كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەڕێوەبەری كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی: بە زیاتر لە دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانمان لە غازی كوردستاندا كردووە

"بۆ دوو ساڵی داهاتوو ڕێژەی وەبەرهێنان دەگەیەنینە یەك ملیار پێ سێجا غازی سروشتی"

 بەڕێوەبەری كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، بە زیاتر لە دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لە كەرتی غازی كوردستاندا كردووە. جەختیش دەكاتەوە، بەنیازن 500 ملیۆن دۆلاری دیكەش هەر لەو بوارەدا وەبەر بهێنن تاوەكوو لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوو ڕێژەی وەبەرهێنان بگەیەنە یەك ملیار پێ سێجا غازی سروشتی لە ڕۆژێكدا.

مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان، لە كۆڕبەندی جیهانیی وزە، ڕۆژانی 26 و27ی ئاداری ڕابردوو، كە لە دوبەی بەڕێوە چوو، رایگەیاند: "لە ساڵی 2007ـەوە و دوای پەسەندكردنی یاسای نەوت و غازی هەرێم لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، ئێمە وەك كۆمپانیای هیلال، گەشتێكی گەورە و گرنگمان بۆ هەرێمی كوردستان دەست پێكردووە، ئەو كاتەی ئێمە هاتین لە 2007، بارودۆخی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئاژاوەی سەرتاسەریی تێدابوو، شەڕ هەبوو، ئەو بارودۆخەش بەڕاستی ئالنگارییەكی گەورە بوو لەبەردەم وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەكاندا و نەیاندەتوانی لەو بارودۆخەدا وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتی عێراقدا بكەن، بەڵام بەپێچەوانەوە، كوردستان سەقامگیر و زەمینەی لەباری بۆ وەبەرهێنان تێدا فەراهەم كرابوو".

زیاتر گوتیشی: "هەر بۆیە دوای ئەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێم پەسەند كرا، ئێمە هاتین و دەستمان بە وەبەرهێنان كرد، لەو كاتەوە تا ئێستا لە كوردستان گەشەسەندنێكی گەورە لە كەرتی نەوت و غازدا بەدی هاتووە و ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەرووی 400 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا و ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتییش لەسەرووی 500 ملیۆن پێ سێجایە لە ڕۆژێكدا، ئەمەش وەرچەرخانێكی گەورەیە."

بەڕێوەبەری كۆمپانیای هیلالی ئیماراتی لە هەرێمی كوردستان باسی لەو سەرمایە و وەبەرهێنانە كرد، كە لە هەرێمی كوردستان كردوویانە، گوتیشی: "ئێستا زیاتر جەخت لەسەر كەرتی غازی سروشتی دەكەینەوە و لەگەڵ كۆمپانیا هاوبەشەكانمان كە سێ كۆمپانیان، كار دەكەین، تا ئێستا بە بڕی 2.3 ملیار دۆلار وەبەرهێنانمان لە كەرتی غازی سروشتیی هەرێمی كوردستاندا كردووە و بەنیازین بە 500 ملیۆن دۆلاری دیكەش وەبەرهێنانی تێدا بكەین، بۆ ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ڕێژەی وەبەرهێنان بگەیەنینە یەك ملیار پێ سێجا غازی سروشتی لە ڕۆژێكدا، بەمەش تەواوی پێداویستیی نێوخۆیی هەرێمی كوردستان پڕ دەكاتەوە و ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، تا دەگاتە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان زیاد بێت و بۆ دەرەوە هەناردە بكرێت.“

سەبارەت بە گرنگیی غازی سروشتی، دەشڵێت: "دەمەوێت ئەوە بۆ ئامادەبووان بخەمە ڕوو، تەنیا بە گۆڕێنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە گازوایلەوە بۆ غازی سروشتی، جیا لەوەی داهاتێكی زۆر دەگەڕێتەوە، لە هەمان كاتدا خزمەتێكی گەورەی ژینگەش دەكات و نزیكەی 50 ملیۆن تەن لە دەرچوونی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن كەم دەكاتەوە، بۆ زیاتر برەودان بەم بوارەش، كۆمپانیای «PWC» توێژینەوەیەكی بۆ كردووین، بۆ ئەوەی شێوازی بەرهەمهێنانمان زیاتر دۆستی ژینگە بێت.“