كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

تانسو چیللەر لە دروستكردنی پارت شكستی هێنا

تانسو چیللەر، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، کە لەسەر بڕیاری ئەو، سەدان گوندی كورد وێران كران و سەدان گەنجیش خرانە زیندانەوە، ویستی بە دامەزراندنی پارتێكی تازە بگەڕێتەوە بۆ ناو مەیدانی سیاسەت، بەڵام كاتێك زانیی گەلی توركیا پێشوازی لەو هەنگاوەی ناكات، لە دامەزراندنی پارت پەشیمان بووەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی ڕۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركیا، چیللەر گەرموگوڕ بووە لەسەر دروستكردنی پارتێكی تازە، بەڵام گەلی توركیا پێشوازیی لێ نەكردووە و زانیویەتی شكست دەهێنێت و سەركەوتوو نابێت، بۆیە وازی لێ هێناوە.

بەگوێرەی زانیاریی ڕۆژنامەی ناوبراو، چیللەر پەیوەندیی بە وەجدەت ئۆز، سەرۆكی پارتی عەدالەت لە توركیا كردووە و گوتوویەتی با بە یەكەوە دانیشین، كاتێك دانیشتوون، پێی گوتووە من دەبم بە خوشكی گەورەت و كەسی یەكەمی پارت، تۆش ببە كەسی دووەمی پارت.

بەڵام ئۆز داواكەی ڕەت كردووەتەوە، چونكە وەكوو ئەوەی خۆی باسی كردووە، چیللەر پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتی دەكات، بەڵام ئەو لە سیستەمی پەرلەمانی، بۆیە ناگەنە یەك و نەیانتوانیوە بە یەكەوە پارتێكی سیاسی بەڕێوە ببەن.

چیللەر، لە ساڵی 1993 تا 1996، سەرۆك وەزیرانی توركیا بووە، لەو سەردەمەدا زۆر توند بووە بەرامبەر بە كورد و لەسەر بڕیاری ئەو، سەدان گوندی كورد وێران كرا، سەدان گەنجیش خرانە زیندانەوە.