پەكەكە لە شەڕی خەندەقەوە بۆ شەنگال
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
کارزان گلی 07/05/2022

پەكەكە لە شەڕی خەندەقەوە بۆ شەنگال

شەڕی خەندەق لەنێوان پەكەكە و حكوومەتی توركیا، ماڵوێرانییەكی گەورە بوو بۆ خەڵكی باكووری كوردستان، كە تا 10 ساڵی تریش ئەو ماڵوێرانییە و كاریگەریی ئابووری و كۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەی شەڕی خەندەق لە زیهنی باكوورییەكان دەمێنێتەوە. هەرچی شرۆڤەیەك بۆ شەڕی خەندەق بكەیت ئاساییە، بەڵام ناتوانیت خۆت لەوە بدزیتەوە كە زیانمەندی یەكەم، نە حكوومەتی توركیا بوو و نە پەكەكە، بەڵكوو خەڵكی باكووری كوردستان بوو.

لە شەڕی خەندەقدا، پەكەكە لە زۆر ناوچەی باكووری كوردستان خەندەقی لە گەڕەكەكان لێ دابوو و حكوومەتیش بۆ دەركردنی پەكەكە شەڕی كۆڵان بە كۆڵانی دەست پێكرد، ئەنجام سەدان گەنجی باكووری كوردستان كوژران و هەزاران خانوو رووخان و زیاتر لە 200 هەزار منداڵ خوێندنی ساڵێكیان بەفیڕۆ رۆیشت و زیانە ئابوورییەكەی بە ملیار دۆلار لەسەر باكوورییەكان كەوت.

ئەگەر ئێستا بچیتە بەردەم گەورەترین بەرپرسی باڵای پەكەكە، لێی بپرسیت: سوودی شەڕی خەندەق چی بوو؟ رەنگە تەنیا باس لەو زیانانە بكات كە دووچاری باكووریان كردەوە، لەوە زیاتر هیچ سوودێكی تری نەبووە، بۆیە دەڵێم سوود، پەكەكە ئەو زیانانەی بەر باكوور كەوت لەو شەڕەدا بە (دەستكەوت و سوود!) دادەنێت.

پەكەكە دوای ئەو شەڕە، پێگەی جەماوەریی لە باكوور تا ئاستێكی زۆر لەدەست دا، چونكە باكووری كوردستان كۆبانێ و عەفرین نەبوو، بەڵكوو ئارامیی لێ بوو و خەڵك هیچ پێویستی بەوە نەبوو لە شەڕی كۆڵان بە كۆڵاندا شارەكانیان لەناو بچێت.

حكوومەتی توركیا باكی بەوە نییە، كە باكوور وێران دەبێت، یان رۆڵەی كورد لەناو دەچێت و دایكی كورد جەرگی دەسووتێت، ئەوەی گرنگە بەلای ئەوەوە، شەڕ بەرپا بێت، بەڵام لە باكووری كوردستان، نەك لە شارەكانی توركیا، بۆیە پەكەكە بەبێ ئەوەی رەچاوی هیچ شتێكی باكوورییەكان بكات، بڕیاری شەڕی دا و ئەنجام نەیتوانی بەرگە بگرێت و باكووری بەوێرانی بۆ سوپای توركیا بەجێ هێشت، جەرگی هەزاران دایكیشی سووتاند و باكووری كردە وێرانە.

هەندێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی سەر بە پەكەكە، شەڕی خەندەق بە دەستكەوت بۆ پەكەكە دەزانن لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام لەسەر حیسابی باكوورییەكان.

ئەوان پێیانوایە، پەكەكە دەیویست هێزێكی گەورەی سەربازیی پەكەكە بگەیەنێتە رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئەمەشیان پێویست بوو خاكی باكوور بەكار بهێنێت، بۆیە شەڕی خەندەقی كرد تا توركیا بەو شەڕەوە سەرقاڵ بكات، هێزەكەش بگەیەنێتە رۆژئاوا.

بەڵام ئایە دەكرێت زیانی گیانی و مادی بەر باكوور بكەوێت، تەنیا بۆ ئەوەی پەكەكە هەژموونی خۆی لە رۆژئاوا بسەپێنێت؟

حكوومەتی توركیا، لە شەڕی خەندەقدا سوودی زۆری بینی، بەتایبەت لەڕووی سیاسییەوە، چونكە بەتەواوی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكای گوت كە پەكەكە شەڕی بردووەتە كۆڵانان و ناچارن بەرگری لە خاكی خۆیان بكەن، ئەوكات ئەورووپا پاڵپشتی تەواوی توركیا بوو و نقەی لێوە نەهات، بەڵگەش بۆ ئەمە، باكووری كوردستان، دەیان هەزار خانووی لەو شەڕەدا رووخا و زیاتر لە نیو ملیۆن خەڵكی ئاوارەی شارەكانی تری توركیا بوون و خوێندن پەكی كەوت و وێرانەیەكی تەواو رووی لە باكوور كرد، بەڵام ئەورووپا هیچ گوشارێكی بۆ راگرتنی شەڕ نەخستە سەر توركیا، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی، وڵاتانی ئەورووپا لەو شەڕەدا پاڵپشتی توركیا بوونە.

با بگەڕێینەوە سەر شەنگال، پەكەكە دەیەوێت چیمان پێ بڵێت لە شەنگال؟ دەیەوێت بڵێت لەوێش شەڕی خەندەق دەكەم و ئەوێش بەرەو وێرانە دەبەم تا لە كۆتاییدا هێزێكی داگیركەر بەتەواوی لەوێ جێگیر بێت؟

پەكەكە ئەگەر وا بیر بكاتەوە سیناریۆی شەڕی خەندەق لە باكوور بە هەمان شێوە لە شەنگال دووبارە بكاتەوە هەڵەیە، چونكە ئەنجامەكەی وێرانبوونی شەنگال و راگرتنی پڕۆسەی خوێندن و كوشتنی هەزاران رۆڵەی كورد و ئاوارەبوونی هەزارانی ترە.

لە هەمووشی گرنگتر، پاڵپشتی ئەمریكا و وڵاتانی ئەورووپای لەگەڵ نییە، بۆیە ئەگەر بە كردار لە خەمی خەڵكی شەنگالدایە، دەبێ رێگە نەدەن شەڕ بكەوێتە كۆڵانان و بە رێگەی دیبلۆماسی و ئاشتی شەنگال و خەڵكەكەی لە غەزەبی شەڕ بپارێزن.

ئێزدییەكان، بەدرێژایی مێژوو زیاتر لە 70 جار كۆمەڵكوژ كراون، نابێت رێگە بدرێت ئەمجارەش پەكەكە ببێتە هۆكار بۆ ئەوەی جارێكی تر خاك و زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن.