ئەمڕۆ 48 ساڵ بەسەر بۆردومانى ساڵى 1974ی شارى هەڵەبجەدا تێپەڕ دەبێت کە بەهۆیەوە زیاتر لە 56 هاووڵاتیى هەڵەبجە شەهید و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون.
لەم بارەیەوە، غەیدان حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەڵەبجە، بە (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: "ڕۆژی 24/4/1974 كە ئەوكات زانكۆی سلێمانی لە شاری قەڵادزێ بوو، ڕژێمی بەعس بۆمبارانی شاری قەڵادزێی كرد و لە ئەنجامدا چەندین قوتابی و هاووڵاتیی ئەو شارە شەهید بوون، بۆیە ڕۆژی 26/4/1974 خەڵكی هەڵەبجە بۆ ئیدانەكردنی ئەو بۆردومانەی قەڵادزێ و دەربڕینی هاوخەمی بۆ قوربانیانی ئەو شارە لە هەڵەبجە خۆپێشاندانێكی هێمنانەیان کرد، بەڵام ڕژێمی بەعس بە چەکى قەدەغەکراوى ناپاڵم هێرشى کردە سەر شارى هەڵەبجە و لە ئەنجامدا زیاتر لە 56 هاووڵاتیی هەڵەبجە شەهید و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون''.
ڕوونیشى کردەوە: "شارى هەڵەبجە لانکەى شۆڕش و خەبات و قوربانیدان بووە و بەردەوام دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی ڕەت کردوەتەوە، بۆیە ڕژێمی بەعس بەردەوام بەدوای ھەلێکدا گەڕاوە تاکوو تۆڵە لە خەڵکی بێتاوانی هەڵەبجە بکاتەوە''.
غەیدان حەسەن گوتیشى: "وەک بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەڵەبجە، ساڵانە یادى قوربانییانى ئەو بۆردومانە بەرز ڕادەگرین، ئەمساڵیش كە 48 ساڵ بەسەر ئەو بۆردومانەدا تێپەڕ دەبێت، لە ڕێوڕەسمێكدا تاجەگوڵینەی ڕێز و وەفا لەبەردەم دیواربەندى شەهیدانى 1974ی هەڵەبجە، لەناو مۆنۆمێنتى هەڵەبجە دادەنێین و یادى قوربانییانى ئەو بۆردومانە بەرز ڕادەگرین''.