كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 27/04/2022

كاریگەریی سەردانەكەی ھندستان لەسەر ھەڤاڵ ئەبووبەكر

دوای گەڕانەوەی لە سەردانەكەی بۆ ھندستان و بینینی مانگا و گا و گۆلكی زۆر لەو وڵاتە (لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ مرۆڤەكان و خەڵكی هندستان)، ھەڤاڵ ئەبووبەكری پارێزگاری سلێمانی، لە پەنا ڕەخنەیەكی شەرمنانە لە دیارنەمانی داھاتی سلێمانی، ڕووی ھێرشی كردووەتە ھەولێر و دھۆك و دەڵێت: ”ئەگەر داھاتی ناوخۆ لە سلێمانی دیار نیە ئەی داھاتی نەوتی ھەولێر و دھۆك لە كوێیە؟“

پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی ھەڤاڵ ئەبووبەكر بدەمەوە، پێمخۆش بوو بڵێم ھەرچەندە ئەگەر من لەجیاتی ھەڤاڵ ئەبووبەكری پارێزگاری سلێمانی بوومایە، ئەسڵەن ئەو داوەتەی ئەنجوومەنی ھندی بۆ پەیوەندییە كولتوورییەكانم دوا دەخست و بەفەرمی ئەم خاڵانەم بۆ ئەو ئەنجوومەنەی ھندستان دەنووسی كە داوەتیان كردووم:

1- بە داوای لێبووردنەوە ناتوانم لە كاتی دیاریكراودا سەردانی ھندستان بكەم، چونكە جارێ دز سلێمانیی خواردووە و منیش پارێزگاری سلێمانیم، ئەركی سەر شانمە ئەو دزییە نەھێڵم و كەی ئەو دزییەم نەھێشت، ئنجا سەردانی ھندستان دەكەم.

2- بە داوای لێبووردنەوە ناتوانم لە كاتی دیاریكراودا سەردانی ھندستان بكەم، چونكە جارێ ئەو پارێزگایەی كە من پارێزگاریم، زبڵ و خاشاكی تیا كۆبووەتەوە و خەریكە شارەكەم كرم تێی دەدات، با ھیچ نەبێ سلێمانی پاك بكەمەوە ئنجا سەردانتان دەكەم.

3- بە داوای لێبووردنەوە ناتوانم لە كاتی دیاریكراودا سەردانی ھندستان بكەم، چونكە مووچەخۆری خانەنشینمان ھەیە كە بە باوكی من دەشێت و بەقەدەر تەمەنی منیش خزمەتی لە وەزیفەی گشتیدا كردووە، بەڵام ھەر لەبەر دزینی داھاتی گشتی لە شارەكەمدا، ئێستا ئەوان لەبەردەم بانكەكاندا و لەناو ڕیزی دوورودرێژی مووچەوەرگرتندا ئیھانە دەكرێن و ھەندێك جاریش لەبەر پاڵەپەستۆ و زۆر وەستان، لێیان دەبوورێتەوە و لێیان دەمرێت، جا با من جارێ كێشەی ئەو خانەنشینانە چارەسەر بكەم و ئەو ئیھانەكردنەیان لەسەر ھەڵبگرم، ئنجا سەردانتان دەكەم.

4- بە داوای لێبووردنەوە ناتوانم لە كاتی دیاریكراودا سەردانی ھندستان بكەم، چونكە ھەر لەبەر دزینی داھاتی گشتی لە شارەكەمدا، نەخۆشخانەی ھیوا لە سلێمانی كە تایبەتە بە چارەسەركردنی نەخۆشانی شێرپەنجە، خەریكە دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانیان نامێنێت، با جارێ كێشەی ئەم نەخۆشخانەیە چارەسەر بكەم، ئنجا سەردانی ھندستان دەكەم.

دە ئنجا ئیتر ئێستا دێمە سەر وەڵامدانەوەی ھەڤاڵ ئەبووبەكر كە لەناو پرسیارەكەیدا ھەولێر و دھۆك وەك ئێستای سلێمانی سەیر دەكات و بەو پرسیارەی خۆی كە دەڵێت: ”ئەگەر داھاتی ناوخۆ لە سلێمانی دیار نیە، ئەی داھاتی نەوتی ھەولێر و دھۆك لە كوێیە؟“ وەھای نیشان دەدات كە داھاتی نەوتی ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆك، وەك داھاتی ناوخۆی سلێمانی و پارەی بانكەكان و سەر مەرزەكانی ئەو سنوورە دەدزرێت و كەس نازانێت چیی لێ دێت!
فەرموون ئەمەش وەڵامەكە:

5- مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 3-3-2022 لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا، سەبارەت بە داھاتی نەوت و چۆنێتیی خەرجكردنی ئەو داھاتە، ئەم ژمارانەی خستە ڕوو: (لە سەدا 43 بۆ شاییستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی دەرھێنانی نەوت دەڕوات، لە سەدا 41 بۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت، لە سەدا 7ی دەدرێتەوە بە قەرزی ھەموو ئەو كۆمپانیا و خاوەن قەرزانەی كە پێشتر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ناچاری قەرزی لێ كردوون، ئەویش بەھۆی ئەو قەیرانە داراییەی كە بەبێ ھیچ پاساوێكی دەستووری و یاسایی و لە ڕێگەی بڕینی بودجەی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، بۆ ھەرێمی كوردستان دروست كرا، لە سەدا 9ی دەدرێت بە حەقی گواستنەوە)

باشە ئیتر خۆ ئەوە دەكاتە لە سەدا 100ی داھاتی نەوت و تەنانەت لە سەدا یەكیش نەماوە نادیار بێت ھەتا ھەڤاڵ ئەبووبەكر پرسیاری لەبارەوە بكات و بڵێ: ئەی كوا داھاتی نەوت؟ ئنجا ئایا ھەڤاڵ ئەبووبەكر ھەر لە بنەڕەتەوە ئاگای لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان نیە، یان سەردانەكەی بۆ ھندستان بە ڕادەیەك كاریگەریی لەسەر ھەبووە كە ئەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی بیر بردووەتەوە؟ یان دەیزانێت بەڵام لەبەر خاتری خاتران دەیكات بە ژێر لێوەوە؟ ئەمەیان خۆی دەیزانێت من نایزانم!

6- پێوەند بە دیارنەمانی داھاتی ناوخۆی سلێمانییش، ھەر ئەمساڵ و لە 16–3-2022 وەزارەتی دارایی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە وەزیرەكەی سەر بە ھەمان حزبەكەی ھەڤاڵ ئەبووبەكرە، لە ڕوونكردنەوەیەكیدا رایگەیاند: ”بانكی ھەرێم لە سلێمانی بەدەر لە ڕێنماییەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كار دەكات، ئەو بانكە سەربەخۆیانە ڕەفتار دەكات و تەنانەت دەستیشی بردووە بۆ داھاتی ئەو ھاووڵاتیانەی كە بە ژمارە حسابی شەخسیی خۆیان پارەیان لەو بانكە داناوە.“

واتە بانكی ھەرێم لە سلێمانی نەك ھەر داھاتی گشتیی مووچەخۆرانی تیادا دیار نامێنێت، بەڵكوو داھاتی ھاووڵاتیانی غەیری مووچەخۆرانیشی تیا دەستكاری دەكرێت! ئنجا ئایا ھەڤاڵ ئەبووبەكر ھەر لە بنەڕەتەوە ئاگای لەو ڕوونكردنەوەیەی وەزارەتی دارایی نیە، یان سەردانەكەی بۆ ھندستان و بینینی ڕەشەوڵاخی ھندستان بە ڕادەیەك كاریگەریی لەسەر ھەبووە كە ئەو ڕوونكردنەوەیەی وەزارەتی دارایی بیر بردووەتەوە؟ یان دەیزانێت بەڵام لەبەر خاتری خاتران دەیكات بە ژێر لێوەوە؟ ئەمەشیان خۆی دەیزانێت من نایزانم!