رۆژی جیهانیی دایک و ئەرکەکانمان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
رەحیم رەشیدی 08/05/2022

رۆژی جیهانیی دایک و ئەرکەکانمان

دووەمین یەکشەممەی مانگی ئایاری هەموو ساڵێک، رۆژی جیهانیی دایکە. رێزگرتن لە دایک و دەربڕینی ئەمەكناسی بەرامبەر بە گەورەیی دایک، لە کۆمەڵگا و وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا، لە کۆنەوە بەڕێوە چووە و وەکوو نەریتێک بووە بە باو.
ئەوەندەی زانیارییەکان پێمان دەڵێن، ئەم یادە لە یۆنانی کۆندا، لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا، جەژنێکی گەورە بۆ رێزلێنان لە خودای باروەری، هەروەها لە "رئا" دایکی "ژئووس"، خوای خوداکان پێکهاتووە.

لە وڵاتی بەریتانیا، یەکەمین جەژنی رۆژی دایک، یان یەکشەممەی دایک، (Mothering Sunday)، بۆ رێزگرتن لە کەنیسە وەکوو دایکی ئایین، لەلایەن شا هنری سێیەم، لە ساڵەکانی ١٢١٦ ــ ١٢٣٩ی زایینی بەڕێوە چووە.
شا هنری سێیەمین یەکشەمەی مانگی ئادار، واتە کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەهاری بۆ ئەو جەژنە دیاری کردووە. بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمانە، تاکوو دەورانی رێنسانس لە ئەورووپا بەردەوام بووه.

لەو رۆژانەدا، تەنانەت کڵفەت و خزمەتکارەکان نەدەچوونە سەر کارەکانیان، ئەوان شیرینیی تایبەتیان ئامادە دەکرد و سەردانی دایکانیان دەکرد، تاکوو بەو چەشنە رێز لە کار و کوێرەوەریی دایکەکانیان بگرن.
لەو سەروبەندەدا، لە تورینگینی ئاڵمانیاش یەکشەممەی دایک بەڕێوە چووە، منداڵەکان بە ئامادەكردنی شیرینی و چێشتی خۆش، میوانداریی دایک و باوكەكانیان دەکرد و رێز و ئەمەكناسیی خۆیان بۆ دایک پیشان دەدا.

لە ناوچەی شامپانی وڵاتی فەڕەنسا، هەروەها والونین لە بەلجیکا، رێوڕەسمی هاوچەشن بەڕێوە دەچوون.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، دوای ساڵی ١٦٤٤ی زایینی، ئەم جۆرە رێوڕەسمانە بەبێ دەستوەردانی کەنیسە بەڕێوە دەچوون، خزم و کەس و کار لەدەوری یەکتر کۆ دەبوونەوە و دایکان رێزیان لێ دەنرا.

کورتەیەک لە مێژووی رۆژی جیهانیی دایک

بۆ یەکەمین جار، خاتوو جولیا وارد هووە (Julia Ward Howe)، ١٨١٩_ ١٩١٠ شاعیر، نووسەر و یاساناسی ئەمریکایی، کە شەڕە نێوخۆییەکانی ئەمریکا، هەروەها شەڕی ئەڵمانیا و فەڕەنسا، شوێنەواری خراپیان لەسەر دانابوو، پێشنیاری کرد رۆژێک وەکوو رۆژی دایک دیاری بکرێ. خاتوو جولیا وەکوو خەباتگێڕێکی ئاشتیخواز هەوڵی دەدا، ژنان وەکوو قوربانییانی سەرەکیی شەڕ، رۆڵێکی مەزن بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیریی ئاشتی بگێڕن.

لەو رۆژەدا، زۆرتر دایکی ئەو سەربازە کوژراوانە لەدەوری یەکتر کۆ دەبوونەوە، کە لە شەڕی نێوخۆیی ئەمریکادا گیانیان لەدەست دابوو.
دوای خاتوو جولیا، خاتوو ئاننا جارویس (Anna Jarvis)، لە ساڵی ١٨٧٢، لەسەر بنەمای هەمان بیرۆکەی خاتوو جولیا، لە دووەمین یەکشەممەی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٠٨ی زایینی، بە ئامانجی رێزلێنان لە رۆڵی دایکی لە ژیانی ئاننادا، لە رێوڕەسمێکی ئایینیدا ئەو رۆژەی بە جەژن گرت. ئەو ژنە دوای رێوڕەسمەکە بانگەشە و راگەیاندنێكی بەرفراوانی دەست پێكرد.

