كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
محه‌مه‌د خدر مه‌ولوود 08/05/2022

پووتین.. پەڕینەوە بۆ دنێستر، یان مانەوە لە ئەدێسا؟

لە ئێستاوە تا رۆژی 9ی مانگ، کە دەکاتە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە، تەواوی جیهان، بەتایبەتی ئەمریکا و ئەورووپا چاویان لە بزاڤ و جووڵەی سوپای رووسیایە لە باشووری ئۆکراینا و بەدیاریکراویش لە شارە کەناراوییەکانی ماریۆپۆڵ و خیرسۆن ئەدێساوە، كە چۆن و بە چ ئاراستەیەک هێرش و پەلامارەکانی چڕ دەکاتەوە و بەرەو کوێی تری وشکایی ناوچەکە هەنگاو دەنێ؟

ئاخر ئەو رۆژە 9-5-2022، یادی 76 ساڵەی سەرکەوتنە بەسەر
نازییەت و کۆتاییهاتنی دووەم جەنگی جیهانییە و دوای تەواوبوونی جەنگ. رووسەکان بە (دێن پەبێدە - ڕۆژی سەرکەوتن) ناودێریان کردووە.

ڕووسیا ساڵانە بەشکۆدارییەوە لە گۆەڕپانی مەزنی سووری مۆسکۆ، بە نماییشکردنی سەربازی و جارجاریش بە نماییشکردنی تازەترین کەرەستەی پێشکەوتووی جەنگی و تەکنەلۆجیای سەربازی، ئەو یادە بەرز رادەگرن و میوانانیش لە سەرۆکی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانان بانگهێشت دەکەن.

دیارە یادی ئەمساڵی دێن پەبێدە، بۆ رووسەکان و پووتین مانایەکی تایبەتی هەیە، چونکە لە ڕوانگەی کریملینەوە، شانازییەکی گەورەیە کە دەبینن سوپاکەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەژموون و پەلوپۆهاوێشتنی هێزی ناتۆ و ئەمریکییەکان بۆ سەرسنووریان لە رۆژئاواوە، سوپای رووسیا لە نێوخاکی ئوکراینادا لە رۆژی 24-2-2022ەوە لە هێرش و سەرکەوتن و پێشکەوتندایە و درێژە بە نەخشە و بەرنامەی ساڵی 2014 دەدا و سنووری جوگرافیای دۆڵی دەمباس و دوورگەی کریما فراوانتر دەکا.

هەرچی ئەورووپا و ئەمریکایە، بە جۆرێکی تر دەڕواننە ئەو رێکەوت و
مێژووە و نیگەرانی ئەوەن، لەو رۆژەوە لە 9-5-2022دا پووتین
بڕیاری هێرشکردنە سەر شاری ئەدێسا بدات، چ لە دەریای ڕەشەوە، یا لە وشکانی، لە دیوی دوورگەی کریمەوە بە دیوی وڵاتی مەڵدۆفیاوە، هەر لە وشکانی لە رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای ئەدێساوە لە ناوچەی ترانسنیستریاوە سەربازە جوداخوازە رووسییەکانی ترانسنیتریا بۆ سەر ئەدێسا هێرش بێنن و پەلاماری بدەن، یا داگیری بکەن.

بە دیوی لای وڵاتی مەڵدۆفیاوە و لەنێو خاکەکەیەوە، زۆر لەگینە و دوور نییە و ئەگەری ئەوە لەئارادایە، پووتین بڕیار بدات، جوداخوازانی کۆمارە دانپیانەنراوەکەی ترانسنیستریا، هەر لە وڵاتی مەڵدۆفیای دراوسێی ئەدێساوە هێرش بکەنە سەر مەڵدۆفیا و کیشنۆفی پایتەخت.

ئەوەیان بۆ؟ هەر هیچ نەبێ بۆ راستکردنەوەی باری لار و شکستی سوپاکەی لە کیێفی ئۆکراینا بێ، یا دووبارەکردنەوەی سیناریۆی لۆگانسک و دانێسک لە هەرێمی بچووک و هەژاری ترانسنیتریا.
ئەم ئەگەرە لە هەردوو باردا لەگینە، چ لە باری هێرشکردنە سەر ئەدێسا، یا هێرشکردنە سەر مەڵدۆفیا، چونکە بۆ هێرشکردنە سەر ئەدێسا، سوپای رووسیا چەندین جارە مووشەکبارانی ناو شاری ئەدێسای کردووە و خەڵکەکەشی لەنێو کەشوهەوای جەنگدا دەژین و تەنانەت تا ئێستا لە ترسی هێرشی رووسەکان نزیکەی سەد هەزاریان ئەو شارەیان جێ هێشتووە بەرەو لفۆف و لەوێوەش بەرەو ئەورووپا رۆیشتوون.

سەرباری رێگای دەریایی، لە رێگای وشکانییەوەش، رووسەکان لە دیوی دوورگەی کریمەوە دەتوانن هێرش بکەنە سەر ئەدێسا.
لەکاتێکدا ئەدێسا سێیەم گەورە شاری ئۆکراینایە و شاری ستراتیژی سەر دەریای ڕەشە و ڕووسەکان بە گەوهەری سەردەریا ناودێریان کردووە و شارێکە نیوەی دانیشتوانەکەی بە زمانی رووسی دەپەیڤن، بۆیە رووسەکان تاکلایەنە ئەو هەقەیان بە خۆیان داوە بە شاری خۆیانی بزانن.

بە دیوەکەی لای وڵاتی ئازاد و سەربەخۆی مەڵدۆفیاوەش، هەمان پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی دانیشتوانی رۆژهەڵاتی رووباری دنیستر دەبینرێ، وەک دانیشتوانی دۆڵی دەمباس بە دیوی رۆژهەڵات و هەردوو شاری لۆگانسک و دانێسک و ئەدێسا و ماریۆپۆڵ و خیرسۆن، لە ناوەڕاستیشدا شاری ستراتیژی خارکیێف و شاری پۆڵتافا و ئەو بڕوبیانووە کلاسیکییە ماوەبەسەرچووەیان داوەتە پووتین، تا کارێکی لە جۆرە بکات، بەتایبەتیش دوای سەرنەکەوتنی لە داگیرکردنی کیێفدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، کەسێتیی پووتین کێرڤی خەون و خەیاڵی قەیسەرییانەی بۆ گەڕاندنەوەی شان و شکۆ و هەیبەتی سۆڤیەتی بەر لە پرۆسترۆیکا بۆ رووسیای ئێستا، لە بەرامبەر ناتۆدا دوای هێرشکردنە سەر ئۆکراینا لە بەرزبوونەوەدایە.
ئێستا هێرشکردنە سەر وڵاتی مەڵدۆفیای سەربەخۆ و هەژار، بۆ ورچە سپییەکە لە هەڵدانی پێکێک ڤۆدگای رووسی ئاسانترە، ئەگەر ڤۆدگاکە ژەهری سپی تێدا نەبێ.

سەرنج:
- دنێپر و دنێستر، دوو رووباری ناوداری ئۆکراینان و هی دووەمیان دنێستر، لە باکوورە و دەڕژێتە وڵاتی مەڵدۆفیا و بە دیوی ڕۆژهەڵاتیەوە هەرێمی جوداخوازە ترانسنیستریاكانی لێیە و ژمارەی دانیشوانی نیو ملیۆن کەس دەبێ و نابێ و لە ساڵی 1992وە بە پشتیوانیی ڕووسیا کۆمارێکی سەربەخۆیان ڕاگەیاندووە و تا ئێستا هیچ وڵاتێ لە جیهان دانی پێدانەناوە و نزیکەی دوو هەزار سەربازی رووسی ئەوێ دەپارێزن.