شاندێکی باڵای سەربازیی عێراق سەردانی شاری شنگال دەکات.
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، ئەمڕۆ شەممە 30-4-2022، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر یاروڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و ئەندامێتیی فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی و ئەمنی، سەردانی شنگالیان کردووە.
شاندە باڵا سەربازییەکەی عێراق یەکە سەربازییەکان بەسەر دەکەنەوە و بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئەمنی و هەواڵگریی شنگال دەکەن.
پێشتریش لە رۆژی پێنجشەممە 21-4-2022 شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، سەردانی شنگالی کرد.
سەردانی ئەو شاندە سەربازی و ئەمنییانەی عێراق بۆ شنگال دوای رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای عێراق، دێت.
شنگال شارێکی کوردستانە و دەکەوێتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە رووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە.