كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 30/04/2022

ئاغای بافڵی، نیوەی داهاتی سلێمانی تەسلیم كە قەیران نامێنێت

دەگێڕنەوە لە دێرەزەماندا پاشای وڵاتێک فەرمانی دا، ھەر کەسێک سەری فڵان کەسم بۆ بھێنێت، ھەرچی داوا بکات من بۆی دەکەم. ئاغایەکی دەستڕۆیشتوو لە ناوچەکەدا ھەبوو، چەند گوندێک لەژێر دەستیدا بوون، ئەو کەسەی دەستگیر کرد، کە پاشا داوای کردبوو، یەکسەر کوشتی و سەری لە لاشەی جیا کردەوە، سەرەکەی لەناو پارچە قوماشێک دانا و بەرەو کۆشکی پاشا لە پایتەخت بەڕێ کەوت، بۆ ئەوەی ھەم دیارییە پڕ بەھاکەی وەربگرێت، ھەم زیاتر لای پاشا شیرین و دیار بێت و دەسەڵاتی زیاتری پێ بدرێت.

کە ئاغا چووە کۆشکەکەی پاشای وڵات، ڕێزێکی زۆریان لێ گرت و گوتی ئاغا بڵێ چیت دەوێت؟ ئاغا مەكربازانە گوتی: پاشا خۆش بێت، ئەوە ئەرکی سەرشانم بوو تەنیا ڕەزامەندیی تۆ و سێبەری تۆ لەسەر سەرمان بێت بەسە!
پاشاش گوتی: ئاغا لە وەفاداریی تۆ دوودڵ نابم، بەڵام دیارییەکت ھەر پێ دەدەم، تۆ ئیشێکی مەزنت بۆ من کردووە، بۆیە داوای شتی گەورە بکە؟
ئاغاش دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر گوتی: پاشا مادام ھەر دیارییەکم پێم دەدەی، ھەندێک پارەم پێ بدە کە من نوێنەری تۆم لەو گوندانە، بۆ ئەوەی بتوانم بە ناوی تۆوە ھاوکاریی خەڵک بکەم!

پاشا گوتی: ئاغا پارەت ھەر پێدەدەم، شتی گەورەتر لە پارە داوا بکە.
ئاغاش گوتی: پاشام خۆش بێت، لەسایەی حوکمڕانیی ڕەشیدی تۆ ھیچ نە لە ئێمە و نە لە گوند کەم نییە، ئەگەر بتوانی دوو ئەوەندە پارەمان پێ بدەیت.
پاشاش پێکەنی، ئەو پارەیەی ئاغا داوای کرد پێی دا و گوتی: ھەر وا بزانە ھیچت داوا نەکردووە.

ئاغا کە گەڕایەوە، بەرپرسی وڵات، کە کاروباری ئەو گوندانەی بەڕێوە دەبرد، بانگی ئاغای کرد. بەرپرس بە ئاغای گوت: کە چووی بۆ لای پاشا چیت لێی داوا کرد؟
ئاغا گوتی: داوای بڕە پارەیەکم لێ کرد!
بەرپرس بە سەرسوڕمانەوە گوتی: ئاغا، پاشا پارەی ھەر پێت دەدا، تۆ ئیشێکی گەورەت بۆی کرد، بۆ داوای قوتابخانەیەکت بۆ گوند نەکرد، یان شەقامێکی قیرتاوی جوان کە لە شارەوە بێت تا گوند؟
ئاغاش ساختەچی بوو گوتی: منیش ئەو شتانە دەزانم، ئەگەر داوای ئەو شتانەم بکردایە، ئەوکات لە بەرژەوەندیی ھەموو خەڵکی گوند دەبوو، گوندیش پێش دەکەوت، خەڵکی گوندیش ڕۆشنبیر و زانا دەبوون، کە خەڵک خوێندەوار بوو من بە ئاغای خۆیان دانانێن، بەڵام بەم شێوەیە، کە خەڵک ھەر نەخوێندەوار بێت، ھەم من بەتەنیا دەوڵەمەند دەبم و ئاغایەتییەکەی خۆم لەدەست نادەم، ھەم کوڕ و نەوەکانی منیش دەبنە ئاغا، گوندیش لەژێر دەستماندا ھەر بە نەزانی دەمێنێتەوە!

جا مەسەلەی کاک بافڵیش ھەمان مەسەلەی ئاغاکەیە، حەزی لە بەش و پشکی خۆیەتی لە غاز، لەجیاتی ئەوەی وەکوو ئاغا بەڕاشکاوانە داوای پشک بۆ خۆیان بکات، بە خەڵکەوە گرتوویەتی، دەڵێت: ”نامانەوێت مەینەتییەکی تر بەسەر ھەرێمەکەماندا بێت! مەگەر بۆریی غاز بەسەر لاشەی مندا رابكیشرێت!“

ئاغای بافڵی، سەرەتا ئێوە کەمینەن نەك زۆرینەن، بڕیاردەریش نین بەڵکوو تەنیا وەکوو تووتی قسە دووبارە دەکەنەوە، کە پێتان دەڵێن لەدەرەوەی ھاوکێشەن، مەبەست ئەوەیە ئەگەر پرۆژەکە سەری گرت، نە لاشەی تۆ و نە لاشەی ھەموو ئەوانەی ئاراستەتان دەکەن، ناتوانن ڕێگری لە ھەناردەکردنی غاز بگرن بۆ ئەورووپا بكەن. پرسی وزە ڕەھەندی نێودەوڵەتیی ھەیە، نەک ڕەھەندی شارچێتی و ئاغاچێتی و مافیاچێتی، تاوەكوو بە دڵی خۆت و بەھەڕەشەکانەوە بیجووڵێنیت.

