ئاشتى كۆچه‌ر: پەكەكە، شنگال رووبەڕووی جینۆسایدێكی دیكە دەكاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئاشتى كۆچه‌ر: پەكەكە، شنگال رووبەڕووی جینۆسایدێكی دیكە دەكاتەوە

بەهۆی پەكەكەوە زیاتر لە 600 خێزانی شنگال دووبارە ئاوارە بوونەوە

ئاشتى كۆچه‌ر، به‌رپرسی لقی 17ی پارتى لە شنگال، لە چاوپێكه‌وتنێكیدا بۆ (باسنیوز) رای دەگەیەنێ پەكەكە داردەستی وڵاتانی ئیقلیمییە و بە چەك و پارەی ئەوان ئەجێنداكانیان جێبەجێ دەكات. دەشڵێ پەكەكە شنگال رووبەڕووی جینۆسایدێكی دیكە دەكاتەوە، هەر بەهۆی ئەم شەڕە نوێیەی پەكەكەشەوە، زیاتر لە 600 خێزانی شنگال دووبارە ئاوارە بوونەوە.


(باسنیوز): بەهۆی ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پشتیوانیی لە گرووپە ناشەرعییەكانی سەر بە پەكەكە دەكات لە شنگال بمێننەوە، بۆ ئەوەی پارتی و دەسەڵاتی شەرعی نەگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، ئایا شنگال بێ پارتی ئیدارە دەدرێ؟

ئاشتى كۆچه‌ر: حەشدی شەعبی بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی پەكەكە دەكات، چونكە ئەگەر پشتیوانیی حەشد نەبێت، پەكەكە ئەو هەموو چەك و پارەیە لە كوێ دێنێ، جگە لەو پشتیوانییەی حەشد، پەكەكە لە خانەسۆر و چەند شوێنێكی دیكە قاچاغی دەكات و داهات كۆ دەكاتەوە، ئێستا رۆژانە لە شنگال گرتن و كوشتن و رفاندن و دزی و تاڵانكردنی ماڵی هاووڵاتییان پەیڕەو دەكرێ، چونكە هیچ یاسا و ئارامییەك لە شنگالدا نییە، هەر كاتێك پارتی بگەڕێتەوە شنگال، ئەوا دۆخەكە دەگۆڕێ و ئەو تاڵانی و تاوانكارییانە ناهێڵێ و ئارامی بۆ دەگێڕێتەوە، چونكە پارتی لەگەڵ شنگال و خەڵكەكەی دایە و خەڵكی شنگالیش لەگەڵ پارتی دایە، هەڵبژاردنیش ئەوەی سەلماند، بەڵام پەكەكە و حەشد و گرووپە ناشەرعییەكان نەیانتوانی هیچ كورسییەك بەدەست بێنن، ئەوەش شكست و دۆڕانێكی گەورە بوو بۆ ئەو گرووپە نایاسایی و گێرەشێوێنانە. هەر بۆیە ئاستەنگ لە رێی گەڕانەوەی پارتی بۆ شنگال دروست دەكەن و ناهێڵن رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی شنگال جێبەجێ بكرێت.

(باسنیوز): لە رۆژی 2ی5 شەپۆلێكی كۆچی پێچەوانەی خەڵكی شنگال بەرەو هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، ئەگەر زانیاریتان هەبێ تا ئێستا چەند كەس ئاوارە بوونەتەوە؟

ئاشتى كۆچه‌ر: لە رۆژی 2ی5ی2022 زیاتر لە 600 خێزانی خەڵكی شنگال دووبارە ئاوارە بوونەوە، كە ژمارەیان سێ هەزار و 500 كه‌س دەبێ، ئاشكراشە كە پەكەكە نایەوێ شنكال ئارام و سەقامگیر بێ، هەرگیز ناشتوانێ ئیدارەی شنگال بكات، ئەوە هەشت ساڵە خەڵكی ئاوارەی شنگال لەناو كەمپەكان لە هەرێمی كوردستاندا دەژن، خەڵك بەو سەرما و گەرمای لەناو كەمپەكاندا ماوەتەوە و چەند جارێكیش خێوەتیان سووتاون و قوربانییشی لێ كەوتووەتەوە، بەڵام بەو هەموو حاڵەشەوە ئامادە نیین بگەڕێنەوە بن دەسەڵاتی پەكەكە و حەشدی شەعبی، تا ئەو رۆژەی پارتی و پێشمەرگە دەگەڕێنەوە ناوچەكە و ئارامی و ئاساییشی بۆ دەگێڕنەوە.

