كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

روونكردنەوە لەبارەی بڕیاری لێخۆشبوونی گه‌وره‌ له‌سه‌ر قه‌رزیی سه‌ر هاووڵاتییان دەدرێت

"كەسێك 960 هەزار دینار قەرزار دەبێتە 120 هەزار دینار"

بەرێوەبەری گشتیی ئاو، روونكردنەوە و زانیاری لەبارەی وردەكاریی جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكرنەوەی كرێی ئاو دەدات و ئاشكرای دەكات، ئەوەی پێوەر ببەستێت قەرزەكانی پێشووی لەسەر لادەبردرێت.

ئاری ئەحمه‌د، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "مەرجی جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی كرێی ئاوی ماڵان، بەتایبەت بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە و پارەیەكی زۆر قەرزارن، ئەوەیە كە دەبێت هاوبەشەكە پێوەری ئاو ببەستێت".

سەبارەت بەچۆنیەتیی جێبەجێكردنی بڕیارەكە گوتی: "هەریەكێك پێوەری نەبێت، سەردانی فەرمانگەكانی ئاو دەكات ئەو كات پێوەری بۆ دەبەسترێت و دەخرێتە نێو سیستەم، كاتێك خرایە نێو سیستەم ئەوە پسولەیەكی بۆ دەكرێت، هەموو ئەوەی پێشووی كە بە 80 هەزار دیناری مانگانە بۆ ئەژمار كراوە ئەگەر لە نێو شار بێت دەكرێتە 20 هەزار دینارو ئەگەر لە دەرەوەی شار بێت ئەوە دەبێتە 10 هەزار دینار".

ئەگەر كەسێك لە نێو شار ساڵێك پێوەری نەبەستبێت و 960 هەزار دینار قەرزاربێت ئەوە دەبێـە 240 هەزار دینار، كەسێكیش لە دەرەوەی شار پێوەری نەبووبێت ئەوە پارەی ساڵەكەی لە 960 هەزاردینار دەبێتە 120 هەزار دینار.

ئاری ئەحمەد ئەوەی خستە روو" هەركەسێك پێوەر نەبەستێت ئەوە قەرزەكەی هەر لەسەر دەمێنێت و مانگانەش 80 هەزار دینارەكە بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا دەكەین هاووڵاتییان پێوەر ببەستن و سوودمەند بن لەو بڕیارە دڵخۆشكەرە، كە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی  لەسەر دراوە".

بەرپرسەكەی ئاو باسی لەوەش كرد، شوێنە بازرگانی و پیشەسازییەكان و پیشەوەر و كاسبكار و نۆڕینگەكان و چەند شوێنێكی تر، لە بڕی 200 هەزار دیناری مانگانە دەبێتە 120هەزار دینار، گوتیشی: "زیاتر لە 300 هەزار هاوبەش پێوەریان نییە، ئامانجمان لەو بڕیارە هەم بارسوككردن و هاوكاری كردنی هاووڵاتییانە، هەمیش هەموو لایەك پێوەری هەبێت".

ملیۆنێك هاوبەشی ئاو لە هەرێمی كوردستان هەیە و لە كۆی ئەو ملیۆنە 70% یان پێوەری ئاویان بەستووە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد، "لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە رێگای 91 پڕۆژە و 5 هەزار و 712 بیرەوە رۆژانە دوو ملیۆن 100 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دێنین، ئەو بڕە ئاوەی رۆژانە بەرهەم دێت، بەپێی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان دانراوە، كە بە شەش ملیۆن و سەد هەزار كەس دادەنرێت".

ئاری ئەحمەد گوتیشی: "حكوومەتی هەرێمی کوردستان پارەیەكی زۆر لە بەرهەمهێنانی ئاو بۆ هاووڵاتییان خەرج دەكات، ساڵانە 130 تا 150 ملیار دینار لە بەرهەمهێنانی ئاودا خەرج دەكرێت، لە باشترین حاڵەتی ئەو پارەی حكوومەت لە هاووڵاتییان لەبەرامبەر ئاو وەری گرتووەتەوە، تەنیا 40 ملیار دینار بووە".