لە سلێمانی زەوی بە 40 سەعات بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 08/05/2022

لە سلێمانی زەوی بە 40 سەعات بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە!

بەھۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە، بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی خۆپێشاندانیان كرد و ڕێگەی سەرەكیی سلێمانی – تاسڵووجەیان داخست. دیسان بەھۆی دواكەوتنی مووچەكانیانەوە، بەشێك لە مامۆستا و فەرمانبەرانی زانكۆی ڕاپەڕین لەبەردەم زانكۆدا خۆپێشاندانیان كرد و داوای مووچەكانیان دەكەن. ھەروابێتەوە ژینگەپارێزان لە ڕانیە خۆپێشاندانیان كرد و داوای خەرجكردنی مووچەكانیان دەكەن، چونكە 68 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە... ئەم سێ ھەواڵە ھەرسێكیان ھی ئەمڕۆن.

لەڕووی زانستیەوە، زەوی بە 24 سەعات دەورەیەك بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە و دیاردەی شەو و ڕۆژێكی تەواوی لێ پەیدا دەبێت، ھەروەھا بە 365 ڕۆژ جارێكیش بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە و دیاردەی وەرزەكانی ساڵ و ساڵی تەواوی لێ دروست دەبێت، بەڵام ئێستا بەھۆی تاڵانكارانی بانكەكانی ھەرێم و بەھۆی دز و قاچاخچیەكانی ئەو دەڤەرەوە كە خۆیان پێی دەڵێن (زۆنی سەوز) گۆڕانكارییش بەسەر ئەو ھاوكێشە زانستیەدا ھاتووە!

ئاخر كە سەیری دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی ئەو دەڤەرە دەكەیت، بۆت دەردەكەوێت كە لەوێ واتە لە دەڤەری لامەركەزی بۆ سلێمانی و لە دەڤەری ھەرێمی سەربەخۆ بۆ سلێمانی و لەو دەڤەری سۆشیال دیموكراسیە كە یەكێتی دەسەڵاتداری تەواوە تیایدا! زەوی بە 24 سەعات بە دەوری خۆیدا ناسووڕێتەوە، بەڵكوو خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا خاو بووەتەوە، بە شێوەیەك بۆ مامۆستایانی زانكۆ كە ئەوە 50 ڕۆژ تێپەڕیوە و ھێشتا مووچەی مانگی 3یان وەرنەگرتووە، زەوی لەجیاتی ئەوەی بە 24 سەعات بە دەوری خۆیدا بخولێتەوە، بە 40 سەعات بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە، واتە شەووڕۆژی مامۆستایانی سلێمانی، بووە بە 40 سەعات، بۆ ژینگەپارێزانیش زەوی بە 54 سەعات و 24 خولەك بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە و شەووڕۆژێكی ئەمانیش بووە بە 54 سەعات و 24 خولەك! بەڵام دوو پرسیاری بەریئانەم هەیە:

1- ئایا بۆ كۆكردنەوەی داھاتەكانی سەر مەرزەكان و داھاتەكانی ناوخۆی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕینیش، زەوی ھەر بە 40 سەعات و بە 54 سەعات بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە یان بۆ ئەمەیان خوڵانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا عەیبی نیە و هەر بە 24 سەعات بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە؟

2- ئایا بۆ دز و قاچاخچی و تاڵانكارانی بانكەكانی سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و دەڤەری ڕاپەڕینیش، زەوی ھەر بە 40 سەعات و بە 54 سەعات بە دەوری خۆیدا دەسووڕێتەوە یان بۆ ئەمەیان خوڵانەوەی زەوی بە دەوری خۆیدا عەیبی نیە و هەر بە 24 سەعات بە دەوری خۆیدا دەخولێتەوە؟