كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
فرسەت سەید شکور 27/04/2022

پەكەكە و شەڕی بەوەکالەت

ڕەنگە ئێستا ڕەفتار و کردەوەکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان، ئەو راستییەی بەتەواوی بۆ خەڵکی کوردستان ڕوون کردبێتەوە کە پەکەکە بە ئاشکرا ئامانجیەتی سوپای تورکیا پەلکێشی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بكات، دەکرێت بڵێین پەکەکە ڕاستەوخۆ فەرمان لە دەوڵەتانی ئیقیلیمی وەردەگرێت و لای ئەوانەوە ئاراستە دەكرێت و بەبێ پرسی ئەوان، یەك فیشەكیش ناتەقێنێت.

بەدرێژایی مێژووی، پەکەکە گەورەترین کێشەی پێشووەچوونی رەوشی بەشە جیاوازەكانی كوردستانی گەورە بووە، نە هێشتووێتی پڕۆسەی ئاشتی سەربكەوێت، نە شۆڕشێكی ماقووڵیشی كردووە تا كوردان نەخاسمە لە باكوور و رۆژئاوا، شتێك لە بەرهەمەكەی بخۆن.
سەركردەكانی پەكەكە بەئاشكرا بەکرێگیراوی دەوڵەتانی ئیقلیمین و وەک داشی شەتڕەنج بە دەست نەیارانی کوردستانەوە جووڵەیان پێ دەکرێت، هەركەس ئەم قسەیەی من بە نەگونجاو دەزانێت، دەتوانێ بەوردی گوێ لە بەرپرسە باڵاكانی ئێران بگرێت كە چۆن باسی پەكەكە دەكەن.

سەرکردەکانی پەکەکە، بە درێژایی مێژوو لە بیقاعەوە تا قەندیل، دژی شۆڕش و بزاڤەكانی بەشەكانی كوردستانی گەورە بوون، دژی دروستبوونی قەوارەی كوردیین، دژی ئاڵای كوردستانن، دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن كە قەوارەیەكی سیاسیی دەستووری و یاساییە. لە هەر كوێیەك كورد لە دەستكەوتێكی نەتەوەیی كەمیش نزیك بێتەوە، پەكەكە هەوڵی لەباربردنی ئەو دەستكەوتە دەدات.

ماوەیەك لە باكووری كوردستان و لەسەر ئاستی توركیاش، ئەستیرەی هەدەپە درەوشایەوە، لە هەڵبژاردندا زیاتر لە ٨٠ كورسیی بەدەست هێنا، پرۆسەی ئاشتی لەئارادا بوو، دەسەڵاتدارانی توركیا گەیشتنە دۆخێكەوە كە دەبێ پرۆسەیەكی كرانەوە بەڕووی كوردی باكووردا، بەڕژدی دەست پێ بكەن، بۆیە ئەو ٨١ كورسییەی پەرلەمانی توركیا كە هەدەپە بەدەستی هێنا، زۆر كاری باشی پێدەكرا، ئەگەر فشاری پەكەكە نەبوایە لەسەر هەدەپە، رەنگە ئێستا رەوشی كوردی باكوور لە قۆناغێكی زۆر لەپێش بوایە، بەڵام پەكەكە لەسەر داوای وڵاتێكی ئیقلیمیی تر، بە رەفتاری خراپ، ئەو سەركەوتنە گەورەیەی هەدەپەی گۆڕی بۆ شكست.

‎لە رۆژئاوای كوردستانیش، ئەو كیان و ئیدارانەی پەیەدەی سەر پەكەكە سەرپەرشتییان دەكات، نە ناوی كوردستانیان پێوەیە و نە كەس دەتوانێ ئاڵایەكی كوردستان بەرز بكاتەوە، پەكەكە تاكڕەوانە حوكمی كرد و هەموو رەفتارەكانی رێك بەدڵی توركیا و ئێران و سووریا بوو، سەرەنجام رەوشی رۆژاوای كوردستانی گەیاندە ئەوپەڕی خراپی و داگیركاریی توركیا، پەكەكە لە رۆژاوای كوردستان، چالاكوانی كورد تیرۆر دەكات، بارەگای حزبی كوردی دەستووێنێت، رێگە بە هەڵبژاردن و دیموكراسییەت نادات.

‎پەكەكە بە حسابی خۆی و بە بانگەشە، شۆڕشێكی دژی توركیا بۆ كوردی باكوور هەڵگیرساندووە، بەڵام ناتوانێ لە یەک گوندی باكووری كوردستان چالاكییەكی هەبێت، ئەمە جیا لەو ماڵوێرانیەی بۆ كوردستانی باكووری دروست كردووە، پەكەكە جگە لە ناو هەرێمی كوردستان، ناوێرێ لە هیچ شوێنێكی دونیا زیان لە بەرژەوەندییەكانی توركیا بدات، بەڵام ئازایە بۆ داگیركردنی گوندە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و گرتن و كوشتن و رفاندنی ئەو گوندنشینە هەژارانەی هەرێمی كوردستان.

پەكەكە بە حسابی خۆی لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش هێزی هەیە و بە بانگەشەی خۆیان دژی ئێران لە شۆڕشدان، بەڵام پژاك هات و رۆی، زیانێكی لە بەرژەوەندییەكانی ئێران نەدا، نەك هەر ئەوە بەڵكوو لە زۆر قۆناغ و رووداودا ژێربەژێر كاریان بۆ ئێرانیش كرد.
جا لە كوردستانی باشورریش نەخاسمە لە شنگال، ببینن پەكەكە هاوپەیمانی كێیە و مووچە لە كێ وەردەگرێ؟ لە حەشدی شەعبی و میلشیاكانی لیستی رەشی دونیا.
سەیر ئەوەیە هێشتا سەرانی پەكەكە چاوەڕێی ئەوەن خەڵك پێیان بڵێ: شۆڕشگێڕ! من بەراستی نازانم، كوێی ئەم كارانەی باسم كردن شۆڕشە؟