ئاننا جارویسی دایک، لەنێوان ساڵەکانی (١٨٣٢- ١٩٠٥)، وەکوو ژنێکی زەحمەتکێشی کابان، هەروەها هەڵسووڕێنەری کاروباری کۆمەڵایەتی، هەوڵێکی زۆری دا، تاکوو لایەنی پاکوخاوێنی و چاودێری بۆ رزگارکردنی منداڵان لە مردن پەرە پێ بدات.
ئاننا جارویس، بۆ خۆی ١١ منداڵی بووبوو، کە تەنیا ٤ دانەیان لە ژیاندا مان. ئەو دایكە بە وتاردان و رێکخستنی ئافرەتان بە مەبەستی پێشکەوتن لە بارودۆخی کۆمەڵایەتیدا، چالاکیی خۆی لەم بوارەدا بە شێوەیەکی بەربڵاوتر دەست پێکرد.

ئەو لە ساڵی ١٨٥٨دا، "رۆژی کاری دایکان"ی دامەزراند و بە رێكخستنی ژنان، خەباتی کرد بۆ ئەوەی هەموان بیرۆکەی کاری بەکۆمەڵ گەشە پێبدەن و بە زیادكردنی زانیارییەکانی خۆیان، ژیانی منداڵان لە نەخۆشی و مەرگ لەو سەردەمەدا، رزگار بکەن.

کارێکی دیکەی ئەو ژنە خەباتگێڕە ئەوە بوو، دوای کۆتایی شەڕە نێوخۆییەکانی ئەمریکا، هەوڵی دەدا بە کۆکردنەوەی دایکان لەدەوری یەکتر، وێڕای بەهێزکردنی هاودڵی و هاوپێوەندی لەنێویاندا، تێدەکۆشا بەم چەشنە دۆستایەتی و خۆشەویستی لەنێوان سەربازەکانیش پەرە پێ بدات، تاکوو بەم جۆرە ئاشتیی نەتەوەیی بەهێزتر بێت و پەرە بستێنێ.

رۆژی ٩ی مانگی ئایاری ساڵی ١٩٠٥، ئاننا جارویس ماڵئاوایی لە ژیان کرد و کچەكەی ئەو، کە ئەویش هەر ناوی ئاننا بوو، خەباتی خۆی دەست پێکرد. (١٨٦٨- ١٩٤٨)، ئاننا بە نووسینی نامە بۆ یاسادانەرانی ئەمریکایی، داوای کرد رۆژێک وەکوو رۆژی دایک دیاری بکرێ.

ئاننا بۆ یەکەمین جار رۆژی ١٠ مانگی ئایاری ١٩٠٨، لەو شارەی کە دایکی رۆژانی یەکشەممە لە کەنیسە وانەی دەگوتەوە، لە رێوڕەسمێکدا رێزی لە رۆژی دایک گرت. ئەمە وای کرد، تاکوو ساڵی ١٩١٢، لە ئەمریكا ٤٥ ویلایەت ئەو رۆژەیان وەکوو رۆژی دایک بە فەرمی ناسی.
کار گەیشتە جێگایەک، ویلسۆن، سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، لە ساڵی ١٩١٤دا رۆژی دایکی لە سەرانسەری ئەمریکا وەکوو رۆژی نەتەوەیی راگەیاند.

ئەو رووداوە بووە هۆکارێکی گەورە بۆ ئەوەی ناردنی کارتی پیرۆزبایی بە بۆنەی رۆژی دایک برەو پەیدا بکات. لەم نێوەدا گوڵـفرۆشەکان داهاتێکی زۆریان وەسەر یەک دەنا؛ ئەوان لەو سەروبەندەدا نرخی گوڵەکانیان بەرز كردەوە. ئەمە وای لە خاتوو ئاننا جارویس کرد، بە شێوەیەکی یاسایی دژی دیاریکردنی رۆژی دایک بوەستێتەوە، بەڵام سەركەوتوو نەبوو.

ئاننا بۆ بەربەستکردنی بەڕێوەنەچوونی رێوڕەسمەکانی رۆژی دایک، لەو رۆژانەدا کارگەلێکی کرد، کە بەهۆیانەوە کەوتە بەندیخانە. ئاننا ماوەیەکی کورت بەر لە مردنی لە ساڵی ١٩٤٨ی زایینی، بە هەواڵنێرانی گوت: "بریا رۆژی دایکم پێک نەهێنابا''.
لەڕاستیدا ئێستا لە وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا، وێستگەكانی تەلەفۆنکردن، رێستۆرانت و گوڵـفرۆشییەکان، لە رۆژی جیهانیی دایکدا، بەهۆی فرۆشی زۆرەوە، زۆرترین داهات بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن.

