كچێكى هیندی هاوسەرگیری لەگەڵ خزمێکی خۆى کردووە، دوای ئەوەی زاواکە نەیتوانی لە کاتی خۆیدا بگاتە ئاهەنگی هاوسەرگیرییهكهیان، شووی بە كەسێكی دیكە كرد.
بە گوێرەی ماڵپهڕى (ئیندیا تودهى)ى هیندى، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە بۆ رۆژی 22ی نیسان لە گوندی (مالکاپور پانگرا)ى شارى (بولدهنا)ى هیندستان دانرابوو و هەموو ئامادەکارییەکانیش بۆ زەماوەندەکە لە کاتژمێر 4ی ئێوارە تەواو كرابوون.
بووکەکە و خێزانەکەی لە چاوەڕوانیی گەیشتنی زاواکە بۆ شوێنی ئاههنگهكه مانەوە، بەڵام زاوا تا کاتژمێر 8ی ئێوارە نەگەیشت، بە گوتەی ئامادەبوان، زاواکە و هاوڕێکانی بههۆى خواردنهوهى مادده كهوولییهكانهوه مهست بوونه و سەمایان کردووە و دوا كەوتوونە، بۆیە كە بە درەنگەوە زاواکە دەگاتە شوێنی ئاهەنگی هاوسەرگیری، باوکی بووکەکە ڕەتی دەكاتەوە کچەکەی پێ بدات.
هەموو ئامادەکارییەکان بۆ زەماوەند كرابوون، بووكەكە ئامادە بوو، بۆیە باوکی ڕاوێژی بە خزمێکی کرد، کە لە ئاهەنگەکەدا ئامادە بوو، بۆ ئەوەی كچەكەی لێى مارە بكات و ئەویش رازی بوو.
باوکی بووکەکە لەوبارەوە رایگەیاند: "بڕیار بوو زەماوەندی كچەكەم له ئێوارەی 22ی نیساندا بكرێت، بەڵام زاوا بەهۆی سەرقاڵبوون بە سەماوه دوا كەوت، بۆیە کچەکەم لە خزمێکی دیكەم مارە كرد و هاوسەرگیری لەگەڵ كرد".