ژمارەیەک گەنجى شارەدێى زەڕایەنى سەر بەقەزاى شارەزوور، لە هەڵمەتێکدا نزیکەى 13 میلۆن دینارى عێراقیان بۆ ئەو گەنجە شۆفێرە کۆکردەوە، کە دوێنێ لە بەردەم تونێلى دەربەندیخان لە ڕووداوێکى هاتووچۆدا تەنکەرەکەى گڕى گرت و زیانێکى زۆرى بەرکەوت.
عیماد حەمید، یەکێکە لەو گەنجانەى شارەدێى زەڕایەنى سەر بە قەزاى شارەزور، کە هەڵمەتەکەیان ڕاگەیاندوە، بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: "دوێنێ پێنجشەممە ڕوویداوێکى هاتووچۆ لە بەردەم تونێلى دەربەندیخان ڕوویدا و تەنکەرى گەنجێک سووتا و زیانى زۆرى بەرکەوتبوو، ئێمەش دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى، وەک ژمارەیەک گەنجى شارەدێى زەڕایەن، هەڵمەتێکمان ڕاگەیاند بۆ کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ ئەو گەنجەکە کە ناوى (جیهاد)ە، چونکە لە نزیکەوە دەیناسین و ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەى (تەنکەر) کە پێى بوو، بژێوى ژیانى سێ خێزانى پێ پەیدا دەکرد، بەڵام لەو ڕووداوەدا گڕى گرت و زیانێکى زۆرى بەرکەوت".
گوتیشی: "تاوەکوو ئێستا لە سنوورى شارەدێى زەڕایەن و قەزاى شارەزوور، نزیکەى 13 ملیۆن دینارى عێراقیمان لە خێرخوازان کۆکردوەتەوە و پێشکەشى خانەوادەى گەنجەکەمان کردووە".
هەروەها راشیگەیاند: "هەڵمەتەکەمان بەردەوامە و خێرخوازان دەتوانن لە ڕێگەى ژمارە مۆبایلى 07503707979 پەیوەندیمان پێوە بکەن، داواش دەکەین لە خێرخوازان بەپیى توانایان هاوکاربن لەم کارە خێرخوازییە".