چالاکوانێکی ژینگە هۆکارەکانی زیادبوونی کارەساتی خۆڵبارین دەخاتە روو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

چالاکوانێکی ژینگە هۆکارەکانی زیادبوونی کارەساتی خۆڵبارین دەخاتە روو

"سەوزایی دەتوانێت رێژەی خۆڵ لە هەوا کەم بکاتەوە، بەڵام ناتوانێت کارەساتەکە رابگرێت"

مامۆستایەكی زانكۆ كە چالاكوانی ژینگەشە، ئاماژە بەوە دەكات، کارەساتی خۆڵبارین کارەساتێکی نوێ نییە و لەگەڵ بوونی بیابانەکان روودانی هەبووە، بەڵام زیادبوونی ئێستا هۆکارەکەی وشکە ساڵییە ئەمەش وادەکات زیانەکانی زیاتر بن بەتایبەت بۆ تەندروستی مرۆڤ و بەرهەمی کشتوکاڵی.

د. هەڵەت ڕەشید، مامۆستای زانکۆ و کارگێڕی ڕێکخراوی ئاییدە بۆ پاراستنی ژینگە، لە بابەتێكدا كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) هاتووە، بڵاویكردووەتەوە: "سەرچاوەی دروستبوونی خۆڵبارین ناوچە وشک و بیابانیەکانە کە نزیکە 35% رووبەری ووشکانی زەوی پێکدەهێنن، خاکی ئەم ناوچانە خاکێکی لماوی یان وورد و فشەڵە بە بوونی بای خێرا یان داکەوتنی هەوا(تەوژمە هەوای داکەوتوو)، ئەم کارەساتە دروست دەبێت و مەودایەکی فراوان بەشێوەی ستونی و ئاسۆیی دەگرێتەوە، کە هەندێک جار بەبەرزی شەش کیلۆمەتر و بەدوری شەش هەزار کیلۆمەتر بەبەرگی گازی بەهەودا بڵاودەبنەوە، کەواتە نەوەک رووبەری سەوزایی و دارستان و بەرزی دارەکان بەڵکو بەرزی شاخەکان و شێی دەریاو زەریاکانیش ناتوانن ببن بەبەربەست لەبەردەم بڵاوبونەوە و دابارینی خۆڵ و تۆزی ناوچە وشکەکان، بەمەش ساڵانە زیانی میلیۆنەها دۆلار لە زۆرینەی ووڵاتانی جیهان دەدەن".

دەشڵێت: "رەنگە پرسیاری ئەوە بکرێت ئەی بۆ باس لەوە دەکرێت دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی یان چاندنی دارو زیادکردنی رووبەری سەوزایی دەبێتە رێگر لەبەردەم کارەساتی خۆڵبارین، لەوەیە ئەم بابەتە بەواتا دروستە زانستیەکەی نەگەیشتبێت چونکە چاندنی دار و زیادکردنی سەوزایی ناتوانێت بنبڕی دیاردەی خۆڵبارین بکات، بەڵکو کاریگەریەکەی بەرێژەی 30% کەم دەکاتەوە و هەروەها یەک هێکتار لەدارستان(4 دۆنم = 10000م ²) ساڵانە دەتوانێ 18 میلیۆن مەتر سێجا، هەوا لەخۆڵ پاک بکاتەوە، بۆیە سەوزایی دەتوانێت رێژەی خۆڵ لەهەوا کەم بکاتەوە بەڵام ناتوانێت کارەساتەکە رابگرێت ، تەنها لە حاڵەتێک نەبێت ئەویش هەموو ناوچە ووشک و بیابانەکانی سەر زەوی هەمووی بکرێت بەدار و دارستان، ئەمەش ناتوانرێت چونکە زەوی ئەو ناوچانە خاکیان نەماوە تا روەک و داریان لەسەر بروێت و هەروەها خودی ناوچەکە گرفتی ئاوهەوای ووشک و کەمی دابارینی هەیە و ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوییان نیە بۆ ئاودێری کردن، بۆیە سەوزکردنیان کارێکی ئەستەمە لەتوانای مرۆڤدا نییە".

مامۆستای زانکۆ زیاتر گوتیشی: "کارەساتی خۆڵبارین کارەساتێکی نوێ نیە و لەگەڵ بونی بیابانەکان روودانی هەبووە، بەڵام زیادبوونی لە ئێستا هۆکارەکەی ئەو وشکە ساڵییەیە کەڕووی لەناوچەکە کردووە و هەروەها گۆڕانە خێراکانی کەشوهەوای ناوچەکەیە بەتایبەت ئەو گۆرانانەی لەپەستانی هەوای سەر ناوچەکە رۆژانە ڕوو دەدەن، ئەم هۆکارانە وایکردووە خێرایی با زیاد بێت و هەروەها بەهۆی زیادبوونی وشکییەوە خاکی ناوچەکە زیاتر فشەڵ بووە و زیاتر لێکهەڵوەشاوە بۆیە ژمارەی روودانی زیاتر بووە و ئەمەش وادەکات زیانەکانی زیاتر بن بەتایبەت بۆ تەندروستی مرۆڤ و بەرهەمی کشتوکاڵی.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ روونیشی دەكاتەوە: "یەکێک لەو بابەتانە ئەوترێت پێشتر حکوومەتی عێراق نەوتی رەشی بەکارهێناوە بۆ رێگری لە خۆڵبارین، بەڵام ئەمە راست نیە چونکە رژاندنی نەوت بەسەر ئەو رووبەرە فراوانە جگە لەوەی تێچووی ئابوری زۆرە، هەروەها پیسبونی ژینگەی لێ ئەکەوێتەوە و چارەسەری دیاردەکەش ناکات، هەندێکی تر زیاد بوونی ئەم دیاردەیان بە رودانی جەنگی ئەمریکا و عێراق و رۆیشتنی ئامێری سەربازی بەسەر بیابانەکان ئەبەستنەوە، ئەمەش بنەمایەکی زانستی نیە، چونکە بیابانەکان فراوانن و ئامێرەکانیش بەچەند رێگاو شوێنێکی دیارکراو تێ ئەپەرن، بەپێچەوانەوە بەشێکی زۆری بیابانەکان بەهۆی ئەوەی خاکی لمین ئامێری سەربازی قورس ناتوانن بەسەریدا برۆن، وەهەندێ بیابان جەنگی تێدا نەبوە کەچی سەرچاوەی خۆڵبارینن نەوەک بۆ ناوچەکانی دراوسێیان بەڵکو بۆ کیشوەرێکی تر، وەکو خۆڵبارینی بیابانی گەرورە لە باکوری ئەفریقیا کە خۆڵی دەریای ناوەراست دەبرێت و دەگاتە ووڵاتانی ئەورپا، وەهەندێ جار بە ئاراستە رۆژئاوا دەروات و زەریا دەبرێت و دەگاتە کیشوەری ئەمریکا".

شایانی باسە بەهۆی خۆڵبارین كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی بەهۆی وەستانی گەشتەكانیان زیانی زۆریان بەردەكەوێت، هەروەها لە رووی مرۆیش زیانی زۆر بەر هاوڵاتییان دەكەوێت، وێرای ئەوەی پڕۆژەی زۆری كشتوكاڵیش بەهۆی رەشەباوە تێكدەچن و لە نێو دەچن.

عێراق و هەرێمی كوردستان ئەمساڵ، لە ژێر كاریگەری خۆڵبارینێكی زۆر زۆردایە، تەنانەت لە ماوەی كەمتر لە مانگێكدا حەوت شەپۆڵی خۆڵبارینی چڕی بەخۆیەوە بینیووە كە هەندێك شارەزا بە خۆڵبارینی مێژوویی ناویان بردووە.