داوا دەکرێت سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ چوار ساڵ زیندانی بکرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

داوا دەکرێت سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ چوار ساڵ زیندانی بکرێت

داواکاری گشتیی ئەنادۆڵ لە تورکیا داوا دەکات ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ، بە چوار ساڵ و یەک مانگ زیندانی بکرێت بە تۆمەتی ئەوەی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31/3/2019، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان هێرشی توندی کردووەتەوە سەر کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بۆیە داواکاری گشتی داوای سزادانی دەکات بە چوار ساڵ و یەک مانگ.

دوای ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31/3/2019ی هەڵوەشاندەوە و هەڵبژاردن لە ئیستانبوڵ دووبارە ئەنجام درایەوە، ئەوکات ئیمامئۆغلۆ گوتی: ''ئەوانەی وایان کرد کە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕەت بکرێتەوە ئەحمەقن''.

کەمال پۆڵات، پارێزەری تایبەتی ئیمامئۆغلۆ، ئاماژە دەدات هەر سزایەکی ئیمامئۆغلۆ بدرێت، لە ڕووی یاساییەوە قبوڵکراو نییە.

ئەو دەڵێت: ''چەندین جار ئیمامئۆغلۆ گوتوویەتی کە لەو گوتەیەیدا مەبەستی کۆمیسیۆن نەبووە، بۆیە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە هیچ ڕاگەیەندراوێک بڵاو نەکراوەتەوە دژی ئیمامئۆغلۆ، تەنیا میدیاکانی سەر بە دەسەڵات ئەو بابەتەیان قۆستووەتەوە و تەفسیری بۆ دەکەن''.

لەبارەی بەکارهێنانی وشەی (ئەحمەق)، پۆڵات ڕوونی دەکاتەوە، کە ئیمامئۆغلۆ ئەو گوتەیەی گوتووە و گوتەکەشی ڕووبەڕووی وەزیری ناوخۆی تورکیا کردووە، نەک کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا.