شێف ڕێكان: سینییه‌ تایبه‌ته‌كانمان زاوا و خه‌زووره‌كانی لای یه‌ك خۆشه‌ویست كردووه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

شێف ڕێكان: سینییه‌ تایبه‌ته‌كانمان زاوا و خه‌زووره‌كانی لای یه‌ك خۆشه‌ویست كردووه‌

لە كۆڵانێكی پشت شەقامی باتای بەرامبەر قەڵا، ٢٢ ساڵە كار دەكات، سەرەتا وەك قاپشۆر، دواتر وەك چێشتلێنەر و شێف، ئێستا خواردنگەكەی بەناوی خۆیەتی و رۆژانە ١٦٠ كیلۆ برنج دەفرۆشێت، ئه‌و كه‌سه‌ شێف رێكانە.

رێكان عوسمان حەسەن، لە دایكبووی ١٩٨٨ی هەولێرە، نزیكە ٢٢ ساڵە لە چێشتخانە كار دەكات و ١٧ ساڵە خۆی چێشتلێنەرە، رۆژانە نزیكەی هەشت جۆر شلە، سێ جۆر برنج و چەندین جۆر گۆشتی سوور، مریشك، كەڵەباب، قاز، هەندێجار كۆتر و ریشۆڵە، جەرگوهه‌ناو، جەرگی مریشك و قاز ئامادە دەكات، بۆ (باسنیوز)، ئاماژە بەوە دەدات، كە زۆر خواردن هەیە، لە چێشتخانەی دیكە نییە، ئەو هەیەتی و دەڵێت: ”سەرەتا من برنجی كوردیم دانا، دواتر خەڵك و چێشتخانەكانی دیكە ئامادەیان كرد“.

وەستا رێكان، لە سۆشیاڵ میدیا زۆر چالاكە، زۆربەی جار باسی زاوا و خەزوور دەكات، وەك باس دەكات زۆرجار زاواكان دێنە لای و دەڵێن خەزوورانمان داوەت كردووە، شتێكی باشمان بۆ بكە ”زۆر زاوا دێن، دەڵێن وەستا خەزوورمان داوەت كردووە، ئەمنیش سینییەكی VIP بۆ دادەنێم، دەڵێم ئیشی خۆت بەخاوێنی بكە، خەزووریش هاتووە و دەڵێ زاوام داوات كردووە، خواردنێكی باشم بۆ بكە“.

ئەو شێفە دەشیخاتەڕوو، كە دوورترین دلیڤەری بۆ شاری سلێمانی و كەركووك، دەڤەری بارزان و شارۆچكەی شەقڵاوە بووە، خواردنەكانی بە دلیڤەری دەڕوات، سێنییەك خواردنە، كە شێف رێكان خۆی دایهێناوە، سەرەتا بە ٣٥ هەزار بوو، دواتر هەرزانی كرد، بۆ ٢٥ هەزار، پاشان سێنی بچووكتری دروست كرد، كە بە ١٥ هەزار دینارە، سێنییەكە لە برنجی كوردی، برنجی ئاسایی، ساوار و بریانی پێك دێت، گۆشتی قەلیە، مریشك و  بەرخۆڵەی لەسەرە، شەش جۆر شلەیە ”خەڵكیش هەیە، دەڵێ كەڵەباب و قازیش دابنێت، یەكەم كەس بووم لە هەولێرێ ئەو خواردنەم داهێنا، ئێستا زۆر كەس ئەو كارە دەكات“.

رۆژانە نزیكەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ سێنی تەنیا بۆ ماڵان ئامادە دەكات، زۆر كەس پێی گوتووە خواردنت لە هی خێزانەكەم خۆشترە، ”كڕیار هەبووە گوتوویەتی وەستا رێكان زاوای من بوایەی، تەنیا خواردنت بۆمان لێنابایە“.

خواردنگەكەی رێكان، بچووكە و دەكەوێتە شوێنێكی باریكه‌وه‌، بەڵام ئەو ئامادە نییە شوێنەكەی بگۆڕێت، بەپێی قسەی خۆی لەسەرەتا بەر لە ٢٢ ساڵ لەو چێشتخانەیە وەك قاپشۆر كاری كردووە، دواتر بووەتە شێف، پاشانیش چێشتخانەكە بووەتە موڵكی خۆی، دەشڵێت: ”چێشتخانەكەم لەنێو دوكاندار و چینی هەژارە، نرخەكانیشم جیاوازە، كەسێك داوای سادەش بكات، من چەند پارچە گۆشتێكی بۆ دادەنێم، داوای (عەوازە)ی زیاتر بكات، بۆی دادەنێم، هەیە پارەی لا نییە، دەڵێم بەیانی وەرەوە، یان كەی پارەت پێ بوو بیدە، ئەوەی بێت و رەتی ناكەمەوە، كاتێك ڕه‌وشی مووچە  خراپ بوو، نرخم دابەزاند و و رامگەیاند توێژی فەرمانبەر، بەتایبەت پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ، دەتوانن نان بخۆن تا ئەو كاتەی مووچە دێت، ئینجا پارە بدە“.

وەستا رێكان، پێی وایە، بوونە شێف ئاسان نییە، ده‌ڵێ: ئێستا خەڵك زۆر ناویان لەخۆناوە شێف، كەچی وەستایەكی سووری، یان تورك و بەنگلادیشی هێناوە، خواردنی بۆ ئامادە دەكات، ”شێف ئەوەیە لە قاپشۆری و مەنجەڵ شۆرییەوە دەستی پێكردبێت، نەك كەسێك پارەی هەیە، شێفێكی بیانی هێناوە و چێشتخانەیەكی داناوە، دەڵێت من شێفم، بۆیە داواكارم حكوومەت رێگە بەوانە نەدات و مۆڵەتیان نه‌دانێ، تا خواردنی كوردەواری نەشێوێت و بیانی ئامادەی نەكات“.

ئەگەرچی خۆی شێفە، خواردنەكانی دیارن، رۆژانە نزیكەی ٧٠٠ بۆ هەزار كەس خواردنی لا دەخوات، بەڵام كێشی خۆی ٥٧ كیلۆیە، ئەوە دەخاتەڕوو، كە زۆر دەخوات، بەڵام بەهۆی ماندووبوونەوە لاوازە، چونكە خۆی بازاڕ دەكات، رۆژانە نزیكەی هەشت جۆر شلە، سێ جۆر برنج ئامادە دەكات، بەیانیان كاتژمێر ٥ دێت و تا حەوتی ئێوار دەمێنێتەوە، نزیكەی ١٦٠ كیلۆ برنج، ٨٠ كیلۆ باینجان، ٥٠ كیلۆ فاسۆلیا، ٣٠ كیلۆ قیمە بۆ شلەی قیمە، ئامادەكات.

No description available.

 

No description available.

 

No description available.

No description available.