سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ پوتین و زیلینسکی کۆ دەبێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ پوتین و زیلینسکی کۆ دەبێتەوە

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکراینا دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەو دوو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی بۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا ناردووە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرس لەو پەیامەیدا، داوای لە ڤلادیمێرپوتین و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی کردووە لە مۆسکۆ و کیێڤ، پێشوازی لێبکەن.

کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرملین) رایگەیاندووە: ئەم هەفتەیە گۆتێرس سەردانی رووسیا دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین کۆ دەبێتەوە.

بڕیارە دوای سەردانەکەی بۆ رووسیا، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو (28-4-2022)، سەردانی کیێڤ بکات و لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا کۆ ببێتەوە.

دوای هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، گۆتێرس هێرشەکەی بە پێشێلکردنی مساقی نەتەوە یەکگرتووەکان ناوبرد، لەو کاتەوە ڤلادیمێر پوتین وەڵامی پەیوەندییەکانی گۆتێرسی نەداوەتەوە.

ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژی فەرمیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە: ئەنتۆنیۆ گۆتێرس لەگەڵ پوتین و زیلینسکی گفتوگۆ لەبارەی بەرقەرارکردنی ئاشتی، دەکات.

شەڕی رووسیا و ئۆکراینا لە رۆژی 24-2-2022 دوای بڕیاری ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا بە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا دەستی پێکردووە و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.