مه‌حما خه‌لیل: بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی شنگالەوە داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەکەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مه‌حما خه‌لیل: بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی شنگالەوە داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەکەین

''پەکەکە بۆ ماڵوێرانیی ئێزدییەکان هاتووەتە شنگال''

مه‌حما خه‌لیل، په‌رله‌مانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی (باسنیوز)دا ڕایگەیاند، بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی شنگالەوە داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەکەن و گوتیشی، پەکەکە بۆ یارمەتیدانی ئێزدییەکان نەهاتووە بۆ شنگال و ئێستا خاک و خەڵکی شنگالی داگیر کردووە.

(باسنیوز): ئێزدییەکان بەردەوام داوا لە پەکەکە دەکەن شنگال چۆڵ بکات، بۆچی لەناو شنگالدا ماون و چۆڵی ناکەن؟

مه‌حما خه‌لیل: پەکەکە خاک و خەڵکی شنگالی داگیر کردووە و چۆڵی ناکات و تەنیا دەیەوێت شەڕ ڕوو بدات، هەربۆیە ئێستا خەڵکی شنگال باوەڕیان بە پەکەکە نەماوە و ئەوە لە هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراقدا خەڵکی شنگال بە دەنگی خۆیان گرووپە ناشەرعییەکانیان ڕەد کردەوە و کاندیدەکانی پارتییان سەر خست و چوونە ناو پەرلەمانی عێراقەوە بۆ ئەوەی داکۆکی لە کەیسی شنگال بکەن، ئێستاش خەڵکی شنگال دژی پەکەکە خۆپێشاندان دەکەن، چونکە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە پەکەکە تەنیا بۆ داگیرکردنی خاکی شنگال هاتووەتە ئەم دەڤەرە''.   

(باسنیوز): ئەو خەڵکەی گەڕابوونەوە شنگال جارێکی دیکە ئاوارە بوون، ئاخۆ ئەوە بەردەوامیدان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان نییە؟ کێ دەستی لەوەدا هەیە؟

مه‌حما خه‌لیل: پەکەکە بازرگانی بە شنگالەوە دەکات و لەناو شنگالدا خزمەتی دەوڵەتانی بیانی دەکات و بۆ خزمەتی خەڵکی شنگال نەهاتووە، بەڵکوو بۆ ماڵوێرانیی ئێزدییەکان هاتووە و ئەمە شتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ئێستا پەکەکە بەردەوامی بە جینۆسایدی ئێزدییان دەدات و بەردەوامە لە داگیرکردنی شنگال.

(باسنیوز): سوپای عێراق هەوڵ دەدات پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، هەڵوێستی حەشدی شەعبی چییە؟ بۆچی بێدەنگن؟

مه‌حما خه‌لیل: حەشدی شەعبی لە شنگال پشتیوانی لە پەکەکە دەکات و تەنانەت پێداویستیی سەربازی و مووچەش لە حەشد وەردەگرن و حەشد پێویستی بە پەکەکە هەیە و هەتا ئێستاش ڕێگری لە سوپای عێراق دەکەن و سوپا نەیتوانیوە ئەرکی نیشتمانیی خۆی لە بەرانبەر پەکەکەدا جێبەجێ بکات و پەکەکە سەروەریی عێراق و سوپای عێراقی پێشێل کردووە و دەستوور جێبەجێ ناکرێت و پەکەکە هەوڵ دەدات شەڕێکی نێودەڵەتی لە شنگال ڕوو بدات و خەڵکی ئێزدی تووشی ماڵوێرانی بکات و خەڵکی سڤیل بکوژرێن، ئێمە نامانەوێت بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکەوە شەڕی تورکیا ڕوو لە شنگال بکات، بۆیە داوا دەکەین پەکەکە شنگال چۆڵ بکات و جارێکی دیکە شەڕ و ماڵوێرانی لە شنگال ڕوو نەدات و ڕێز لە قوربانیانی ئێزدی لە شنگال بگیرێت.

(باسنیوز): چاره‌سه‌ری بۆ ڕەوشی ئێستای شنگال چییە؟

مه‌حما خه‌لیل: حکوومەتی عێراق ڕژد نییە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کە ئەو ڕێککەوتنە باشترین چارەسەرە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکانی شنگال و دوای کۆتاییهاتنی پشووی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەکەین کە تایبەت بێت بە قسەکردن لەسەر ڕەوشی شنگال، چونکە هەتا ئێستا سەبارەت بە ڕەوشی شنگال بێدەنگن و خۆی لێ بە خاوەن ناکەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی شارەکە.