كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی تەندروستی روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتیی و هاونیشتمانیان لە پارێزگای سلێمانی دەدا

 

وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتیی و هاونیشتمانیان لە پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە وتەی پەرلەمانتارێكی یەکێتی دەدات.

ئەمڕۆ شەممە 7/5/2022، د.ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە: "دەربارەی وتەكانی پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بەناوی بڕیار رەشید كە ئاماژەی بەوە داوە گوایە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێگری لە هاتنی دەرمان كردووە لە بەغداوە بۆ پاریزگای سلێمانی، لێرەوە بۆ رای گشتی و هاونیشتمانیانمان لە پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنین كە ئەمەی گوتراوە هیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە و جگە لە مەرامی سیاسیی و ورووژاندنی هەستی هاووڵاتییانی سلێمانی خۆشەویست هیچیتر نییە، چونكە ناوبراو بێ ئاگاداربووە لە چۆنیەتی هاتنی دەرمان لە بەغداو دابەشكردنی بەسەر پارێزگاكان ئەم قسانەی كردووە".

ئەوەش خراوەتە روو: "لێرەوە بە هاووڵاتییان لە هەرێمی كوردستان رادەگەیەنین كە هاتنی دەرمان لە رێگەی دامەزراوەی كیمادیاوە لە بەغدا راستەوخۆ دەگاتە كۆگای دەرمانی پارێزگاكان و ناگەڕێتەوە كۆگاكانی وەزارەتی تەندروستی تا بەشە دەرمانی پارێزگاكان دیاری بكات".

ئەوەش خراوەتە روو: "پێدانی بودجەی زیاتری كۆرۆنا كە لە بەغداوە دەگەیشتە هەرێمی كوردستان و دروستكردنی نەخۆشخانەی ئەڵمانی لە هەرێمی كوردستان و لە شاری سلێمانی شایەدی ئەو كارانەن كە ئەنجامدراوە لە پارێزگاكە و بەئەركی خۆشمان دەزانین خزمەتی هەموو پارێزگاكان بكەین بێ جیاوازی".