هەموو شەڕێكی پەكەكە بۆ بەرژەوەندیی داگیركەرانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 28/04/2022

هەموو شەڕێكی پەكەكە بۆ بەرژەوەندیی داگیركەرانە

سەرکردەکانی پەکەکە، چیرۆکی دڵدارییان لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان هەیە، وەکوو ئەو کوڕ و کچەن کە دڵدار و خۆشەویستی یەکترن، بەڵام نایانەوێت ھیچ کەس بە پەیوەندییەکەیان بزانێت بۆ ئەوەی پەیوەندییان کۆتایی نەیەت، چونکە بنەماڵەی ھەردووکیان دوژمنداری یەکترن! پەکەکەش لەپشت پەردەوە پەیوەندیی زۆر باشە لەگەڵ داگیرکارانی کوردستان، بەڵام بە ئاشکرا و بە قسە!خۆی بە دوژمنیان دەزانێت تا خەڵک و لایەنگرانی خۆیان پێی ھەڵبخەڵەتێنن و بەردەوام بن لەو کاسبیەی پێیان دەکرێت، لەو نیعمەتانەی ئەوان پێیانی دەدەن و کۆتایی نایەت، لە ھەردوو لاش بخۆن، لەلایەک بەناوی خەباتەوە، لەلایەکی ترەوە خزمەتی ئەجێندای ئەوان بکەن.

پەكەكە قاچی خۆی لەسەر ھەر بستێکی خاکی ئازادی کوردستان دابنێت، قاچی دوای ئەو، قاچێکی تورکیا یان قاچێکی پاسداری ئێرانی، یان قاچێکی ئیستیخباراتی بەعسی سووریا، یان قاچێکی حەشدی شەعبیی بەناو عێراقی! دەبێت. قاچی دوای قاچی پەكەكە، تەنیا قاچی كورد نابێت، چونكە ئەگەر قاچی كورد بێت دەیبڕنەوە و خاوەنە كوردەكەی دەكوژن! جا ئەو كوشتنە چ بە فیشەکی ئێرانی و توركی و سووری و حەشد بێت بە بەھانەی نزیکبوون لە پەکەکە، چ بە فیشەکی پەکەکە بێت بە باھەنەی ئەوەی گوایە خاوەنە كوردەكەی قاچەكە نزیکە لە تورکیا!

جارێک رەجەب تەییب ئەردۆغان لە کەناڵەكانی تورکیاوە گوتی: ”لە ھەر خاکێک شەھیدمان دا ئەو خاکە دەبێتە خاکی ئێمە“. ئەو قسەیەی ئەردۆغان زۆر مانا لەخۆ دەگرێت، سەرنج بدەن دوای ھەر شەڕێکی تورکیا و پەکەکە، تورکیا سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی زیاد و فراوان كردووە، ھەمیشە شەڕەکان لە بەرژەوەندیی تورکیا کۆتاییان پێ ھاتووە! لە ھەردوو لا چەند کەسێکی کەم دەکوژرێن ئەوانیش سەربازی ئاسایی و کوڕی فەقیرن.

ھەر شەڕێک كە پەکەکە کردبێتی، دەستکەوتی بۆ ھەموو دەوڵەتێكی داگیركەری كوردستان هەبووە، تەنیا خێری بۆ کورد نەبووە، پەکەکە شەڕێکی کەم و عەشوائی دەکات، جاری وا ھەیە بە دەمانچە فیشەک لە (F16)ی تورکیا دەگرێت، تەنیا بۆ ئەوەی شەرعییەت بە خۆی بدات کە شەڕ دەکات، بەھانەش بە تورکیا دەدات بۆ ئەوەی گوند و چیایکانی کوردستان بۆردومان بکات، دواتر ھەر خۆی ئەو شوێنانە بۆ هەر هێزیكی داگیركەر چۆڵ دەكات و تەنیا بۆ پێشمەرگەی چۆڵ ناكات.

پەکەکە چەند ساڵە لە شنگال سەنگەری دژی پێشمەرگە لێ داوە و ناھێڵێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە، کەچی لەگەڵ حەشد لە یەک سەنگەردان! لەم کۆتاییەدا بە شەڕێکی کەم زۆربەی خاڵە ستراتیژییەکان بە سوپای عێراق دا. ھەر پەکەکە بوو ڕێگای نەدا ھێزی ڕۆژ بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوا ناوچەی ئارام بەڕێوە ببات بە بەھانەی ئەوەی کە نزیکن لە تورکیا! کەچی ھەر خۆی بە ئاسانی بە شەڕێکی کەم، نیوەی ئەو ناوچانەی بە تورکیا دا، نیوەی تریش بە سووریا دا.

بەم سیاسەتە کە پەکەکە پراکتیزەی دەکات، نەمانی پەکەکە یان دەستھەڵگرتنی پەکەکە لە چەک لە بەرژەوەندیی کوردانی ھەر چوار پارچەی کوردستانە و لە زیانی ھەموو داگیرکارانی کوردستانە، ھەر بۆیە ھەرگیز نە تورکیا نە ئێران و ھیچ وڵاتێکی تری ئیقلیمی و داگیرکارانی کوردستان، نایانەوێت پەکەکە لەناو بەرن یان دەست لە چەک ھەڵبگرن، چونکە ئەوەی ئەوان ناتوانن و بە مەحاڵی دەزانن کە بەدەستی بھێنن، پەکەکە مەحاڵ بۆ ئەوان دەکاتە ڕاستی و بەئاسانی پێیانی دەدات.

پەکەکە بوو زۆر شاری سووریای لە داعش پاک کردەوە ئەمەش بە خوێنی گەنجانی كورد، كەچی لەسەر حسابی ھەزاران گیانی گەنج و پیری کورد و بەبێ بەرامبەر، بە بەشار ئەسەدی دا کە بەشار ئەسەد تا ئەو ساتەش ناسنامەی مرۆڤبوونی بە کوردانی ڕۆژئاوا ڕەوا نەدەبینی و پێی نەدەدا، ھەر پەکەکە بوو زۆر ناوچەی ستراتیژیی ھەم لە ڕۆژئاوا ھەم لە باشووری کوردستان بە تورکیا دا بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕێکەوتنی لۆزان، ھەر پەکەکەیە ناھێڵێت ھیچ ھێزێکی کوردی جووڵە بکات لە ڕۆژھەلاتی کوردستان، دژایەتیی ھەر ھێزێکی کوردی دەکات کە لەوێ بیەوێت چالاکی بکات و بۆ بەدەستھێنانی مافی کورد خەبات بکات، ھەر پەکەکەیە 38 ساڵە لە باکووری کوردستان ڕایکردووە یەک چالاکیی لەوێ نەکردووە، 38 ساڵە لەوێ مات و بێدەنگە، قەتیش پەكەكە ناگەڕێتەوە بۆ باکووری كوردستان، چونكە ئەو ئەركەی بە سەرانی پەكەكە سپێردراوە هەموو شتێكە جگە لە ئازادكردنی باكووری كوردستان و خەباتكردن بۆ كورد.