هەنگاوە ستراتیژییەكانی سەرۆك وەزیران و كاردانەوەی بەكرێگیراوان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
ھۆگر نێروەیی 21/04/2022

هەنگاوە ستراتیژییەكانی سەرۆك وەزیران و كاردانەوەی بەكرێگیراوان

مەسرور بارزانی بە کاڵای وزە، ئامانجیەتی نەخشەی سەد ساڵ پێش ئێستا بگۆڕێت کە لە جیھانی ئەمڕۆدا سەرچاوەکانی وزە (نەوت و غاز) نەک تەنیا دوو کاڵای ئابووریین، بەڵکوو کاڵای سیاسی و ستراتیژیین، کاڵای سەربازی ئەمنی و ئاسایشن، کاڵای سەربەخۆیین، کاڵای ھەر شتێکن کە تۆ لە خەیاڵدا ناتوانی بەدەستی بھێنیت بەم سەرچاوەیە دەتوانی بەدەستی بھێنیت بە زیادەوەش.

پێش سەدەیەک، لەلایەن کۆلۆنیالیزمی فەڕەنسی و بەریتانی، نەخشەی جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکە گۆڕا، دوای کۆتایی پێھێنانی ھەژموونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، چەند دەوڵەتێک دروست کران لە ناوچەکە بەبێ خواستی نەتەوەکانی ناوچەکە، کورد لەو نەخشەیەدا لەدەرەوەی ھاوکێشەکە بوون، بێ ئاڵا و خاک کران، بێ ناونیشان و شوناس کران! ھەتیو کران و دەربەدەر کران ئەمپەڕ و ئەوپەڕی لێ تاریک کرا.

ئەودەم سنوورەکانی چوار وڵاتان لەسەر نەفەسی كورد دانران بۆ ئەوەی بخنکێنرێت، کۆلۆنیالیزمی فەرەنسا و بەتایبەتیتر بەریتانیا، ئامانجی ئاشکرایان گەشە و ئاوەدانی و بەرقەرارکردنی ئارامی بوو لە ناوچەکە، ھەروەھا بەرژەوەندیی شاراوەشیان کۆنترۆڵی نەوت و غاز کە دوو جەمسەری وزەن، کە ھەر دەوڵەتێک بیەوێت حوکمڕانی لە جیھان بکات، بەبێ کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی وزەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست نابێت.

مەسرور بارزانی بە کاڵای وزە، ئامانجیەتی نەخشەی سەد ساڵ پێش ئێستا بگۆڕێت، کورد لە قەتیسکردنی ناوچەکە (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) کە ئاڵۆزترین ناوچەیە بھێنتە دەرەوە و بکرێتە یەکەیەکی سەرەکی لە ھاوکێشەکانی سیاسەتی نێودەڵەتی، بە ڕاشکاوانە گوتی: سەد ساڵە ناوچەکە ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە.

بە دڵنیایەوە نەیارەکان، ئەو بەرەپێشچوونەی کوردیان پێ ھەرس ناکرێت، بۆیە چاوەڕێ بووم دوێنی لە ھەواڵی بەپەلەی جیھاندا، نەیارانی كوردستان و ئەم هەنگاوانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لەندەن شتی خراپتر لەو گێرەشێوێنییە بكەن، کە ئەوەیان پێ نەکرا، ئیتر ھەندێک گوێلەمست و بەکرێگیراوانی خۆیان بەکارھێناوە تا دژی کاروانی سەیارەی سەرۆک وەزیرانی كوردستان ئەوە بكەن كە كردیان.

