەو مرۆڤە باسی سەربڕینی ژنەكەی خۆی دەكات، بێ ئەوەی دەنگی بلەرزێ، یان پەشۆكاو بێ، یان هەست بە پەشیمانی بكات.
- ئەو مرۆڤە باسی ئەوە دەكات كە ئەندامانی خێزانەكەی بە غەدر كوژراون، لە كاتی گێڕانەوەی چیرۆكەكەدا، تاقە فرمیسكێكیان بۆ ناڕێژێ، ڕەنگی تێكناچێ و وەك ئەوەی باسی سەردان و گەشت بگێڕێتەوە.
- من خۆم هەست دەكەم لەو ژیانە، لەو فەزایە زیادەم، هەرگیز بۆ ئەوە خەڵق نەكراوم، هەموو ڕۆژێ بە هەواڵی كوشتن و توندوتیژی كون كون بكرێم، وا بشڵەژێم، تا بیستنی كارەساتێكی دیكە نەیەمەوە سەر خۆم.