حه‌یده‌ر شه‌شۆ: پەکەکە لە هەر شوێنێک بێت ماڵوێرانی ڕوو لەو شوێنە دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

حه‌یده‌ر شه‌شۆ: پەکەکە لە هەر شوێنێک بێت ماڵوێرانی ڕوو لەو شوێنە دەکات

“خەڵکی شنگال داوای جێبەجێکردنی بەپەلەی رێکكەوتنی شنگال دەکەن”

حه‌یده‌ر شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی هێزی ئێزدخان لە شنگال، پێ وایە چەکدارانی پەکەکە لە هەر شوێنێک بن، ماڵوێرانی روو لەو شوێنە دەکات و بەڵگەش بە عەفرین و شنگال و ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەهێنێتەوە. هاوکات جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ڕێکكەوتنی شنگال چارەسەری دۆخی نائارامیی شارەکە بەدەستی پەکەکەوە دەکات، دەشڵێت: ”هەر لەسەرەتاوە پەکەکە بۆ ئازادیی ئێزدییەکان نەهاتووەتە شنگال، بەڵکوو بۆ بەرژەوەندیی خۆی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ئیقلیمی هاتووە“.

جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنی شنگال

حه‌یده‌ر شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی هێزی ئێزدخان لە شنگال، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، ڕێکكەوتنی شنگال گرێدراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدایە و ئەگەر بە رژدی جێبەجێ بکرێت، ئەوا بارودۆخی شنگال ئارام دەبێتەوە و ئەو لایەنەی، کە ئێستا شەڕ لەگەڵ سوپای عێراقدا دەکات، ئەو توانایەی نامێنێ ببێتە هۆکاری ئاڵۆزی لە شنگال و دەکرێتە دەرەوە، گوتیشی: ”دەبوو هەر لە کاتی ڕێکكەوتنەکە سەقفی زەمەنی داندرابوایە و نەتەوە یەکگرتووەکان راستەوخۆ سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی ڕێکكەوتنەکەی بکردایە، ئەوکات دۆخەکە بە ئێستا نەدەگەیشت، ئێمە وەکوو خەڵکی شنگال، کە زۆرینەی رەهای خەڵکەکەدەخوازێت ئەو ڕێکكەوتنە پەلەی تیادا بکرێت و لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکرێت، تاوەکوو ببێتە هۆی چارەسەری کێشە ناوخۆییەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان، هەروەها بەرژەوەندییەکانی ئەو گرووپانەش کۆتایی پێ بێت، کە بوونەتە هۆکاری نائارامی و ئاڵۆزییەکانی شنگال“.

عێراق لەلایەک شەڕ و لەلایەکی دیکە بە پارە و چەک هاوکاریی پەکەکە دەکات

لەبارەی ئەوەی کە پەکەکە لەلایەن عێراق و حەشدی شەعبییەوە پاڵپشتیی ماددی و چەک دەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە سوپای عێراق شەڕ لەگەڵ پەکەکەدا دەکات، لەو دۆخەدا چۆن دەکرێ ڕێکكەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و ئەوە چۆن لێکدەدرێتەوە، حەیدەر شەشۆ، فه‌رمانده‌ی هێزی ئێزدخان لە شنگال، گوتی: ”ئەوە هەقیقەتێکە، کە چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە میدیاکانەوە خۆیان دەڵێن ئێمە سەر بە حەشدی شەعبین، لە هەمان کاتیشدا دەڵێن، ئێمە بڕیاری خۆمان لە حەشد وەرناگرین، بەڵکوو ئێمە لە واقعدا پەکەکەین و بڕیار و ڕێنمایی ئێمە لە قەندیل دەردەچێت، واتا حکوومەتی عێراق بەشێوەیەکی دووفاقی مامەڵە لەگەڵ پەکەکەدا دەکات، کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی تورکیا بێت و وەکوو پەکەکە سەیری ئەو هێزانە بکات و شنگال بۆردومان بکات، لەبەرئەوە گرنگە ئەو پرسە یەکلا بكرێتەوە“.