ئاخر دوژمنان و نەیارانی كورد و كوردستان و جاشە بەكرێگیراوەكانیان، چۆن پێشڤەچوونەی هەرێمی كوردستانیان پێ هەرس دەکرێت کە ھەتا دوێنێ بەریتانیا کوردی کردووەتە دەرەوەی ھاوکێشەکە و نەیانھێشت کورد ھەست بە ھەبوونی خۆی بکات، بەڵام ئەمڕۆ کووچە و کۆڵانی هەمان ئەو بەریتانیایە بە ئاڵای کوردستان دەڕازێنرێتەوە؟ ئەوانە چۆن چاویان بەرایی دێ كە پێشوازیی شاھانە و بێوێنە لە سەرۆک وەزیرانی کوردستان بكرێت؟

بەریتانیا ھەڵەی ساڵانی رابردووی خۆی زانیوە کە دەبینێت دوای سەدەیەک ناوچەکە ئاڵۆزییەکانی زیاتر بوون، گەشەی نەک ھەر بەرەو پێشەوە نەچووە، بەڵکوو خراپتر بووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو ھەڵەیەی کە دوێنێ کرا، ئەمڕۆ بەریتانیا دەیەوێت یەکەی سەرەکیی ھاوکێشەکان بگۆڕێت بۆ ئەوەی ھەندێک یەکەی فەرمی سەرلەنوێ لەدایک ببن.

لە سەروبەندی شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا، کە قەیرانێکە بەرۆکی ھەموو جیھان گرتووە، جیھان بە گشتی و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، لەبەردەم گۆڕانکاریی گەورە و حەتمیدایە، لەم گۆڕانکارییانەدا گەر کورد یاریزانێکی لێزان نەبێت دەکرێتە خەڵووز بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە دەکرێت، بەڵام گەر یاریزانێکی لێزان بێت لەسەر ئەو ھەموو فشارانەی لە ناوخۆ و لە دەرەوە دەکرێتە سەر، پشکی شێری گۆڕانکاریی بەردەکەوێت و خۆی دەبێتە یەکەی سەرەکیی گۆڕانکارییەکان و نەخشە بە دڵی ئەو دادەڕێژرێت.

کە سەرۆکی حکومەت لە ئیمارات و قەتەر و بەحرەینەوە بەرەو تورکیا دواتر بەریتانیا ھەنگاوی نا، بۆ ئەوەی ھەم بەشێك لە خواستی ئەورووپا و جیھان پڕ بکات بۆ غازی سروشتی، ھەم بتوانێت پێشوەختە کورد ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی خۆی گۆڕانکاری بە ھاوکێشەکان بکات نەک گۆڕانکاریی پێ بکرێت و لەدەرەوەی ھاوکێشەکان بێت.

سەرۆکی حکوومەت خاوەنی روئیا و دوربینی و ستراتیژیەتێکی ڕوون و چەسپاو و نەگۆڕە، کە دەستبەردار نەبوونی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانی گەلی کوردستانە و سازش نەکردن لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. ھەروەھا بە گرتنەبەری ڕێگایەکی سەخت کە پڕە ئالینگاری و کۆسپ و بەربەست، بە هەبوونی ئیرادەیەکی بەھێز و جدی کە کەس ناتوانێت لەو ڕێگایە پاشگەزی بکاتەوە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ھەموو ھەڵانەی لە ڕابردوو کراون، و بە سیستەمکردنی ھەرێمی کوردستان بردنەوەی سەر سکەی ڕاست و سەلامەت بۆ داھاتوو.

جیھان و ئەورووپا، ھەنگاوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دنیابینیی سەرۆکی حکوومەت بۆ دەرەوە بە ئەرێنی و ئایندەکی ڕووناک لێ دەڕوانن، پێشوازییەکی شاھانەی لێ دەکەن، وەکوو سەرۆک وڵاتێکی زلهێز لە ناوچەکە نەک ھەرێم، ئەوانیش با ھەر لەدەوری خۆیان بخولێنەوە کە ئاراستە دەکرێن، جارێک بە مووشەکەوە دەیگرن، جارێک بە ڕاپۆرتی پڕ لە چەواشەکاری، ئێستاش بە گێرەشێوێنی لە شەقامێكی ئەورووپا، مرۆڤی کەم ھەر بە شتی کەمەوە دەیگرێت و بە کەم ڕازیە، سەرۆکی حکوومەتیش بەرەو لوتکە و لوتکەی بەرزتر ھەنگاو دەێت.