كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئومێد خۆشناو: رێگە بە کەس نادرێت یاری بەبازاڕ بکات و نرخی خۆراک و پێداویستی هاووڵاتییان گران بکات

 

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و دوخی بازاڕ ئەنجامدرا و پارێزگاریش هەولێر دەڵێت: "ڕێگە بە هیچ کەس نادرێت یاری بەبازاڕ بکات و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر هاوڵاتییان گران بکات".

بەپێی راگەیاندراوێكی پارێزگاری هەولێر، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 21/4/2022، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار، لە دیوانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەئامادەکارییەکان بۆ پێشوازی لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و دوخی بازاڕ لەگەڵ لیژنەکانی چاودێری بازاڕ، کشتوکاڵ، بازگەکان ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا، کەهەریەک لە قائیمقامی ناوەند و یاریدەری پارێزگار و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ و ئەندامانی دیکەی لیژنەکان ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لەسەرجەم لیژنەکان کرد بۆهەموو ئەوکارانەی لەماوەی ڕابردوودا ئەنجامیانداوە، پاشان بەووردی باس لەو ڕێشوێنانە کرا کە پێویستە لەمەو بەدوا لەلایەن لێژنەکانەوە بگیرێتەبەر.

بەپێی راگەیاندراوەكە، لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر دووپاتی لە لیژنەی چاودێری بازاڕ کردەوە بەر لە جەژن بەردەوامبن لە چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەلو پەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و ڕێگە بە هیچ کەس نەدرێت یاری بەبازاڕ بکات و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات، هەرکەسێک سەرپێچی کرد ئیجرائاتی تووندی لەگەڵ بکرێت.

پاشان گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک سەبارەت بە پرۆژەکانی کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵی لەسنووری پارێزگای هەولێر کرا و تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی کشتوکاڵ وەک سەرچاوەیەکی گرنگی ئابووری و بەردەوامبوونی ئەم کەرتە لەبەرهەمهێنان.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، لەکۆتایدا پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و گرنگی بازگەکانی دەروازەی شاری هەولێر، لەنیشاندانی سیمای جوان و سەردەمیانەی هەولێر لە میوانداری و میواندۆستیدا و جەختی لەوەکردەوە کە "تابۆیان دەکرێت بەتایبەتی بۆ رۆژانی جەژن کە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی هەولێر دەکەن ئاسانکاریان پێشکەش بکرێت و لەپێشوازیکردنی میوان و هاووڵاتییان ڕێز لەهەموو ئەوخەڵکانە بگیرێت کە دێنە نێو هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان".