سەرکۆماری تورکیا سەردانی شانشینی عەرەبستانی سعودیە دەکات و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-4-2022، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا سەردانی سعودیە دەکات.
بڕیارە رەجەب تەییب ئەردۆغان لەو سەردانەیدا کە دوو رۆژ دەخایەنێت، لەگەڵ سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، تەوەری کۆبوونەوەکانی ئەردۆغان و بەرپرسانی سعودیە، پەیوەندییە سیاسییەکان و پەرەپێدانی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات دەبێت.
بەهۆی کوژرانی جەمال خاشقچی، نووسەری سعودی لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستەنبوڵ و رەوتی ئیخوان موسلیمینی جیهان کە حزبەکەی ئەردۆغان خۆی وەک رێبەری ئەو رەوتە دەناسێنێت و رەوتەکەش لە سعودیە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و ریاز گەیشبوونە بارودۆخێکی خراپ.