رۆژی دایک لە ساڵی ١٩٢٣دا لە وڵاتی ئەڵمانیا كرا بە جەژن. تەنانەت لە ساڵی ١٩٣٣دا، نازییەکان رۆژی جیهانیی دایکیان وەکوو پشووی گشتی راگەیاند.
دوای دووەم شەڕی جیهانی، رێوڕەسمەکانی رۆژی دایک لە سەرانسەری ئەورووپا بەڕێوە چوون. لەو رۆژەدا بە پێشکەشـکردنی گوڵ و دیاریی تایبەت، رێز لە دایکەکان دەنرا. ئێستا رۆژی جیهانیی دایک لە بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپایی، لە ئوستراڵیا و ئەمریکا رێزی لێ دەگیرێ.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە، کە کۆمەڵگای کوردستان بەدرێژایی مێژوو لە لایەن هێزە دژبەرەکانی ئازادی و مرۆڤدۆستییەوە، ساڵانێکی دوورودرێژە شەڕی بەسەردا سەپاوە، سیاسەتی کوشتن و بڕین بە پانەوە لە دژی هەموو زیندەوەرەکانی کۆمەڵی کوردستان بەڕێوە دەچێ، دایکان لەم بەستێنەدا زۆر زیانیان پێگەیشتووە و پێدەگات.

رۆڵەکانیان زیندانی دەکرێن و لەسێدارە دەدرێن، مێردەکانیان شەهید دەبن، سەرەڕای هەموو ئەمانە، بەشێکیان راستەوخۆ لە خەبات و ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشدار بوون و بەشدار دەبن و کۆڵیان نەداوە.

سەرەڕای هەموو ئەم سەختییانە، دایکانی کورد هەرگیز ڕۆڵی دایکایەتیی خۆیان کە بریتییە لە سۆز، میهرەبانی، خۆشەویستیی بنەماڵە و وڵات، هەستکردن بە بەرپرسارێتی لە ئاست چارەنووسی جگەرگۆشەکانیان و تێکۆشان بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی رووناک بۆیان، غافڵ نەبوون و نابن. کەوایە دایکان مافی بێ ئەملاولای خۆیانە، جیا له هەموو رۆژەکانی دیکە، ئەبێ لە رۆژی جیهانیی دایکدا رێزی تایبەتیان لێ بگیرێ و بەها بۆ فیداکاری و خەباتیان دابندرێ.

ئەم رێزلێنانە لەم سۆنگەیەشەوە دەکرێ شیاوی ئاوڕلێدانەوە بێ، کۆمەڵی کوردەواری بەهۆی سیاسەتی زاڵی داگیرکەران، زاڵکردنی كۆتوبەندی کۆنەپەرستانە و ناسەردەمییانە، جیا لەوەی بەردەوام هەوڵیان داوە ژنان لە بازنەی تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دوور بخەنەوە، بەداخەوە ئەم سیاسەتە هەتا رادەیەک لەنێو ئێمەمانانیشدا رەنگی داوەتەوە، ئەوەتا لە هەندێک ناوچە و دەڤەری جیا جیا، بە خەستی هەستی پێدەکرێ.

ئەم دیاردەیە بۆ خەڵکی کورد بەگشتی و خەباتگێڕانی رێگای ئازادی بەتایبەتی، کە ساڵانێکی دوورودرێژ دژی سیستەمی نابەرامبەر و چەوسێنەر تێکۆشاون و تێدەکۆشن، بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیموکراسی فیداکارییان کردووە و لەم رێڕەوەدا کوێرەوەریی زۆریان دیوە، هەق نییە رێگا بدەن دایکان و ژنانی کوردستان بە هیچ بیانوویەک زوڵمیان لێ بکرێ و مافی رەوایان بە بیانوگەلی پیاوسالاری و کۆنەپەرستانە پێشێل بکرێ.

ژنان و دایکانی هێژای کوردستان، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکانیان، ئەبێ بە یەکگرتوویی و هێزێکی زۆرەوە لە مەیداندا بن، لەوەش دڵنیا بن، تاکوو بەهێز نەبن و وزە و تواناکانیان وەسەر یەک نەخەن، ناتوانن وەکوو پێویست رووبەڕووی دابونەریتە پاشکەوتووەکانی کۆمەڵگا ببنەوە.

ئەو دابونەریتانەی لە هەموو سەردەمێکدا لە بەرهەمهێنانەوەی کولتووری پیاوسالاری و هەژموونیی پیاودا، لە کۆمەڵ و خێزاندا رۆڵ دەبینن، بەداخەوە زۆر جار ئافرەتان بۆ خۆیان بواریان بۆ دەڕەخسێنن و لە ئاست نابەرامبەری و پێشلێكردنی مافەكانیان، وەکوو پێویست ناڕەزایەتی دەرنابڕن.

لە ڕاستیدا، ژنان بەو بێدەنگییە لە ئاست پێشێلکارییەکانی مافەکانی خۆیان، جیا لە پێشێلکردنی مافەکانیان، ستەمێکیش لە تەواوی ئەو خەباتە دەکەن؛ کە لە پانتایی کۆمەڵگادا، لەلایەن هەموو یەکسانیخوازانەوە بۆ ئازادی، دیموکراسی و پێکهێنانی کۆمەڵێکی یەکسان و بەرامبەر لەئارادایە.