(باسنیوز): ئامانجی پەكەكە لە دروستكردنی ئاڵۆزی لە شنگال چییە و بۆ شەڕ لەگەڵ سوپای عێراقدا دەكات؟

ئاشتى كۆچه‌ر: په‌كه‌كه‌ بووە بە داردەستی وڵاتانی ئیقلیمی و لەبەرامبەر پارەدا ئەجێنداكانیانی ئێران و توركیا و حەشدی شەعبی جێبەجێ دەكات، ئامانجیشی لە مانەوە لە شنگال بۆ بەكوشتدانی گەنجان و هەڵگیرساندنی فیتنەیە لەناویاندا، ئەگەر راستە و كوردایەتی دەكەن، بۆ ناچن بۆ گۆڕەپانی راستەقینەی خۆیان خەبات بكەن؟ سەرانی ئەو حزبە لە قەندیل سیاسەتێكی هەڵە پەیڕەو دەكەن و رۆشنبیر و كوردپەروەر و ئەكادیمی لە باكوور دەڕفێنن و دەستگیر دەكەن، لە رۆژئاوا خەڵكی شۆڕشگێڕ و ئەكادیمی و رۆشنبیر لە دەستیان را دەكات، ئێستاش لە شنگال شەڕی سوپای عێراق دەكەن و دەیانەوێ فیتنە لە شنگالدا هەبێ و ئارامیی بۆ نەگەڕێتەوە.

(باسنیوز): بۆچی دانوستاندن لەنێوان پەكەكە و سوپای عێراقدا لەسەر شەڕ دەكرێت؟

ئاشتى كۆچه‌ر: پێویست بوو بەر لە پێنج شەش ساڵ عێراق هەنگاوی بۆ نەهێشتنی پەكەكە و هێزە گرێدراوەكانی لە شنگال نابوایە، ئێستا توركیا بە عێراق دەڵێ ئەگەر خۆت ناچیتە ناو شنگال ئەوا ئێمە دەچین، مستەفا كازمی، سەرۆكی حكوومەتی عێراق بە جدیی كار لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی شنگال دەكات، ئەگەر رێگرییەكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی نەبووایە دەمێك بوو رێككەوتننامەكە جێبەجێ دەكرا و وەك بەر لە جینۆساید ئیدارەی هاوبەش پێك بهێنرێ و ئاوارەكان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بۆیە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین بە جدیی كار بكات بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ شنگال و جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی شنگال.

(باسنیوز): پەیامی ئێوە وەكوو لقی پارتی لە شنگال بۆ گەنجانی شنگال سەبارەت بە شەڕكردن لەگەڵ سوپای عێراق چییە؟

ئاشتى كۆچه‌ر: ئێمە لە رێی (باسنیوز)ەوە پەیامی خۆمان رادەگەیەنین و داوا لە بابا شێخ و میرێ ئێزدییان و ئەنجومەنی رۆحانی ئێزدییان دەكەین و خۆیان لە خەڵكی شنگال بكەن بە خاوەن، لە شنگالدا خەڵكی بێ لایەن و پێكهاتەی جۆراجۆری كوردی ئێزدی و موسڵمان و مەسیحی هەن و هەموویان پێكەوە دەژین، با سەرۆك هۆز و كەسایەتییەكانیان پێكەوە چارەسەرێك بۆ دۆخی شنگال و گەنجانی شنگال بدۆزنەوە، بۆ ئێمە روون بووەتەوە، كە خەڵكەكە لەگەڵ پارتی دایە، بەڵام لەبەر ئەوەی بارودۆخی ژیانی خەڵكەكە لەبن دەسەڵاتی پەكەكە و میلیشیاكان خراپە، بۆیە گەنجەكانیان ناچار بوونە بچنە ناو ریزەكانی پەكەكە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، بەڵام كاتێك كە شەڕ دەچێتە ناو ماڵەكانیان و جینۆسایدێكی دیكە بەسەر شنگالدا دێت، داوا لە گەنجانی شنگال دەكەین، كە دەستبەرداری پەكەكە و میلیشیاكان بن و جێیان بهێڵن، بۆ ئەوەی شەڕ و كوشتار و جینۆساید نەكەوێتەوە ناو خەڵكی شنگال.