كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە هەڵەبجە 30 ژن کارى رۆژنامەوانى دەکەن

 

ئیوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕادیۆى دەنگى نوێ لە هەڵەبجە، ئەنجامى ڕاپرسییەکى ئاشکراکرد کە لە ماوەى هەفتەیەکدا لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە تایبەت بە ژنانی میدیاکار و ئاستی بەشداری ژنانی میدیاکار لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنی هەڵەبجە ئەنجامى دابوو.

ڕەنگین سەلام، سەرپەرشتیارى ڕاپرسییەکە، بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: "ئەو ئامارەى کە کردوومانە، دوو بەشە، بەشێکى بۆ دەزگامیدیاییەکانى سنوورى پارێزگاى هەڵەبجەیە و حەوت دەزگامان وەرگرتووە لە (ڕادیۆ، تەلەفزیۆنى ناوخۆیى و وێب تیڤی) ئەم حەوت دەزگایەمان وەرگرتووە بۆ ئەوەى بزانین ئاستى بەشداریکردنى ژنان چۆنە؟".

ڕوونیشى کردەوە: "بەپێى دامەزراندنى دەزگاکە بەراوردێکمان کردووە، لە 1996 هەتا ساڵى 2021 دەزگا لەناو پارێزگاى هەڵەبجە درووست بووە، بەپێى بەراوردەکە بەشداریکردنى ژنان لە دەزگاکانى ڕاگەیاندندا زیادى کردووە، کە ئەمەش جێگەى دڵخۆشییە".

بەگوتەى ڕەنگین، بەپێى ڕاپرسییەکە دەرکەوتووە کە شێوازى بەشداریکردنى ژنان لە بەرنامە و پڕۆگرامەکاندا بەشێوەیەکە کە زیاتر بەرنامە کۆمەڵایەتى و تەرفیئیەکانیان پێ پێشکەش دەکەن و بەرنامەى سیاسیى لە پلەى دووەمدایە.

گوتیشی: "ڕاپرسى دووەمان تایبەتە بە ئاستى بەشدارى ژنان لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان کە لە سنوورى پارێزگاى هەڵەبجە بەپێى ئەو ئامارەى کە وەرمان گرتووە لە ئێستە لەناو پارێزگاى هەڵەبجە (٣٠) ژن لەناو دەزگا ڕاگەیاندنەکانى وەک (ڕادیۆ، تەلەفزیۆن، وێب تیڤى) کارى ڕۆژنامەنوسى دەکەن".

ئاماژەشی بەوەدا: " لەم 30 ژنە، 22 کەسیان وەڵامى ڕاپرسییەکەى ئێمەیان داوەتەوە و لە راپرسییەکەدا پرسیارمان کردووە لەسەر ئەو کارەى هەڵیان بژاردووە بە دڵى خۆیانبووە یاخود نا؟ بەپێى وەڵامەکان بەشێکى زۆریان کارەکانیان بۆ دیارى کراوە واتە پیان گوتوون ئەو کارە بکەن نەک ئەوەى بە دڵى خۆیان بێت".

لە بارەى هەبوونى توندوتژى بەرامبەر کچان و ژنانى ڕۆژنامەنووس رایگەیاند: "توندوتیژى هەیە، بەڵام تەحەڕووش کەمە، توندوتیژییەکانیش بە جۆرى جەستەیى زۆر کەمە، بەڵام توندوتیژى زارەکى و توندوتیژى دەروونى زۆر زۆرە".

ئەوەشى خستەڕوو: "لە ڕاپرسییەکەدا پرسیارێکى دیکەم کردووە کە ئایا بەرەوپێشچوون هەیە لە کارەکانتاندا؟ ئەوەى کە جێگەى خۆشحاڵییە دەزگاکان هاوکارن بۆ بەرەوپێشبردنى ژنان و هاوکاریان دەکەن بۆ بەرەوپێشبردنى کارەکانیان".