جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران: دەمانویست بە نهێنی بۆمبی ناوکی دروست بکەین، لێمان ئاشکرا بوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران: دەمانویست بە نهێنی بۆمبی ناوکی دروست بکەین، لێمان ئاشکرا بوو

جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئامانجی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر لە سەرەتاوە دروستکردنی بۆمبی ناوکی بۆ ''بەهێزکردنی هێزی بەرپەرچدانەوە'' بوو، بەڵام نەیتوانی نهێنیی ئەم بابەتە بپارێزێت و لێی ئاشکرا بوو.

ڕۆژی یەکشەممە 24/4/2022، عەلی مۆتەهەری، جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران بە هەواڵدەریی (ئیسنا)ی ئێرانی ڕاگەیاندووە: ''هەر لە سەرەتاوە کە دەستمان بە چالاکی لە بواری وزەی ناوکیدا کرد ئامانجمان ئەوە بوو کە بۆ بەهێزکردنی هێزی بەرپەرچدانەوە بۆمبی ناوکی (ئەتۆمی) دروست بکەین، بەڵام نەمانتوانی نهێنیی ئەو بابەتە بپارێزین و ڕاپۆرتە نهێنییەکانمان لەو بوارەدا لەلایەن ''گرووپی مونافقین'' (ئەنجوومەنی بەرگریی نیشتمانیی ئێران)ـەوە لەقاو درا و لێمان ئاشکرا بوو''.

پێشتر ئەکبەر هاشمیی ڕەفسەنجانی، سەرکۆمار پێشووتر و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی ئێران، ئەوەی پشتڕاست کردبووەوە کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقدا وڵاتەکەی ''بیری لە دروستکردنی بۆمبی ناوکی کردووەتەوە، بەڵام بە کردەوە جێبەجێی نەکردووە''.

عەلی موتەهەری ڕوونیشی کردووەتەوە: ''هەر وڵاتێکی بییەویت وزەی ناوکی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە بەکار بێنێت، لە پیتاندنی یۆرانیۆمەوە دەست پێ ناکات، بەڵکوو سەرەتا ریئاکتۆر دروست دەکات و پاشان دەست بە پیتاندن دەکات، ئێمە هەر لە سەرەتا دەستمان بە پیتاندنی یۆرانیۆم کرد، ئەوەش ئەو گومانەی لێ کەوتەوە کە دەمانەوێت بۆمب دروست بکەین''.

یەکەم جار ئەنجوومەنی نیشتمانیی بەرگریی ئێران (موجاهیدنی خەڵکی ئێران) لە ساڵی 2000 چالاکیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنکەی ناوکیی نەتەنز و تەکنۆلۆژیی ئاوی قورسی لە شاری ئەراک ئاشکرا کرد.

جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران باسی لەوەش کردووە کە دەبوو وڵاتەکەی وەکوو پاکستان بیتوانییایە بە نهێنی بۆمبی ناوکی دروست بکات و بەتاقیی بکاتەوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ''وڵاتان حیساب بۆ هێزی ناوکی دەکەن، بۆیە من پێم وایە دەبوو ئەو کارەی دەستمان پێ کرد، تەواومان بکردایە''.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا بەردەوام ڕەتی کردووەتەوە کە بەرنامە ناوکییەکەی بۆ ئامانجی دروستکردنی بۆمبی ناوکی بێت و زۆر جار دەڵێن، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە فتوا بەکارهێنانی چەكی کیمیایی و ناوکیی ''حەرام'' کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو فتوایە بە ڕەسمی و بە بەڵگە بڵاو نەکراوەتەوە و هەر بە شێوەی زارەکی لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتی ئێرانەوە باسی کراوە.

ئەمریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ئەورووپایی کۆماری ئیسلامی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە مەبەستی لە درێژەدان بە بەرنامە ناوکییەکەی، دروستکردنی بۆمبی قەدەغەکراوی ناوکییە.

ساڵی 2015 ڕێککەوتنامەی ناوکی لە نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1دا واژوو کرا، بەڵام ساڵی 2018 دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا وڵاتەکەی لەو ڕێککەوتننامەیە دەرهێنا و ڕێکاری گوشار و گەمارۆی ئابووریی دژی حکوومەتی ئێران گرتە بەر و بەمەش کاریگەریی ئابووری و سیاسیی لەسەر حکوومەتی ئێران هەبوو، بەڵام پاش هاتنە سەر کاری جۆ بایدن، سەرکۆماری ئێستای ئەمریکا، جارێکی دیکە ئەمریکا گەڕایەوە بۆ وتووێژە ناوکییەکان لەگەڵ ئێران کە تا ئێستا بە ئەنجام نەگەیشتووە.