كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 05/05/2022

یەكێتی و برادەرەكانی سێ ساڵە ئاگایان لە دنیا نەماوە!

چوارچێوەی ھەماھەنگی كە كەمینەیەكی عەرەبی شیعەی تیا كۆ بووەتەوە و لەدوای ساڵی 2003وە لە عێراقدا، بەڵام بەوەكالەت بۆ دەوڵەتێكی ئیقلیمیی دراوسێی عێراق، بڕیاربەدەستی یەكەمی عێراق بوون و بێجگە لە دزی و گەندەڵیی گەورە و كوشتوبڕی نەیارەكانیان، ھیچی تریان بۆ عێراق نەكردووە، ھاتوون بە ناوی دەستپێشخەرییەوە ئینشایەكیان لە چەند خاڵێكدا داڕشتووە كە پوختەكەی بەلای منەوە لە یەك دێڕدا كۆ دەكرێتەوە، ئەویش بریتییە لەوەی كە: ”گوێ مەدەن بە ھیچ، وەرن با ھەموومان وەك جاری جاران! حكوومەت پێك بھێنین و ھەر كەسە و مایەی خۆی''، واتە:

1- چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەكێتی و برادەرەكانیان، لە خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019ی بەغدا و شارە شیعەنشینەكانی عێراقەوە، ئاگایان لە عێراق و كوردستان و گۆڕانكارییە سیاسییەكانی دەوڵەتانی دەوروبەری عێراق و ناوچەكە و جیھان نەماوە و دەیانەوێت ھەروەك پێش خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 لێخوڕن و بێنەوە بۆ ناو دزی و گەندەڵی و كوشتوبڕی نەیارەكانیان و درۆن و مووشەك ھاویشتن بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا و ھەولێر!

2- چوارچێوە و یەكێتی و برادەرەكانیان، ئاگایان لەوە نەماوە كە ئامانجی سەرەكیی  خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019ی بەغدا و شارە شیعەنشینەكانی عێراق، ڕووخاندنی جۆری ئەو سیستەمە سیاسییە بوو كە بە درۆ پێی دەگوترا (تەوافوق)، چونكە یەكێك لە دروشمە سەرەكییەكانی ئەو خۆپشاندانانە بریتی بوو لە (الشعب يريد اسقاط النظام) واتە (گەل ڕووخاندنی سیستەمەكەی دەوێت)، دیسان واتە ڕووخاندنی ئەو سیستەمەی كە بەدرۆ پێی دەگوترا تەوافوق!

بڕیاری دەست لەكار كێشانەوەی عادل عەبدولمەھدی و بڕیاردان لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختەیش ھەر بۆ ئەوە بوو كە كۆتایی بە سیستەمی سیاسیی تەوافوقی درۆیینە بھێنرێت و جۆرێكی تر لە سیستەمی سیاسی لە عێراقدا \بە بەشداریی پێكهاتە سەرەكییەكان نەك هەموو حزبەكان\ بینا بكرێت و ھەر بۆ ئەم مەبەستەش بوو كە لەو خۆپێشاندانانەدا نزیكەی 740 كەس لە خۆپێشاندەران كوژران، زیاتر لە 21 ھەزار كەسیان لێ بریندار كرا و سێ ھەزار كەس ئەندامێك، یان زیاتری جەستەیان لەدەست دا و بوونە خاوەن پێداویستیی تایبەت، 170 كەسیش ڕفێنران و بێسەروشوێن كران.

چوارچێوە و یەكێتی و برادەرەكانیان، ئاگایان لەوە نەماوە كە خۆپیشاندەران پاش ئەو هەموو قوربانییە زۆرە، بە یەك مەرجی سەرەكی وازیان لەو خۆپێشاندانانە ھێنا، ئەویش ئەوە بوو كە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت و دوای ئەوەش سیستەمێكی سیاسی لە عێراقدا بنیات بنرێت، لەو سیستەمە نەچێت كە لە دوای ساڵی 2003وە لە عێراقدا بە درۆ ناو نرابوو تەوافوق بەڵام لە ڕاستیدا سیستەمی بڕیاربەدەستە دز و گەندەڵ و بكوژەكان بوو و خەڵكی عێراقیان داڕزاند و عێراقیان كردە وێرانە و وڵاتی دز و چەتە و بكوژەكان و وازیشیان نەھێنا ھەتا ئەم دزی و چەتەیی و پیاوكوژییەشیان گەیاندە سلێمانی و سلێمانییشیان بە دەردی بەغدا برد... جا ئێستا:

3- چوارچێوەی ھەماھەنگی و یەكێتی و برادەرەكانیان، دەیانەوێت بڵێن ئەگەر لە خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019ی بەغدا و شارە شیعەنشینەكانی باشووری عێراقدا 740 كەس كوژراون، ئەوە بۆ ھیچ ئامانجێكی سیاسی نەبووە و فشەیە! زیاتر لە 21 ھەزار كەس بریندار بوون، ئەویش بۆ ھیچ ئامانجێكی سیاسی نەبووە و فشەیە! كە سێ ھەزار كەسیش بوونە خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەوەش بۆ ھیچ ئامانجێكی سیاسی نەبووە و ئەویش فشەیە! 170 كەس ڕفێنران و بێسەروشوێن كران، ئەویش بۆ ھیچ ئامانجێكی سیاسی نەبووە و بە هەمان شێوە فشەیە! بۆیە وەرن با جارێكی تر سەر بنێین بە یەكەوە بە ناوی تەوافوقەوە و ئەم جارەش ھەروەك جاری جاران! حكوومەتێك پێك دەھێنین و ھەركەسەو مایەی خۆی! واتە:

ئێمەی چوارچێوەی هەماهەنگی و برادەرەكانمان لەسەر دزی و گەندەڵی و پیاوكوشتن و ڕفاندنی نەیارانمان و ئینجا لەڕێگەی گرووپە چەكدارە میلیشیاكانمانەوە، بەردەوام دەبین لەسەر ھاویشتنی مووشەك و درۆن بۆ ناوچەی سەوزی بەغدا و ھەولێر، ئێوەش بۆ خۆتان ھەر خەفەت بخۆن و ھەر بەیاننامەمان دژ دەربكەن و ھەر ئیدانەمان بكەن! بە بڕوای شەخسیی خۆم، ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگی و برادەرەكانیان سوور بن لەسەر پێكھێنانەوەی حكوومەتی تەوافوقی درۆیینە و ھیچ ڕێگەچارەی سیاسی نەما، جارێكی تر عێراق پێویستی بە خۆپێشاندانێكی گەورەتر لە خۆپێشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 ھەیە بۆ ئەوەی ئەم جارە نەك بە ھەڵبژاردن، بەڵكوو ھەر بەو خۆپێشاندانانە، ئەوانە ڕابماڵن كە لە ساڵی 2019 پێیان گوترا: بڕۆن ملتان بشكێنن، چونكە (الشعب يريد اسقاط النظام).