یەڵماز گونای بۆ یەكەم جار لە مێژووی سینەمای توركیادا گۆرانیی كوردیی زیندوو كردەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

یەڵماز گونای بۆ یەكەم جار لە مێژووی سینەمای توركیادا گۆرانیی كوردیی زیندوو كردەوە

یەڵماز گونای، سینەماكاری بەناوبانگی كورد، بۆ یەكەم جار لە مێژووی سینەمای توركیادا بە سوودوەرگرتن لە ڕادیۆی ئەریڤان، توانیی گۆرانییەكی كوردی لەناو فیلمی سینەمایی ڕێگا (یۆڵ)دا بەكار بهێنێت و بیخاتە بەرگوێی ملیۆنان كورد و تورك.

ڕادیۆی ئەریڤان، یەكێك بوو لەو ڕادیۆیانەی كە لەسەر داوای یەكێتیی سۆڤیەتی ئەوكات ڕۆژانە چەند سەعاتێك بە زمانی كوردی پەخشی هەبوو، بەڵام خەڵکی کورد ئەوەندە شەیدای ئەو ڕادیۆیە بوون و گوێیان لێی دەگرت کە ناوبانگی لە باكووری كوردستان دەنگی دابووەوە.

گونای كاتێك گوێ لەو ڕادیۆیە دەگرێت، گوێی لە گۆرانیی ''لۆ مەحۆ'' دەبێت كە گۆرانییەكی زۆر خۆشی كوردییە و ئەو گۆرانییەكە دەهێنێتە سەر شاشەی سینەما.

بە گوتەی نووسەر، ئۆزكان ئۆزتاش، فیلمی سینەمایی (یۆڵ)، بە یەكێك لە فیلمە هەرە بەناوبانگەكانی توركیا دادەنرێت و بۆ یەكەم جاریشە كورد و كوردستان لەناو ئەو فیلمەدا دەهێنرێتە بەرباس و باس لە جوگرافیای كوردستان دەكرێت. هەروەها بۆ یەكەم جارە لە مێژووی سینەمای توركیادا، لە فیلمێكدا گۆرانیی كوردی زیندوو بكرێتەوە و ملیۆنان كورد و تورك گوێی لێ بگرن.

گونای توانیی لە سەردەمی یەكێتیی سۆڤیەتی جاراندا، سوود لە گۆرانییەكی كوردی ببینێت و بایەخی ئەو گۆرانییە بهێنێتە سەر شاشەی سینەما، چونكە پێشتر بایەخی گۆرانیی كوردی لە توركیا و بەشی زۆری وڵاتان گرنگ نەبووە، بەڵام گونای بەو كارەی وای كرد كە بەها و نرخ بۆ گۆرانیی كوردی دابنێت و بە دونیا و توركیا بڵێت كورد خاوەنی گۆرانی و كولتووری تایبەت بە خۆیەتی.

لە توركیا تا 2003 و هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) بۆ سەر دەسەڵات، گۆرانیی كوردی قەدەغە بوو، تەنانەت ئەوەی گۆرانیی كوردیی لێبدایە دەستگیر دەكرا، بۆیە كاتێك گونای لەو سەردەمەدا بوێرانە گۆرانیی كوردیی لەگەڵ فیلمێكدا تێكەڵ دەكات كە فیلمەكە بە زمانی توركییە، قورساییەكی گەورە بە گۆرانیی كوردی دەبەخشێت.