مەینەتییەکانی ھەرێمی كوردستان ئەگەر چەند بن، لە سلێمانی دە ئەوەندەن، لەدوای ھەشتی تەمووزەوە خۆت بەتەنیا حاکمی ڕەھای سلێمانییت، بەڵام بەدرێژایی سی ساڵی ڕابردوو سلێمانی وا زەلیل نەبووە کە ھەر بە دەستی حزبەکەت بووە، بەدرێژایی ئەم ھەشت مانگە سەد مەینەتیی دیكەت بەسەر خەڵکی سلێمانیدا زیاد کردووە، شارت غەرق کرد لەناو زبڵ و خاشاک، سووکایەتی بە مووچەخۆران و بە پێشمەرگە دێرینەکان دەكەیت، خانەنشین گیانی سپارد لە سەرەی مووچەدا، شاری مەزنت کرد بە گوندێکی وێران، سەد حاکمی ھەیە، بەڵام بێ خاوەنە!

ئاغای بافڵی، وەکوو چۆن ئاغا حەزی لە گوندی نەزان بوو، جەنابت حەزت لە شاری دوور لە یاسایە، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر قاچاخچێتی بکەن، ھەمیشە پیلان دادەنێن بۆ ئەوەی لەژێر ناوی ئیرادە و تەسلیم نەبوون بە حکوومەتەوە شار وێران بکەن. بەربەست بۆ حکوومەت دروست دەکەن، بۆ ئەوەی نەتوانێت چاکسازی بکات، دۆخی خەڵک باش بکات و یاسا بكات بە سەروەر، وڵات لە ھەموو ڕوویەکەوە پێش بخات، چونکە قاچاخچی و مافیا و چەتە لە وڵاتی بێ یاسا و پڕ قەیراناوی دەحەسێنەوە، لە دۆخی خراپی خەڵک دەتوانێت شەڕ بە خەڵک بکات، پارەی زیاتریشی دەست بکەوێت، نەک کە دۆخی خەڵک باش بێت و وڵاتی یاسا سەروەر و پێشکەوتوو بێت.

ھەروەک چۆن ئێوەمانان، کە کەرکووکتان بە دار و بەردەوە بە دەستی ئێوەوە بوو، ھەر خۆتان حاکمی یەکەم و کۆتایی بوون، بەڵام بۆ ئەوەی کورد نەگات بە ئامانج و کوردستان سەربەخۆ نەبێت، دەستکەوتەکە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان نەبێت، کەرکووکتان فرۆشت، ئەجێندای ئەملا و ئەولاتان پراکتیزە کرد، بەڵێنی چەند تانکەرە نەوتێکی قاچاخ و چەند پۆستێکی شەخسیتان وەرگرت، لە ئەنجامدا تەنیا خۆتان سوودمەند بوون، کەرکووک و کوردانی کەرکووک و خورماتوو و کوردستان بەگشتی زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی بوون، لەو دۆخەی دروستتان کرد.

خۆت بەرپرسی یەکەمی لەو ھەموو مەینەتی و قەیرانەی لە سلێمانیدا ھەیە، کە لەسەرووی خۆت ئاراستە دەکرێن، بۆ ئەوەی ھەم بتوانی قاچاخچێتیی زیاتر بکەی، ھەم بتوانی سلێمانی وەکوو بەربەستێک بەکار بھێنی، بۆ ڕێگردن لە بەرەوپێشچوونی ھەرێم بۆ قۆناغێکی تر کە دەرچوونە لە قەتیسبوونی ناوچەکە، بە پیلانی وڵاتانی ئیقلیمی، ئێستاش ھاتووی شین و ڕۆڕۆ بۆ خەڵک دەکەی، باسی مەینتییەکان دەکەی!

ئاغای ھاوسەرۆک، جەنابت دەمێکە پیلان دادەنێیت کە سلێمانیش بە دەردی کەرکووک ببەیت، بەڵام حکوومەتی ھەرێم چەند جارە پیلان و لوغمە یەک لەدوای یەکەکانی تۆ پووچەڵ دەکاتەوە، ئێستاش بۆ شاردنەوەی عەیبەکانی خۆت، ئەم قسە بریقەدارانە دەکەی و دەتەوێت خۆت وەکوو پاڵەوان پیشان بدەی، کە لە خەمی خەڵکدایت، زۆر نا، کەمێک واز لەو قاچاخچێتییە بھێنە، ھەموو داھاتیش نا، نیوە یان شتێ کەمتر لە نیوەی داھاتی سنوورەکەت رادەستی حکوومەت بکە، من لێرەوە بەڵێنت پێ دەدەم، نە مەینەتیەک، نە ھیچ قەیرانێک لە ھەرێمی کوردستاندا نامێنێت، پێش ھەموان لە سلێمانی.