جیهان لە دژی بڕیارێكی دادگای توركیا هاتە دەنگ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

جیهان لە دژی بڕیارێكی دادگای توركیا هاتە دەنگ

دادگای توركیا، لەسەر ڕووداوی پاركی گەزی لە ئیستانبوڵ، سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر چالاكوان و سەرمایەدار، ''عوسمان كاڤالا''دا سەپاند، ئەمەش كاردانەوەی جیهانیی بەدوای خۆیدا هێنا و هێرشی توندیان كردە سەر توركیا.

بڕیارەكەی دادگای توركیا، 24 سەعاتی بەسەردا تێ نەپەڕی، وڵاتانی جیهان هاتنە دەنگ و داوایان لە توركیا كرد، بەپەلە كاڤالا ئازاد بكات و بڕیاری دادگا هەڵبوەشێنێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، لەبارەی بڕیاری دادگای توركیا بۆ كاڤالا، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و دەڵێت:'' ئەم بڕیارە ئێمەی نیگەران كرد و عادیلانە نەبوو، هەروەها دژی مافی مرۆڤ و ئازادی بوو''.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لە توركیا كرد، كاڤالا ئازاد بكات، نیگەرانیی ئەمریكاشی دەربڕیوە لەوەی کە سەركردەكان دەستوەردان لە كاروباری دادگا و ئابووری و ژیانی كەسەكاندا دەكەن.

وەزیری دەرەوەی ئەلمانیاش بە هەمان شێوە، داوای لە توركیا كرد دەستبەجێ كاڤالا ئازاد بكات و بڕیاری سزادانەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

ئانالینا بێربۆك، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، دەڵێت پێشتر دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دابوو، كاڤالا ئازاد بكرێت، بۆیە دەبێت توركیا ئەو بڕیارە جێبەجێ بكات.

ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی پێی وایە ئەو بڕیارەی بەسەر كاڤالادا سەپێنراوە، كودەتا بوو بەسەر مافی مرۆڤ و دادگادا و دەشڵێت: ”بڕیارەكە لەلایەن دادگاوە نەدراوە، بەڵكوو لە كۆشكەوە دراوە، كە مەبەستی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانە''.

نیلس، بەڕێوەبەری هەماهەنگیی ڕێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی دەڵێت: ”لەسەر دۆسیەی گەزی، بە ناعادیلانە بڕیاریان لەسەر كاڤالا داوە، ئەمە ئەوە نیشان دەدات كە ئامانجیانە دەنگی بێلایەن كپ بكەن''.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاش بە هەمان شێوە، پێی وایە بڕیارەكە سیاسییە و هیچ یاسایی نییە، بۆیە دەڵێت، ڕێز لە بڕیاری دادگاكەیان بگرن كە پێشتر بڕیاریان دابوو كاڤالا ئازاد بكرێت.

ئەم كاردانەوانە لەڕووی دیپلۆماسییەوە بۆ توركیا خراپە، وەكوو ئەوەی شرۆڤەكاران باسی دەكەن، ڕەنگە دیسان پەیوەندیی توركیا و ئەورووپا و توركیا و ئەمریكا بباتە قۆناغێكی تری ململانێ و ناكۆكییەوە.