كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
ھۆگر نێروەیی 23/04/2022

نەوت و غاز چی بۆ هەرێمی كوردستان پێیە؟

”نەوت، جگە لە نەھامەتی و ماڵوێرانی ھیچ خێری بۆ کورد نەبووە! جا نۆبەی غازە کە بەدڵنیاییەوە ھیچ خێرێکی بۆ کورد نابێت، لە نەوت باشتر نابێت!“ ئەمە ئەو قسەیەیە کە چەند رۆژێكە لە دەمی خەڵكانێك دەیبیستین، کێشەم لە خەڵکی ئاسایی نیە کە ئەو قسەیە بکەن، رەنگە حەقیان بێ چونكە منیش قسە لەسەر پیشەی پزیشکی بکەم بە دڵنیایەوە ھەر بە سادەییەوە لێ دەڕوانم، ئاخر خۆ من پزیشك نیم تا لێی حاڵی بم، خەڵکیش ھەمووی ئابووریناس و سیاسەتوان نین تا لە گرنگیی ئەوە تێبگەن هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی جیهانیی وزە بێت.

قسەم لەسەر حزب و سیاسییەکانی كوردستانە کە باش دەزانن نەوت گەر لەڕووی ئابوورییشەوە ڕوونتر بڵێین کە وەکوو پارە راستەوخۆ نەچووبێتە گیرفانی ھەموو خەڵکەوە \کە منیش لەگەڵ ئەوەدام هەر لە سەرەتاوە دەبوو ئەم كەرتە باشتر و پێشكەوتوور شەفافتر بێت\ بەڵام گەر نەوت و هێزی پێشمەرگە نەبوایە، چاوی کورد لە چاوی عەرەبی سوننە کاڵتر نیە، داعش لەجیاتی مووسڵ و ڕەقە خەلافەتی خۆی لە ھەولێر و سلێمانی دادەمەزراند! کە داعش پێش عەرەبی سوننە بۆ کورد ھاتبوون بە چاوساغیی برا موسڵمانەکانی ئێمە لە وڵاتانی ئیقلیمی و برا شیعەکانمان لە بەرەی ھەماھەنگیی عێراقی کە سەر بە ھەمان وڵاتی ئیقلیمین! ئەبووبەکر بەغدادی خوتبەی خۆی جارێک لە مزگەوتی ھەولێر جارێک لە مزگەوتی سلێمانی پێشکەش دەکرد، پەنجەی شەھادەی خۆی لە ھەموومان بەرز دەکردەوە.

نەوتی کورد ھەتا بە دەستی ئەوان بوو کە ھەر بە دەستی ئەوان بوو، کوردی پێ قڕ دەکرا، ئەنفال دەکرا، زیندەبەچاڵ دەکرا، بێ ناونیشان دەکرا، گوند و زێدیان خاپوور دەکرا، ئەوەی خراپە بەسەر کوردیان ھێنا، ماوەیەکە کورد نەوتەکە دەفروشێت گەرچی ھەموومان تێبینیمان لەسەرە کە دەبێت باشتر و شەفافتر بێت و زیاتر بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک بەکار بھێنرێت لە ھەموو گرنگتر زیاتر بە دامەزراوە بکرێت، بەڵام ئەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بوونی نەوت بوو کوردی لە چەندین قڕکردنی تر پاراست کە جاران ھەر قڕ دەکران بەو نەوتەی کورد، نەوت بوو کوردی بە جیھانی دەرەوە ناساند، کە جاران کورد لای جیھان، سفری دوای فاریزەش نەبوو، نەوت بوو کوردستانی ئاوەدان کردەوە کە جاران ھەر بەو نەوتەی کورد، کوردستان وێران و خاپوور دەکرا.

