لە 48مین ساڵوەگەڕی بۆردومانى ساڵى 1974ى شارى هەڵەبجەدا، ڕێوڕەسمێك بۆ یادی قوربانییانی ئەو بۆردومانە بەڕێوە چوو کە تێیدا تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەبەردەم دیواربەندى شەهیدان دانرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 26/4/2022، لەناو مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە بە بۆنەی 48مین ساڵوەگەڕی بۆردومانى ساڵى 1974ى شارى هەڵەبجەوە تێپەڕ ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو کە تێیدا لەلایەن بەرپرسان و كەسوكاری شەهیدان و چالاكوانانی هەڵەبجەوە، تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەبەردەم دیواربەندى شەهیدانى 1974 دانرا.
ڕۆژی 26/4/1974، شاری هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆردومان كرا و بەو هۆیەیشەوە، 56 هاووڵاتیی هەڵەبجە شەهید بوون و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون. ساڵانە لە شاری هەڵەبجە ڕێوڕەسم بۆ یادی قوربانییانی ئەو بۆردومانە بەڕێوە دەچێت و تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەبەردەم دیواربەندى شەهیدانى 1974 دادەنرێت.