تەنیا حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شنگال راستگۆیە

حەیدەر شەشۆ، لەبارەی بوونی پەکەکە لە شنگال، كە بووبێتە هۆكاری شەڕی نێوان ئێران و تورکیا، ڕایگەیاند، ئێران و تورکیا لەسەر پەکەکە نایکەن بە شەڕ، بەڵکوو بوونی پەکەکە لە شنگال بۆ بەرژەوەندییەکانی پەکەکە و ئێران و تورکیاشە، گوتیشی: ”هەرگیز ئێران و تورکیا لەسەر پرسی پەکەکە لە شنگال نایکەن بە شەڕ، چونکە پەکەکە بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئێران و تورکیاش دەپارێزێت، ئەوەی هەیە تەنیا قوربانیی ئێزدییەکان و خەڵکی شنگالە بەدەستی بەرژەوەندییەکانی پەکەکە و ئیقلیمییەوە، کە لەلایەک حەشد و گرووپەکانی پەکەکە لەناو حەشد بەرژەوەندییەکانی ئێران دەپارێزن و لەلایەکی دیکەوە گرووپەکانی دیکەی پەکەکە بەرژەوەندیی تورکیا دەپارێزن و دەستکێشیی بۆ دەکەن، کە بێتە شنگال، ئەوەی هەیە تەنیا حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە تاوەکوو ئێستا سازشی لەسەر بەرژەوەندیی حزبی و سیاسی بۆ هیچ لایەک نەکردووە و ئامانجی پاراستنی ئێزدییەکان و خەڵکی شنگالە، بەڵام لەبەرئەوەی لایەنەکانی دیکە جدیی نین لە چارەسەرکردنی دۆخەکە و هەمووان بەرژەوەندیی خۆیان دەوێ، بۆیە شنگال بووەتە قوربانیی ئەو دۆخە“.

سەبارەت بەوەش، کە پەکەکە بەر لە هاتنی بۆ شنگال و لە کاتی شەڕی داعش پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد، کە ئێزدییەکان دەپارێزێ، ئێستاش خۆی بووەتە هۆی ئاوارەیی و دەربەدەریی خەڵکەکەی، حەیدەر شەشۆ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هیچ کات پەکەکە بۆ ئازادیی خەڵکی شنگال نەهاتووە، بەڵکوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی و ئیقلیمی هاتووە، گوتیشی: “هەر شوێنێک پەکەکە بۆی چووبێت، ماڵوێرانی ڕووی لەو شوێنە کردووە، ئەوەتا لە عەفرینەوە تا دەگات بە شنگال و ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەهۆی بوونی پەکەکەوە، بوونەتە ناوچەی شەڕ و هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا، تەنانەت سوپای تورکیاش رووی لەو ناوچانە کردووە، لەبەرئەوە بابەتەکە روونە،ی هاتنی پەکەکە هەر لە سەرەتاوە تاوەکوو ئێستا بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی، ئەوان بۆ ئازادی نەهاتوون، بەڵکوو بۆ وێرانی هاتوون، ئەگەر راست دەکەن ئەوە لە کوردستانی باکوور ٢١ پارێزگای کوردی هەیە با بڕۆن خەباتی تێدا بكەن، بەڵام سەیرکەن چییان لە عەفرین و رۆژئاوای کوردستان کردووە، بە سەدان گوندیان لە هەرێمی کوردستان وێران و خەڵکەکەشیان دەربەدەر کردووە، چییان لە شنگال کرد، زۆر گرنگە راگەیاندنەکانی هاوشێوەی ئێوە، باس لە نەهامەتییەکانی هاتنی پەکەکە بکەن و ڕێگە نەدرێ پەکەکە بۆ هیچ شوێنی دیکە بچێت و وێرانی بکات“.