خەباتی دریژخایەنی خەڵكی كوردستان بۆ ئازادی لەبەرچاوە و شایانی رێز و ستاییشە قۆناغێكی باش بڕی، بەڵام پاش ئەو خەباتە، ھەر بەو نەوتە دروستکەرانی ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامیان لە جەنگەڵستانی نائارامترین ناوچەی جیھان دروست کردووە، بە نەوت ھەتا ئێستا ھاتووین، نەوت لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە، دوای خەبات و شۆڕش، ئەزموون و ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان دروست کردووە، کە کورد بەدرێژایی مێژووی تازە بێ دەوڵەت بوو. ئەو ھەلومەرجەی ئێستای جیھان تێی کەوتووە، بەھۆی شەڕی ئۆکراینا و ڕووسیا، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کورد ڕەخساندووە کە بە غازی سروشتی لە قەتسیکردنی لە ناوچەکە دەربچێت، کە ئیدی خۆی بەشێك بێت لە ھاوکێشەکان، نەک لەدەرەوەی ھاوکێشەکان بێت و تەحەكومی پێ بکرێت و چۆن بیانەوێت وا ئاراستەی بکەن!

گەر بە نەوت نیمچە یەکەی فەرمی لە ھاوکێشەی نێودەوڵەتی دروست کرابێت، کورد بە غاز دەتوانێت یەکەیەکی تەواوی فەرمی نێودەوڵەتی دروست بکات، کە غازی سروشتی کورد ڕاستەوخۆ بە ئەورووپا و جیھانەوە دەبەستێت، ئەمەش دەبێتە دووەم جار کورد ببێتە فڕیادرەسی جیھان، جاری یەکەم پێشمەرگە لەجیاتی ھەموو جیھان شەڕی سەرزەمینی داعشی کرد، ئەفسانەی داعشی تێکشکاند، لەو کاتەوە ناوی پشمەرگە لە کۆشکی سپییە، بڕێك لە مووچەكەی بۆ تەرخان دەکرێت، بووە بە ھاوپەیمانی زلھێزترین وڵاتی جیھان، ئێستاش بەھۆی قەیرانی غازەوە لە ئەورووپا، کورد دەتوانێت بەشێک لەو قەیرانە پڕ بکاتەوە، ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بەریتانیاوە ھەبێت کە بەریتانیا کە لە ھاوکێشەی ئابووری و سیاسی لەسەر ئاستی جیھان، یەکەم ڕەقەمیش نەبێت یەکێکە لە ڕەقەمە مەزن و کاریگەرەکان.

ژێر خاكی ھەرێمی کوردستان دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکانی وزە، ھەروەھا بێلایەنیی کورد لە ناوچەی نامۆ لە بێلایەندارێتی کە پڕ لایەندارە، ھەریەکەیان بە لایەنێکی ئیقلیمی و جیھانی بەستراون دژی بەرەیەکی تر، کورد دەکاتە ئەڵتارناتیڤ بۆ زۆر قەیران و پرسی ھەنووکەیی جیھان پشت بە کورد دەبەسترێت، گەرچی ناچاریش بێت، کە کورد توانی بەشێك لە قەیرانی ئەورووپا و جیھان پڕ بکاتەوە، ڕاستەوخۆ دەبێتە یەکەیەکی ئابووریی سەربەخۆیی کە لە جیھانی ئەمڕۆدا یەکەی ئابووریی سەربەخۆ زۆر کاریگەرترە لەیەکەی سیاسیی سەربەخۆ! کە سەربەخۆیی ئابووریت ھەبوو سەربەخۆیی سیاسی خۆی بەدوایدا دێت، گەرچی چەند کاتی بەسەرا بڕوات، کە بە فەرمییش دانی پێدا نەنێن.

بەکورتی، سەربەخۆیی ئابووریی فەرمیت ھەبێت، خۆت لە زۆر دەوڵەت گەورەتر و کاریگەرتری گەر دەوڵەتیش نەبی. جا نەیارانی کورد حەقی خۆیانە ھێرش بەدوای ھێرش بکەنە سەر کورد کە ھەتا دوێنێ کورد وەکوو مرۆڤ حساب نەدەکران و لە دەرەوەی ھاوکێشەی ناوچەکە بوون، ئەمڕۆ کورد گۆڕانکاری بە ھاوکێشە و نەخشەی ناوچەکە دەکات و دەچێتە پێش.