بەرپرسانی ئەمنی و هەواڵگریی هەردوو وڵاتی شانشینی عەرەبیی سعودیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدای پایتەختی عێراق کۆ دەبنەوە.
ئەمڕۆ شەممە 23-4-2022، میدیا عێراقی و عەرەبییەکان بەبێ ئاماژەکردن بە کاتەکەی، بڵاویان کردووەتەوە کە گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکانی سعودیە و ئێران لە بەغدا بەڕێوە چووە.
گەڕی پێنجەمی دانوستاندنەکان لە نێوان سەرۆکی ئاژانسی هەواڵگریی سعودیە و شاندێکی باڵای ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەبەغدا بەڕێوە چووە.
زانیارییە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کۆبوونەوەکە لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوە چووە و پێشبینی دەکرێت زەمینەی لەبار بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سعودیە و ئێران بڕەخسێندرێت.